رێبوار كەریم وەلی: پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە

3364 جار خوێندراوەتەوە کات02:51 بەروار15-07-2019
رێبوار كەریم وەلی: پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە


راچڵەكین-

نووسەروو رۆژنامەنووس رێبوار كەریم وەلی كە وتاری هەفتانەیدا لە رۆژنامەی رووداو ئاماژەی بەوەداوە كە، ئەوەی لە دەرەوەڕا دەبینرێ، ئەوەیە كە پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە نەك جێگۆڕكێی كارەكتەرەكان.


رێبوار كەریم وەلی نووسیوویەتی: بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی ئەو حكومەتە كە رۆژی 10ی مانگ لەلایەن سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانییەوە راگەیەندرا، ئەگەرچی بەرنامەی هاوبەشی هەموو حزبە بەشداربووەكانە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام روانگای پارتی بەسەریدا زاڵە. روانگای پارتیش بۆ حوكمڕانی تەنها پەیوەست نییە بە حكومەتی هەرێمەوە، بگرە روانگایەكی ستراتیژییە بۆ ئیدارەدانی پارتیش لە داهاتوودا كە ئێرە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. ئەگەر ئەم روانگایە، بەو ستاف و بەرنامەیەوە سەربگرێ، ئەوە بۆ ئاییندەی پارتیشە كە ساڵانێكە كاری بۆ دەكرێت.

ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەشداوە: كابینەی نۆیەمی حكومەت وەكو میلادێك وێنا دەكرێت كە هیچ رەبتێكی بە رابردووی حوكمڕانیی پارتییەوە نییە. رێك وەك ئەوە وایە كە تازە پارتی حوكمی گرتبێتە دەست. وەك ئەوە وایە كە پارتی قەت لە كۆی 8 كابینە، سەرۆكایەتی 5 كابینەی نەكردبێت و 12 ساڵیش سەرۆك بارزانی، لە لووتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا نەبووبێت، وەك ئەوە وایە كە قەت لیژنەی جیاجیا بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و چاكسازی و پاكسازی پێكنەهێنرابێت و گەندەڵیش نەكرابێتە فەرهەنگ، چونكە فەرهەنگسازی لە سەرەوەڕا دەكرێت!

روونیشی كردووەتەوە كە، "لە پشكی پارتی لە حكومەتدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، گوازراوەتەوە بۆ ناو حكومەت و لە پێناو راگرتنی باڵانسی ناوچەییش، كارەكتەرەكانی كابینەكانی پێشوو بەلاوە نراون. لە كاتێكدا حكومەتی نوێ دوو كەسی بە پلەی وەزیر تێدایە كە هیچیان قۆناغی ناوەندیشیان تەواو نەكردووە، بەڵام بە ئەمری واقیع و تەحەددای پێكهێنانی حكومەت، بە ناچاری قەبوڵكران".

دەشنووسێت: "پارتی غەدر لە خۆی دەكات ئەگەر بیەوێ ئەو كابینەیە وەكو میلادێك وێنا بكات، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ دەستی كەوتووە بەرهەمی رابردووە، بەرهەمی هەستانەوەی دوای ریفراندۆمە و بەرهەمی كرانەوەی دەرگاكانی دنیایە بەسەر كوردستاندا. كەچی ئەوەی لە دەرەوەڕا دەبینرێ، ئەوەیە كە پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە نەك جێگۆڕكێی كارەكتەرەكان.
 
بۆ خوێندنەوەی تەواوی وتارەكە كلیك لێرە بكە..