61ساڵ بەسەر كۆتایی هاتنی سیستمی پادشایەتی لە عیراقدا تێدەپەڕێت

92 جار خوێندراوەتەوە کات09:44 بەروار14-07-2019
61ساڵ بەسەر كۆتایی هاتنی سیستمی پادشایەتی لە عیراقدا تێدەپەڕێت

راچڵەكین-

ئەمڕۆ 14ی تەمووزی 2019 ، شەست و یەك ساڵ بەسەر شۆڕشی 14ی تەمووز تێدەپەڕێت كە تیایدا كۆتایی بەسیستمی پاشایەتی لە عیراقدا ھێنرا.

لە رۆژی 14ی تەمووزی 1958 سیستمی حكوم لە عێراق لە پاشایەتیەوە گۆڕدرا بۆ كۆماری، ئەمەش بە شۆڕشی 14ی تەمووز ناسراوە لە نێو عێراقییەكاندا، بەڵام بەشێك لە مێژوونووسان بە جوڵانەوە و بەشێك بە كودەتای پێناسە دەكەن.

لە دامەزراندنی حكومەتی عیراقیەوە لە ساڵی 1921 سستمی حوكمڕانی پاشایەتی بوو. تاوەكو شۆڕشی ساڵی 1958 . خەڵك لە سیستمی پاشایەتی لە عیراقدا بێزاربوون، بۆ كۆتایی ھێنانیش بەم بارودۆخە ھاووڵاتیانی عیراق بڕیاریاندا لەچوارچێوەی پارت ‌و رێكخراوە سیاسییەكان كار بۆ لەناوبردنی رژێمی پاشایەتی بكەن‌ و لەلایەكی تریش ھەوڵی رزگاركردنی عێراق بدەن لە چنگی داگیركاری بەریتانیا.

بۆ ئەم مەبەستەش ئەفسەرانی سوپا بڕیاری پێكھێنانی رێكخراوێكیان دا بەناوی رێكخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز، كە بە نھێنی لەلایەن عەبدولكەریم قاسمەوە سەركردایەتی دەكران.

دواجار لەبەرەبەیانی 14ی تەمووزی 1958 ئەم شۆڕشە بە سەركردایەتی عەبدول كەریم قاسم و عەبدول سەلام عارف ئەنجامدراو لەدوای كۆنترۆڵكردنی فەرماندەیی گشتی سوپا،بارەگای رادیۆو بەدالەی مەركەزی تەلەفۆن لەلایەن هێزەكانی لیوای 20ی سوپای عێراق بە پشتیوانی ئەفسەرە نیشتمانییەكان یان ئەفسەرە ئازادیخوازەكان، لەهەمان رۆژدا یەكەم بەیاننامەی راگەیاندنی كۆماری عێراق بڵاوكرایەوە لە رادیۆی عێراق.

 

بەیاننامەی‌ ژمارە1

عەبدولسەلام عارف ،بەناوی‌ فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەكانەوە بەیاننامەكەی‌ خوێندەوه ‌‌و تێدا روخاندنی‌ رژێمی‌ پادشایەتی ‌‌و دامەزراندنی‌ رژێمی‌ كۆماری‌ لە عێراق راگەیاند.

هەر لەبەیاننامەكەدا سەرۆكایەتی‌ وڵات رادەستی‌ ئەنجومەنێكی‌ سەرۆكایەتی‌ كرا كە دەسەڵاتی‌ سەرۆك كۆماری‌ هەبێت تا ئەو كاتەی‌ راپرسی‌ دەكرێت ‌و سەرۆك هەڵدەبژێردرێت.

بەبیستنی‌ ئەم هەواڵە هاوڵاتیانی‌ عێراقی‌ ‌و بەتایبەتیش ئەوانەی‌ نەیاری‌ رژێمی‌ پادشایەتی‌ بون، دەستیانكرد بە هوتافكێشان‌ و دروشمی‌ “ئێمە سەربازی‌ تۆین ئەی‌ سەلام” یان دەوتەوە، نەتەوەییەكانیش دروشمیان بە باڵای‌ عێراقدا دەوتەوە ‌و داوای یەكگرتنیان دەكرد لەگەڵ یەكێتی‌ عەرەبیدا كە بەكۆماری‌ یەكگرتوی‌ عەرەبی‌ ناودەبرا، لەكۆتایی‌ رۆژەكەشدا گوێیان لە ناوی‌ سەركردەكانی‌ تری‌ بزوتنەوەی‌ 14 ی‌ تەموز بوو لەنێویاندا (عەبدولكەریم عارف).

