بریتانیا؛ باندێكی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە كە زۆربەی ئەندامانی كوردن دەستگیركران

14539 جار خوێندراوەتەوە کات10:18 بەروار26-07-2019
بریتانیا؛ باندێكی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە كە زۆربەی ئەندامانی كوردن دەستگیركران

راچڵەكین-

دادگایەكی بریتانيا سزای زیندانی ماوە جیاوازی بەسەر ئەندامانی باندێكی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە سەپاند كە زۆربەی ئەندامانی كوردن.

باندەكە لە 13 كەس پێكهاتوون و سەرۆكەكەیان كوردێكی باشووری كوردستانە، لەدوای دوو ساڵ لێكۆڵینەوە بەتۆمەتی جیاوازی بەقاچاخبردنی مرۆڤ، سپیكردنەوەی پارە و رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی رێكاری یاسایی، لەلایەن دادگاوە لە بریتانیا سزادران.

باندەكە خەڵكانی كورد و عێراقییان بە نایاسایی لە رێگای تاكسی لە باشووری فەرەنساوە بۆ وڵاتی بەلجیكا بردووە و لەوێوە لە رێگای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ وڵاتی بەریتانیایان گواستوونەتەوە.

وەك رۆژنامەى "زە سەن"ی بریتانی بڵاویكردووەتەوە،ئەگەر كۆچبەران لەكاتی گەیشتنیان لە بەریتانیا دەستگیر بكرانایە، دەستبەجێ ناوی ئەندامانی خێزان و خزمەكانیان لە بەریتانیا هێناوە تاكو وەك پەنابەر بۆ لای ئەوان بگوازرێنەوە، ئەم خێزانانەش لە پێناو بە سەلامەت گەیاندنی ئەم پەنابەرانە بۆ بەریتانیا، بڕی 8 بۆ 10 هەزار پاوەندیان داوەتە قاچاخچییەكان.

ئەگەر لە لایەن هێزە ئەمنییەكانیش دەستگیر نەكرایانە، ئەوا دەچوونە لای ئەندامانی باندەكە و بۆ ئەو شوێنەی خۆیان خوازیاریی بوون دەگوازرانەوە.

 سەرۆكی باندەكە ناوی ئالان هۆگر-ەو تەمەنی 33 ساڵەو خەڵكی باشوری كوردستانە، لەڕێگەی ئەو جۆرە بازرگانییەوە ملیۆنەها پاوەندی دەستكەوتووەو لە ئێستادا دەستگیركراوە بە 10 ساڵ زیندانیی سزادراوە.

ئالان هۆگر- سەرۆكی باندەكە

ئەم قاچاخچییە كوردە یارمەتی لە هاوسەرەكەی بەناوی كڤێتا كۆنكۆڤا وەرگرتووە، ئەوەش وایكردووە كۆنكۆڤا بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارەی باندەكە، دەستگیربكرێت و بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی سزا بدرێت.

كڤێتا كۆنكۆڤا- هاوسەری ئالان هۆگر

گۆران ئەحمەد ( تەمەن 34 ساڵ) بەهەمان شێوە خەڵكی باشوری كوردستانە، دووەم كەسی باندەكە بووە و لەكاتێكدا ئالان لە دەرەوەی بەریتانیا بووە، كاروباری باندەكەی بەڕێوەبردووە، بە هەمان تاوانی ئالان دادگا سزای 8 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

گۆران ئەحمەد- یەكێكی تر لەئەندامانی باندەكە- سزای 8 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە

تائێستا 11 لە ئەندامانی ئەو باندە دەستگیركراون و كۆی سزای سەرجەمیان گەیشتووەتە 45 ساڵ، بڕیاریشە دوو ئەندامی تری ئەو باندە مانگی داهاتوو دادگایی بكرێن.

بەوتەی پۆلیسی بریتانیا لەهەڵمەتی دەستگیركردنی ئەندامانی ئەو باندەدا، دەستگیراوە بەسەر بڕی 144 هەزار جونەی ئیستەرلینیدا.

ستیڤ مەی، سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەكەی سێرۆكۆ دەڵێ "ئەو گرووپە كۆمەڵگەی كوردییان كردووەتە ئامانج، كەسانێكیان كردووەتە ئامانج تەنیا بۆ دەستكەوتنی پارە و، بەهیچ شێوەیەك گرنگییان بە ژیانی ئەو كەسانە و ترسناكیی دۆخەكە نەداوە".

كریستینیل سامسۆن-ی بەڕەگەز رۆمانی، شۆفێری ئەو بارهەڵگرەی پەنابەرانی گواستووەتەوە، بە 5 ساڵ زیندانی سزا دراوە


ئایۆنۆت كۆرنیلا- ی بەڕەگەز رۆمانی، شۆفێرێكی تری بارهەڵگرەكان بە 4 ساڵ زیندانی سزا دراوە


محەمەد ڕەسول- بەتۆمەتی بەقاچاخبردنی كۆچبەران بە 3 ساڵ زیندانی سزا درا


نیاز حەمید- بەتۆمەتی بەقاچاخبردنی كۆچبەران بە 3 ساڵ زیندانی سزا درا


ئاری عەلی – بەهەمان تۆمەت بە 3 ساڵ زیندانی سزا درا