ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: لیژنەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا بەم زووانە دەست بە گفتوگۆ دەكەن

57 جار خوێندراوەتەوە کات04:36 بەروار22-07-2019
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: لیژنەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا بەم زووانە دەست بە گفتوگۆ دەكەن

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لیژنەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا بەم زووانە دەست بە گفتوگۆ دەكەن. هاوكات ئەنجوومەنەكە جەختدەكات لە گرنگی وبایەخیی بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكومەت .

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تەمووزی 2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، كۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دوای كۆبوونەوە:" ئەنجومەنی وەزیران بە توندی رووداوە تیرۆریستییەكەی تەقەكردن لە رێستورانتێكی هەولێر سەركۆنە كرد و دەستخۆشی لە دەزگاكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كرد كە لە ماوەیەكی كورتدا توانیان ئەنجامدەرانی كردەوەكە دەستگیربكەن. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران هاوخەمیشی لەگەڵ كەسوكاری قوربانییانی رووداوەكە دەربڕی."

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كرا و وەزیرەكان سەرنج وتێبینی خۆیان خستەڕوو. سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەكانی راسپارد لە دامودەزگاكانی حكومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاووڵاتیان بگێری و جیاوازی لە مامەڵەكردندا نەكرێت. پەیوەست بەمەش بڕیارە وەزارەتەكان رێنمایی تایبەت دەربكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران."

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە:" سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تیشكی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا كە بە شێوەیەكی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بۆ بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی عێراق روونكردبووەوه . كە بڕیارە شاندی هاوبەشی هەردوولا لە نزیكترین كاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بكەن بۆ دانانی میكانیزمی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەرسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا."

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی وبایەخیی بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكومەت كرا وەك لە كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هاتووە. ئاماژە بەوەش درا كە ئێستا ماڵپەڕی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك ماڵپەڕێكی یەكگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەت بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ و پێشكەوتوو كراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە خزمەتگوزاری گشتی و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە وزانیاری پێویست پێشكەشی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات و ببێتە هەنگاوێك بەرەو بە ئەلیكترۆنیكردنی ئیشوكارەكانی حكومەت."