كابینەی نۆ پێشمەرگەی بێ ئومێد کرد!

1443 جار خوێندراوەتەوە کات10:54 بەروار12-07-2019
كابینەی نۆ پێشمەرگەی بێ ئومێد کرد!

لقمان حەمەد مەڕان

ئەگەرچی پێشمەرگە بەدرێژای مێژوو ئەو هێزەبووە کە لەپێناو گەل و نیشتیمان گەورەترین قوربانی داوە وپارێزەری ڕاستەقینەی نیشتیمان بووە،  بەشێک لە سەرۆک و سەرکردەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان ڕۆژگارێک پێشمەرگە بوون یان ناسناوی پێشمەرگەیان لە خۆیان ناوە بگرە لە هەموو کۆڕو کۆبوونەوەکان دەڵێن ئێمە پێشمەرگەی ڕاستەقینە دەبین یان وەک پێشمەرگە کار دەکەین؛ بەڵام لە دوای ڕاپەرین و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوشارەکان و ئازادکردنی بەشێکی خاکی کوردستان بەڵێنی سەرکردەکان ئەوەبوو کە پێشمەرگە دەکەن بە هێزیکی نیشتیمان و هێزیکی یاسایی کە هی هەموو كه‌سێك بێت هەموو کەس بە هێزی خۆیانی بزانن، هەر زوو هێزە سیاسیەکان دەستیان کرد بەیەکخستن لە چوارچێوەی هێزیکی نیزامی، بەڵام زۆری نەبرد ئەم هێزە بەهۆی ناکۆکی سیاسی دووبارە دابەش بووە بەسەر چەند هێزیکی سیاسی دوای بەکارهێندرا لە کێشە سیاسیەکان و هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە لە شەڕەکانی ناوخۆ کرانە قوربانی.

هەرکاتێک کورستان مەترسی لەسەر بوو بێت، تاکە هێز کە جێگای ئومێدی خەڵکی کوردستان بووبێت کە ووڵات لە مەترسی بپارێزێت، ئەوە هێزی پێشمەرگە بووه‌ لەگەڵ سەرهەڵدانی مەترسیەکانی تیرۆرستان؛ چ جوندولئیسلام بێت یان هێزه‌ تیرۆرستەکانی بوو بێت لە سنوەرکانی کوردستان تا دەگاتە شەڕی نەگریسی  داعش لەگەڵ پەیدابوونی داعش و پەلاماری ئەم هێزە بۆ سەرخاکی کوردستان پێشمەرگە وەک هێزیکی کاریگەر بەرەنگاری داعش بوونەوە لە شەڕێکی نزیکەی چوارساڵی دا پێشمەرگە توانی سەرکەوێت بەسەر داعشدا بە پاڵپشتی هێزە ئەمنیەکانی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان.

ئەو خۆڕاگری و ئازایەتیه‌ وای کرد لە هەموو جیهاندا خەڵک ئاشنای ناوی پێشمەرگە بن و ناوی پێشمەرگە بوو بە نازناوی کورد، لە سایەی پیشمەرگە بەشێکی زۆری سەرکردەکانمان هەر ڕۆژە و لەوڵاتێک یان هەرڕۆژە و لە کۆشکێک بانگێشت و پێشوازیان لێدەکرا ئەوەش بەناوی فەرماندە و سەرکردەی پێشمەرگەوه‌،  ئەمه‌ش وای لەسەرکردەکانی ئێمە دەکرد کە بەرداوام ئەوەیان دەوته‌وه‌ و دەبێت لە دوای شەڕی داعش گەورەترین پاداشتی پێشمەرگە بکەینەوە هەر ساڵێکی شەڕی داعش بە دووساڵ هەژمار بکرێت بۆ خزمەتی پێشمەرگە یان بە پلە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام شەڕی داعش کۆتای هات نەک ساڵێک بە دووساڵی خزمەت هەژمار نەکرا بەڵکو چوار ساڵی شەڕی داعش بەساڵێکیش هەژمار نەکراو نەک بە پلە قەرەبوونەکراینەوە بەڵکو پلەکانی خۆشمان لێ ڕاگیراوە.

لەلایەکی تر دەیانگوت قەیرانی دارایي تەواو بێت حکومەت پێکبێت ئەوە بڕگەیەکی بەهێز لە بەرنامەی حکومەت چاککردنی ژیانی پێشمەرگە دەبێت، بۆیە هەموومان ئومێدمان لەسەر کارنەمای کابینەی نۆ هەڵچنی بوو، بەڵام ئەوەی جێگای داخە لە کارنامەی کابینەی نۆ وەک پێویست ناوی پێشمەرگەی تێدانیە.

بۆیە ڕووی دەمم لە بەڕێزان سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی  حکومەت دەکەم و پێيان دەڵێم ئێوە هەردووکتان کوڕی پێشمەرگەن و دەبوو لە ماندوو بوونی باوکتانەوە ماندوو بوونی ئێمەتان لەبەر چاو بێت.

ڕووی دەمم لە هەردوو فەرماندەو پێشمەرگەی دێرین کاک مسعود بارزانی و کاک کۆسرەت دەکەم بەو پێیەی جەنابتان سەرکردەی دوو هێزی گەورەی کوردستانن و خاوەنی زۆررترین هێزی پێشمەرگن و هەردووکتان ڕۆژگارێک پێشمەرگە بوون ئەرێ کام خاڵی کارنامەی حیزبەکانتان کە بۆ حکومەتان داڕشتووە باسی ژیانی ئێمەی پێشمەرگە دەکات.

دەپرسم هەمووتان دەڵێن ئێمەش پێشمەرگەین بەڵام حکومەتێک نزیکەی دەمانگی خایەند تا تەشکیل بوو سەدان کۆبوونەوەتان کرد بەڵام بە وشەیەکیش نەتان توانیوە باسی چاککردنی ژیانی ئێمەی پیشمەرگە بکەن.

بەهیوام پەیامی منی پێشمەرگە بگاتە ئێوەی پێشمەرگە، بۆئەوەی ئاوڕێک لە ژیانی ئێمە بدەنەوە و لەپاڵ ئەرکێکی زۆر با مافێکی تاڕادەیەک باشیش مان هەبێت، چونکە باشکردنی ژیانی  پێشمەرگه باشکردنی ژیانی هەموو کۆمەڵگەی کوردیيە لەباشور، چونکە ئەستەمە ماڵێک هەبێت لەباشور پێشمەرگەیەکی نەبێت بۆیە بە باشکردنی ژیانی پێشمەرگە ژیانی هەموومان چاک دەبێت.

تێبینی: تەنها لە دووشوێن  زۆر بە لاوازى باسی پێشمەرگە کراوە ئەویش لە خاڵی پێنجەم کە دەڵێت  کاردەکەین لەگەڵ حکومەتی عیراق بۆدەستەبەرکردنی مافی پێشمەرگە  وەک بەشێک  لە سیستەمی بەرگری عێراق و لە خاڵی دوانزەش دەڵێت کار دەکەین  بۆ یەکخستن و ڕێکخستن و بەسیستەم کردنی هێزی  پێشمەرگە.