بۆریس جۆنسۆن تره‌مپه‌كه‌ی به‌ریتانیا

153 جار خوێندراوەتەوە کات06:07 بەروار23-07-2019
بۆریس جۆنسۆن تره‌مپه‌كه‌ی به‌ریتانیا

راچڵه‌كین

دواجار پارتی پارێزگاران به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆریس جۆنسۆنی وه‌ك سه‌رۆكی پارت و جێگره‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای به‌ریتانیا هه‌ڵبژارد و پێده‌چێت سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ 24-7-2019 شاژنی به‌ریتانیا  جۆنسون وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستنیشان بكات.

جۆنسۆن ڕۆژنامه‌نووس و سیاسه‌تمه‌دار و مێژوو نووسه‌، ساڵی 1964 له‌ شاری نیویۆرك له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌دایكبووه‌ و كۆلیجی ئه‌كسفوردی ته‌واو كردووه‌ و له‌ساڵی 2008 وه‌ هه‌تا 2016 سه‌رۆك شاره‌وانی له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا بووه‌ و وه‌زیری ڕاوێژكار بووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا. له‌ساڵی 2001 وه‌ تا 2008 بووه‌ به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا.  

ژیانی تایبه‌تی جۆنسۆن

بۆریس جۆنسۆن ساڵی 1964 له‌ دایك وبابێكی به‌ریتانی له‌شاری نیویۆرك له‌ ئه‌مریكا له‌دایكبووه‌. هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی و به‌ریتانییه‌. بنه‌ماڵه‌ی دایكی له‌ چینی رۆشنبیران و لیبراڵ و چه‌پ بوون. جۆنسۆن له‌ زانكۆی ئه‌كسفۆرد به‌شی مێژووی خوێندووه‌ و هاوكات وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسیش كاری كردووه‌ و له‌ئێستاشدا وه‌ك سیاسه‌تمه‌دار له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی به‌ریتانیا ئه‌سپی خۆی تاو ده‌دات. 

جۆنسۆن هه‌رچه‌ند ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی و به‌ریتانی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ساڵی 2016 ڕه‌گه‌زنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی ڕاده‌ستی ئه‌مریكا كردۆته‌وه‌ و له‌ئێستادا ته‌نها هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانییه‌.

 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا

كاتێك كه‌ له‌ساڵی 2016 تێرزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، جۆنسۆنی وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرد و تا ساڵی 2018 له‌ پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ماوه‌یه‌ و له‌ ساڵی 2018 وازی له‌پۆسته‌كه‌ی هێنا. جۆنسۆن یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نگرانی سه‌رسه‌ختی ده‌رچوونی به‌ریتانیایه له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و دوو جار هاوسه‌رگیری كردووه‌ و خاوه‌نی پێنج منداڵه‌. 

نتيجة بحث الصور عن بوريس جونسون

ڕۆژێكی مێژوویی له‌ ژیانی جۆنسۆن دا

ڕه‌نگه‌ هیچ ڕۆژێك هێنده‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23-7-2019 له‌ژیانی سیاسی جۆنسۆندا خۆش نه‌بێت، چونكه‌ توانی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی ببێت به‌ سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی هه‌ڵبژێردرێت و بۆ رۆژی دواتریش  ده‌بێت به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا. تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تی: هه‌ڵبژاردنی جۆنسۆن هه‌ڵبژاردنێكی مه‌زن بووه‌، هاوكات جه‌وادی زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران پیرۆزبایی له‌ جۆنسۆن كردووه‌. 

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا جۆنسۆن زیاتر له‌ 92 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ و ڕكابه‌ره‌كه‌ی جێرمی هانت توانیویه‌تی 47 هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌سه‌رۆكی پارتی پارێزگاران هه‌ڵبژێردرا جۆنسۆن وتارێكی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند شانازی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌كابینه‌ی تێرزای مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كاری كردووه‌ و ڕاشیگه‌یاند كه‌ خاتوو مه‌ی خزمه‌تێكی زۆری به‌ به‌ریتانیا كردووه‌. 

جۆنسۆن وتیشی، كه‌  له‌بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و خزمه‌تگوزاری و پۆلیس و ئینته‌رنێت خزمه‌تی زیاتر به‌ به‌ریتانیا ده‌كات و وڵات به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات و هه‌وڵده‌دات به‌ ڕێككه‌وتن بێت یان به‌ زۆره‌ملی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.
 
له‌باره‌ی ئێرانیشه‌وه‌ جۆنسۆن ڕایگه‌یاند: پێتان وا نه‌بێت كه‌ هه‌ڵوێستی من له‌به‌رامبه‌ر ئێران نه‌رم ده‌بێت و داوا له‌ ئێران ده‌كه‌م كه‌ ده‌ست له‌م سه‌رشێتییه‌ هه‌ڵبگرێت و هیچ هه‌نگاوێك له‌دژی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ نه‌نێت وچه‌كی ئه‌تۆمی دروست نه‌كات.  

هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وت و لێدوانی جۆنسۆن له‌ تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌چێت، ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین.