وەزیری پلاندانان: كاری جدی دەكەین بۆ راكیشانی رێكخراوە جیهانیەكان بۆ هاوكاریكردنی دامەزراوەكانی حكومەت

141 جار خوێندراوەتەوە کات03:39 بەروار22-07-2019
وەزیری پلاندانان: كاری جدی دەكەین بۆ راكیشانی رێكخراوە جیهانیەكان بۆ هاوكاریكردنی دامەزراوەكانی حكومەت

راچڵەكین-

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، دەبێت خولی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی وەزارەتەكان بكرێتەوە بەئامانجی خێرا راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و گەندەڵی لەبەرێوەبردنی كاری دامەزراوەكانی حكومەت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی ڕەوانەی راچڵەكین كراوە:" د. دارا رەشید، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەمووزی 2019 لەدیوانی وەزارەت، پێشوازی لەژمارەیەك كەسایەتی و لێپرسراوی حكومی و حزبی كردووە كە بۆ مەبەستی پیرۆزبایی سەردانیان كردووە."

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لەدیدارەكان باس لەهەماهەنگییەكانی وەزارەت كرا لەگەڵ دامەزراوەكانی تری حكومەتی هەرێم بەتایبەت لەبواری كارگێری و بەرێوەبردنی كاروباری فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت و كاركردن لەگەڵ ریكخراوە جیهانیەكان و كەرتی تایبەت."

"وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوە كرد لە داهاتوو كاری جدی دەكەن بۆ راكیشانی رێكخراوە جیهانیەكان بۆ هاوكاریكردنی دامەزراوەكانی حكومەت لەسێكتەرە جیاجیاكان لەو پێناوە پێویستمان بە كاری هاوبەش و ئەرك و بەرپرسیاریەتی هەیە لەنێوان وەزارەت و فەرمانگەكان تا لەو ڕیگەیەوە كەرتە جیاجیاكان بەرەو پێشببرێن و دوخی هەرێمی كوردستانیش زیاتر پێشبكەوێت."

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە:" وەفدی میوان پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆژە و پلانی وەزارەت دوپاتكردەوە و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لەكارەكانیدا."