من سالار مەحمود دەناسم

2645 جار خوێندراوەتەوە کات09:35 بەروار30-07-2019
من سالار مەحمود دەناسم

پشتیوان زاهیر

ئەوە چەندین ساڵە ھاوڕێمە، پیاوێکی نەرم و لەسەرخۆیە، ئەوھەمیشە رای وایە ئێمەی کورد زووڵمان لێکراوە نابێت زووڵم بکەینەوە، پیاوێک تا لەگەڵی دانەنیشی نازانی چەند خەمی گەرمیان و کەسوکاری ئەنفالییەتی، بەو پێیەی ھاوڕێی نزیکمەو زۆر باش دەیناسم، دوو خول پەرلەمانتاربوو نەمدی وەڵامی تەلەفوونی خەڵک نەداتەوە، نەمدی شتێکی پێبکرێ و بۆ خەڵکی نەیکردبێت، سادەو خاکی و لەناو خەڵک.

زۆرجار دەموت خۆ ئەمیش دەتوانێ وەک زۆرینەی پەرلەمانتاران دانیشێت و مووچەکەی بخوات و نەیەتە بەرچاوان خۆ کەس گللەیی لێنەدەکرد؟ وانییە؟

لە رووداوەکەی ئەمڕۆشدا کە لەبەردەم دەیان رووفاتی پیرۆزی ئەنفالە کوردەکانی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوەدا وەستاوە ئەفسەرێکی ناحاڵی دەیەوێت شەڕ بە دوو تاقانەکەی ئەنفال بفرۆشێت لەسەر ئاڵای کوردستان، ئەم قۆڵی ئەفسەرەکە بەتوندی دەگرێت و دووری دەخاتەوە لێیان و ئامۆژگاری توندی ئەفسەرەکە دەکات لە پشتی کامێراکان، کە ئەمڕۆ من چەندجارێک لەگەڵی قسەم کردووە بەتەلەفوون، کە رەنگە ئەگەر ئەمەی نەکردبا کارەساتی ناخۆشتر لەوێ روویبدایە.

ئیشی راوێژکاری سەرۆککۆمار شەق ھەڵدان نییە لە کارمەندی دەوڵەت وەک ھەندێک باسی دەکەن لەپشتی مۆبایل و لەبەر سپلیت.

سالار خاوەنی دەیان پڕۆژەی نیشتمانییە لە پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لەو پڕۆژانەش بەفەرمی ناساندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە. 

چەندینجار لە پەرلەمانی ئەوروپاو وڵاتانی دونیا دۆزی رەوای کوردو ئەنفالی خستۆتەبەردەم رای گشتی وڵاتان.

سالار کوڕی شەقھەڵدان لەخەڵک نییە لەکاتێکدا ئەم لەبەر حەکیمیەکەی لە خولەکانی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کردووە بڕوای تەواوی بەرێکاری یاسایی و مەدەنی و مرۆڤانەو ئاشتیانە ھەیە.