هەڤاڵ ئەبوبەكر: لەئێستاوە یەك لیتر نەوت لە سلێمانی ببڕدرێت غالب محەمەد بەرپرسیارە

1040 جار خوێندراوەتەوە کات02:34 بەروار15-07-2019
هەڤاڵ ئەبوبەكر: لەئێستاوە یەك لیتر نەوت لە سلێمانی ببڕدرێت غالب محەمەد بەرپرسیارە

راچڵەكین- 

پارێزگاری سلێمانی وەڵامی قسەكانی غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان دەداتەوەو دەڵێت، لەئێستاوە یەك لیتر نەوت لە سلێمانی ببڕدرێت ئەو پەرلەمانتارە لێی بەرپرسیارە.


هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تەمموزی 2019  لە میانی مەراسیمی "پاراستنی ئاو"، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانی لە پەرلەمانی عیراق دایەوەو وتی:" قسەكانی وەكو هەڵوێستی هاوڵاتییەك وەردەگرم، چونكە فراكسیۆنی گۆڕان و پەرلەمانیش پاڵپشتی نەكردوە."

ئاماژەی بەوەشكرد، "هەندێك كەس دەبینین بوون بە نوێنەری حكومەتی عیراق بەرانبەر هەرێمی كوردستان، پەیوەست بە سوتەمەنی دوێنێ كۆمەڵێك تۆمەتمان بۆ دروستكرابوو، بەڵام هیچ نەوتێك بەناوی ئاوارەكانەوە نەهاتووە بۆ سلێمانی و لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی لە وەرزی زستاندا نەوتمان بۆ ئاوارەكان و زیانلێكەوتوانی بناری قەندیل و باڵەكایەتی كڕیوە.

وتیشی، لەبارەی  گاز و بەنزینیش، كە بۆ ئاوارەكان نەهاتوە، بەڵكو بۆ ئەو فەرمانگانەیە كە خزمەت بە ئاوارەكان دەكەن و لەسەر بودجەی خۆمان كڕدراوە و دەبێت بە پارەی نەختینە بیگەڕێنینەوە بۆ بەغدا.

هەڤاڵ ئەبوبەكر جەختی لەوەشكردەوە، بەشانازییەوە یەك لیترمان بەهەدەر نەداوە، لە پێنج ساڵی رابردودا یەك لیتر نەوت لە سلێمانی دابەش نەكراوە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە نەوتیان بۆ دابین بكەین و لە پارێزگای هەڵەبجە ماڵی سێ بەرمیل نەوتی وەرگرتوە، لە ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانیش هەڵمەتی دابەشكردنی نەوت ئەنجامدراوە.

رونیشیكردەوە،، ئەمڕۆ هەموو ئامارەكان بڵاودەكەنەوەو سەرجەم كارەكان بەهەوڵی پارێزگاری سلێمانی بوە، نە پەرلەمان و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارنەبون.
هەڤاڵ ئەبو بەكر ووتی: "پێویستە ئێمە سوپاس بكرێین نەك بە سوكایەتی سەیری ئیشەكانمان بكرێت."

هەروەها پارێزگاری سلێمانی تەئكیدی لەوەشكردەوە، هەر كەسێك ئامارو داتای وردی دەوێت، هەمووی دەخەنەبەردەستی بەمەرجێك بۆ موزایەدەی سیاسی بەكارنەهێنرێت.

وتیشی "لەئێستاوە یەك لیتر سوتەمەنی سلێمانی كەمبكرێتەوە یان لە وەرزی دابەشكردنی سوتەمەنی لە نەوتی سپی لێمان ببڕن، ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە لێی بەرپرسیارە، نە بەرهەمە نەوتیەكان لێی بەرپرسیارە نە ئێمە و نە پەرلەمانتارەكانی تر."


پارێزگاری سلێمانی ئاشكراشیكرد،"تائێستا ئەو بەڕێزە نەهاتوە بۆ لامان كە نوێنەرایەتی دوو ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی دەكەین تا بزانێت كێشەكانی سلێمانی چین؟ بۆچی سوتەمەنی بۆ شارەكانی تر دەڕوات و بۆ سلێمانی نایەت؟. تەنیا نوسراوێكی رادەستكردوین.

ئەوەشی ڕوونكردەوە، وەزارەتی نەوتی عیراقی رایسپاردوین ئەو رێژانەی دەینێرێت هەمووی بڵاودەكەینەوە، ئەمە شتێكی ئیداریە و رەزامەندی حكومەتی عیراقمان نییە هەتاكو داتاكان بڵاوبكەینەوە.