شۆڕش یان كودەتا

(61) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر روداوەی‌ (14)ی‌ تەموزدا، بەڵام تائێستا لەنێوان هاوڵاتیانی‌ عێراقدا مشتومڕەكان لەبارەی‌ ناوهێنانی‌ ئەو شۆڕشە یەكلانەبوەتەوە سەبارەت بەوەی‌ ئاخۆ (14)ی‌ تەموز “شۆڕش” بوە یاخود “كودەتا”.

له ‌فەرهەنگی‌ سیاسیدا (شۆڕش) چەند پێناسەیەكی‌ هەیە، لەپێناسە كۆنە باوەكەدا كە لەگەڵ یەكەمین كڵپەی‌ شۆڕشی‌ فەرەنسیدا دانراوە، شۆڕش بەو جوڵانەوەیە دەوترێت كە تێیدا گەل بەسەرۆكایەتی‌ دەستەبژێر‌ و رۆشنبیرە پێشەنگەكانی‌ رژێمی‌ حوكم لە وڵاتدا لەرێگەی‌ هێزەوە بگۆڕێت.

تێگەیشتنی‌ هاوچەرخ بۆ شۆڕش بریتیە لەو گۆڕانكارییەی‌ كە گەل لەرێگەی‌ ئامرازەكانیەوە وەك “هێزە چەكدارەكان” یاخود لەرێگەی‌ “كەسایەتییە مێژوییەكانەوە” ئەنجامی‌ دەدات، بەمەبەستی‌ بەدیهێنانی‌ ئارەزوەكانی‌ بۆ گۆڕینی‌ ئەو رژێمی‌ حوكمەی‌ كە ناتوانێت ئارەزوەكانی‌ بەدی‌ بهێنێت، بەڵام كودەتا بە جوڵانەوەیە دەوترێت كە كۆمەڵێك ئەفسەری‌ سەربازی‌ بە سەركردایەتی‌ یەكێك لە ئەفسەرەكان پێی‌ هەڵدەستن بەمەبەستی‌ دەستگرتن بەسەر دەسەڵات‌و بەدیهێنانی‌ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی‌ خۆیان.

هەندێك لە خەڵك بەتایبەتیش ئەوانەی‌ پشتوانی‌ رژێمی‌ پادشایەتی‌ دەكەن، دەڵێن ئەوەی‌ (14)ی‌ تەموز رویدا كودەتا بوو، چونكە بەوتەی‌ ئەمان رژێمی‌ پادشایەتی‌ عێراق رژێمێكی‌ دیموكراتی‌ بوە‌و بزوتنەوەی‌ (14)ی‌‌ تەموز بەو هەنگاوەی‌ دەرگای‌ لەسەر كودەتاو حوكمی‌ عەسكەر لە عێراق كردوەتەوە، هەر بەمەشەوە ناوەستن‌و زۆرجار بەرپرسیارێتی‌ ئەو نەهامەتیانەی‌ كە دواترو لە ماوەی‌ حوكمڕانی‌ حزبی‌ بەعسدا بەسەر گەلی‌ عێراقدا هات دەخەنە ئەستۆی‌ بزوتنەوەی‌ (14)ی‌ ‌ تەموزە.

لەبەرامبەردا ئەوان پشتیوانی‌ بزوتنەوەی‌ (14)ی‌‌ تەموز دەكەن دەڵێن؛ بزوتنەوەی‌ (14)ی‌ تەموز بوەتە قوربانی‌ بەعسییەكان ‌و ئەو شۆڤێنیانەی‌ كە دواتر لە ساڵی‌ (1963) دەستیان بەسەر شۆڕشدا گرت.

هۆكارەكانی‌ تەقینەوەی‌ قەیرانی‌ حوكمی‌ پادشایی لە عێراق

لە شیكاریكردنی‌ روداوە مێژوییەكان هەمیشە ئاماژە بۆ دو هۆكار دەكرێت بۆ رودانی‌ روداوەكان، هۆكاری‌ راستەوخۆ‌و هۆكاری‌ ناڕاستەوخۆ، روداوەكەی‌ (14)ی‌ تەموزی‌ ساڵی‌ (1958)‌ی عێراقیش بێ بەش نیە لەو دوو هۆكارە:

هۆكارە ناڕاستەوخۆكانی‌ (14ی‌) تەموز

ژمارەیەك هۆكار هەبون كە بەشێوەیەكی‌ ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان هەبو لەسەر دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ (14)ی تەموز‌و روخاندنی‌ رژێمی‌ پادشایەتی‌ لە عێراق، لەوانە لەباربردنی‌ شۆڕشەكەی‌ رەشید عالی‌ گەیلانی ‌‌و شكستهێنانی‌ حكومەتە عەرەبییەكان لەجەنگی‌ ساڵی‌ (1948)ی‌ فەلەستین‌و دەركەوتنی‌ تەوژمی‌ نەتەوەیی عەرەبی‌ لەدژی‌ هەژمونی‌ بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئەمەریكا لەناوچەكەدا.

