گۆڕەبەکۆمەڵەکانیش ڕقی ئاڵاکەی لەبیرنەبردنەوە..!

204 جار خوێندراوەتەوە کات05:50 بەروار30-07-2019
گۆڕەبەکۆمەڵەکانیش ڕقی ئاڵاکەی لەبیرنەبردنەوە..!


لەوەتەی کێشەی کورد و عێراق هەیە، لەوەتەی لە  عێراقدا کورد لەلایەن نەتەوەی سەردەستەوە دەکوژرێت و قڕدەکرێت و ماڵی وێران دەکرێت، ئەم گەلە نایەوێ خۆی لەقەرەی گوتاری شۆڤێنیزمی بدات. هەمیشە تاوانەکان دەخاتە ئەستۆی چینێک، پێکهاتەیەک یان حیزبێکی دیاریکراو. هەمیشە هەوڵ ئەدرێت مۆرکی ڕەگەزپەرستی لە ململانێ و پرسی کورد لە عێراق دابماڵرێت، بەردەوام نوێنەران و سەرکردەکانی کورد هەوڵیان داوە بڵێن ئەوەی بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە گەلی عەرەب لێی بێبەرییە، بەڵکو سیاسەتی کەس و حیزب و جۆری سیستمەکەیە بەرپرسە لەو تاوانانەی دەرهەق بەم نەتەوە دەکرێت. هەمیشە خۆی بواردووە لە گشتاندنی تۆمەتەکان بەسەر نەتەوەی باڵادەستدا کە عەرەبە، بەڵام هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە لە دەورانی پادشایەتیەوە تاکو ڕژێمی کۆماری و دەسەڵاتە بەعسی و نا بەعسیە یەک لەدوای یەکەکان، تاوەکو ئەمڕۆی فەرمانڕەوای شیعە لە عێراقدا، لە ئاست پرسی کورددا تێڕوانینی عەرەب لە عێراقدا بۆ کێشەی کورد، لە هێڵەگشتییەکاندا جگە لەوەی هەلومەرج سەپاندوویەتی نەگۆڕ و چونیەکە. دواین نمونەش هەڵوێستی ئەفسەرێکی لاوی عەرەبە لە بیابانەکانی خوارووی سەماوە و لەو ناوچە دوورەدەست و بێ ئاوەدانییەدا کە مەگەر هەر تەنها دایکانی بێ باوان و زارۆکی بێ نازی کورد پەی پێ ببەن، بەرۆکی کوردێکی هەناسەساردی دۆشداماوی دەستی سی و یەک ساڵ چاوەڕوانی دەگرێت لەو چرکەساتە تراژیدییەدا پێی دەڵێت ئاڵای کورد لەملت بکەوە و ڕێگە پێنەدراوە.


ئەوەی ئەو ئەفسەرە لەو شوێنکاتە هەستیارەدا نواندی، ڕووداێکی سەرپێی نیە و بە ڕێکەوت و مەزاجی کەسی نایەتە ئەژمار. ئەوەی لەوێدا و لەوکاتەی کەس و کاری قوربانییەکی ئەنفال ڕووبەڕووی بویەوە، دەرخەری ئەو هەستە بێ بەزەییەیە کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەو مێنتەڵیتیەی کە ئەنفالی دژ بە کورد ئەنجام داوە. ڕەفتاری ئەو ئەفسەرە گوزارشتە لە دیدی نەتەوەی سەردەست بەرامبەر بە گەلی ستەملێکراو. ئەو ڕەفتارە نوێنەرایەتی بیرکردنەوەی توێژێکی فراوان دەکات، نەک تەنها سەربازێک. نەیاری سەربازێک بۆ ئاڵای گەلێکی قوربانی، ڕیشەیەکی قوڵی هەیە و ئەو هەستە هەروا لەناکاو لەناخی ئەو ئەفسەرەدا چەکەرەی نەکردووە، ئەوە نوێنەرایەتی ئەو دیدە ڕەگەزپەرستانەیە دەکات ئەنفال ودەیان جۆری تر تاوانی دژ بە کورد بەرهەمهێناوە. ئەوەی دژ بە ئاڵای کوردستان کرا لەوکاتەدا بوو ئێسک و پروسکی دەیان ژن و منداڵ و بێتاوانی کورد ناخی مرۆڤی دەسوتاند، ویژدانی دەهەژاند. بەڵام هەڵوێستی ئەو سەربازە پێی ووتین ئێسک و پروسکی ژن و کۆرپەی مەمەوشیر بەدەستی زیندەبەچاڵ کراو هێندە کاری تێنەکردووم تەنانەت لەو چرکەساتەشدا ڕقی ئاڵاکەتانم لە بیربباتەوە.


ئەو ڕووداوەی سەماوە، پێویستی بە هەڵوەستە لەسەر کردنە، ئەو ڕووداوە ئەبێ لەو خەوە قوڵە بە ئاگامان بێنێ کەوا سیستمیش گۆڕابێ عەقڵیەت نەگۆڕاوە. ئەبێ لەو بێ شەرمییەی، هێرشکردنەسەر ئاڵای کوردستان بەتەنیشت ئێسک و پروسکی خاوەن ئاڵاکانەوە ڕاچڵەکین و بزانین لەگەڵ کێ ئەژین. ئەبێ بزانین، هەستی دوژمنایەتی و ڕق کینە بەجۆرێک لەناخی بەشە عەرەبییەکەی عێراقدا ڕۆچووە، تەنانەت لەو کاتەی دەبوو  بگرین و ساتێک بێدەنگ و هاوسۆزبن لەگەڵمان، بەڵام ئا لەو کاتەشداناتوانن ئەو پەروەردە شۆڤێنییە وەلانێن. ئاخر ئاڵایەک کە دەستووری ووڵات ڕێگەی پێدابێت و  لەدوورترین ناوچەی عێراق و سەدان کیلۆمەتر لەخوارووی ئەو ناوچانەی هەستیاری هەڵکردنی هەیە بە لولکراوی لە ملی هاوڵاتییەکدا، ووروژاندن دروست بکات، واتە پلان و پەروەردە بۆ دژایەتی لە گۆڕێدایە. بۆیە هەڵوێستی ئەو ئەفسەرە بەرامبەر ئاڵای کوردستان و لەو بیابانە چۆڵەدا و ئا لەو ساتەدا کەدەبوو مرۆڤایەتی قوڕمان لەگەڵ بپێوێ و لەو تراژیدیایە شەرم دایانگرێت،  پێمان دەڵێت ڕقەکە چەند قوڵە و کێشەکە چەند گەورەترە.