ئاگاداری ئەو بەرنامەیە بن کە پیرتان دەکات

160 جار خوێندراوەتەوە کات08:57 بەروار18-07-2019
ئاگاداری ئەو بەرنامەیە بن کە پیرتان دەکات

راچڵەکین - سەربەست نەجمەدین

ماوەی چەند رۆژێکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بووە لە وێنەی بەکارهێنەرانی ناو تۆڕەکان بەشێواز و رووخساری جیاواز و زۆرینەی خەڵکی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

وەک ئاشکرایە بەرنامەکە ناوی فەیسئاپە (FaceApp) ـە و بەکارهێنەر دەتوانێت وێنەی خۆی ببینێتەوە بە پیریی بەپێی پێشبینییەکانی بەرنامەکە لەگەڵ دانانی چەند فلتەر و ماسکێک.

سەبارەت بەو بەرنامەیەش لە ئەمریکا دەنگۆی زۆری لێکەوتووەوەو چەندین سیناتۆر داوایان کردووە لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر بکرێت و بزانرێت تاچەند بەرنامە سیخوڕە و وێنەی بەکارهێنەرانی دەفرۆشێتەوە بە حکومەت یاخود کۆمپانیا رووسییەکان کە خودی بەرنامەکەش دروستکراوی کۆمپانیایەکی ڕوسییە.

لەلایەن خۆشیانەوە کۆمپانیای گەشەپێدەری بەرنامەکە رایانگەیاندووە لە چەند حاڵەتێکی کەمدا وێنەی بەکارهێنەر هەڵدەگرن بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر و دواتر خۆکارانە لە داتابەیسی بەرنامەکەدا نامێنێت هەربۆیە بە دۆخێکی ئاسایی داناوە.

لەکۆتایدا شارەزایانی تەکنەلۆجیا هۆشداریی لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە بەرنامانە دەدەن و رایدەگەیەنن واباشتر دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە بەرنامانەی داوای وێنە و زانیاریی کەسیی دەکەن.