یەكێكی‌ دیكە لەو هۆكارانەی‌ كە دەوترێت بەشێوەیەكی‌ ناڕاستەوخۆ كاریگەری‌ لەسەر بەرپابونی‌ بزوتنەوەی‌ (14)ی‌ تەموز هەبوە، رێككەوتنی‌ حكومەتەكەی‌ نوری‌ سەعید بوە لەگەڵ وڵاتانی‌ خۆرئاوا لە چوارچێوەی‌ (پەیمانی‌ بەغدا) كە لەو كاتەدا وەك گرێبەستێكی‌ ستراتیژی‌ بۆ هێنانی‌ هەژمونی‌ بەریتانیا‌و فەرەنساو دواتر هێنانی‌ ویلایەتە یەكگرتوەكانی‌ ئەمەریكا بۆ دەستگرتن بەسەر سامانی‌ نەوتدا لەناوچەكە وەسفدەكرا، ئەمەش تەنها بەمەبەستی‌ وەستانەوە بەڕوی‌ یەكێتی‌ سۆڤیەتدا.

هۆكارە راستەوخۆكان

زۆرێك لەمێژونوسان لەسەر ئەوە هاوڕان كە توڕەیی‌ خەڵك لە داگیركاری‌ بەریتانیا بۆ عێراق دوای‌ روخانی‌ شۆڕشەكەی‌ رەشید عالی‌ گەیلانی‌ لە ساڵی‌ (1941) ‌و لە سێدارەدانی‌ ئەفسەرە ئازادیخوازەكان كە بەشدارییان لە شۆڕشەكەدا كردبو هۆكاری‌ سەرەكی‌ بەرپابونی‌ شۆڕشی‌ (14)ی‌ تەموز بوە.

سەرباری‌ ئەوەش هەر لەسەر ئاستی‌ ناوخۆ باس لە چەند هۆكارێكی‌ تر دەكرێت، كە كاریگەری‌ گەورەیان لەسەر بەرپابونی‌ شۆڕشی‌ (14)ی‌ تەموز هەبوە، لەوانە خراپی‌ بارودۆخی‌ گوزەرانی‌ خەڵك، ئەوەش بەهۆی‌ شكستهێنانی‌ رژێمی‌ پادشایەتی‌ لەبەدیهێنانی‌ خواستەكانی‌ خەڵك‌و دەركەوتنی‌ وەك رژێمێك كە بەستراوەتەوە بە بەریتانیاوە لەسەر حسابی‌ بەرژەوەندییەكانی‌ گەل.

هەژمونی‌ كۆمپانیا بیانییەكان بەسەر ئابوری‌ عێراقدا یەكێكە لەو هۆكارانەی‌ كە ئاماژەی‌ بۆ دەكرێت بەتایبەتیش لەبواری‌ نەوتدا كە دەوترێت بوەتە هۆی‌ داكشانی‌ ئابوری‌ عێراق‌ و هەڵاوسانی‌ نرخ‌ و گرانبونی‌ كاڵا لە وڵاتدا.

سەرباری‌ ئەوەش لەو كاتەدا رژێمی‌ عێراق لەژێر هەڵمەتێكی‌ توندی‌ راگەیاندنی‌ میسرو سوریادا بو بەهۆی‌ بەشداریكردنی‌ لە (پەیمانی‌ بەغدا) رادیۆكانی‌ قاهیرەو میسر كاریگەری‌ راستەوخۆیان لەسەر بیری‌ خەڵكی‌ عێراق دانا بو سەبارەت بە حكومەتەكەیان كە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا رێككەوتنی‌ كردبو.

دوای‌ روخاندنی‌ رژێمی‌ پادشایەتی‌‌ و راگەیاندنی‌ یەكەمین كۆماری‌ عێراق عەبدولكەریم قاسم بوو بە سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق، بەڵام زۆری‌ نەخایاند لە ساڵی‌ (1963)دا حیزبی‌ بەعس كوتادەی‌ بەسەردا كرد و عەبدولسەلام عارف بو بە سەرۆكی‌ وڵات.

دوای‌ ئەم قۆناغە ئیدی‌ سەردەمی‌ كودەتاكردن بەسەر دەسەڵات لە عێراق دەستیپێكرد‌و تا ئەو كاتەی‌ سەدام حسێن لەساڵی‌ (1979) هات‌ و تا ساڵی‌ (2003) جڵەوەی‌ دەستەڵاتی‌ بەدەستەوەبوو.