"دارە سووتاوەكە"ی سلێمانی لەچییەوە هاتووە؟

1458 جار خوێندراوەتەوە کات10:24 بەروار03-08-2019

راچڵەكین-

لە سەردەمی حوكمڕانی شێخ مەحمودی حەفیددا و لە سەرەتای ساڵانی بیستەكاندا، مەیدانی دارفرۆش وخەڵووزەكە لە تەنیشت حەمامی "قشڵە" لە بازاڕی (دەبۆكە)ی ئێستادا بوو.

دواتر بە بڕیاڕێكی ئەوكاتەی حكومەت لە ساڵی ۱۹٦٥ ناوەڕاستی ساڵانی شەستەكاندا گوێزرایەوە بۆ نزیك ئاشەكەی كانێسكان،بەبیانووی ئەوەی كە بینا و بازاڕی نوێ لەناو جەرگەی شار دروست دەكرێ.

پێش مەیانی دارەكە ئەو دەشتە هەتا ساڵانی شەستەكانیش بە ناوی دەشتی (كوڵك)بانگدەكرا.

بەهۆی ئەوەی گەڕەكی كانێسكان یەكێك بوو لە گەڕەكە قەرەباڵخ و ڕۆشنبیر و دڵگیرەكانی ئەو كاتەی سلێمانی، پێگەكەی زۆر نزیك بوو لە مزگەوتی "گەورەی شاری سلێمانی"و هەروەها شوێنی و زێدی "كاك ئەحمەدی شێخ" و زۆر لە پیاوە ئاینپەروەرەكانی شار بوو.

لە دەورانی عوسمانی هەر كارێكی خێر یان قوربانی كە دەكرا لەو دەشتەی كانێسكاندا دەكرا.
بۆیە توركە عوسمانییەكان ئەو دەشتەیان ناولێنابوو دەشتی كوڵك.

كە وشەكە لە بنەچەدا"كورك"ە دواتر كراوتە "كولك" یان "كوڵك" لە وشەی kürk توركیەوە وەرگیراوە و وشەكە واتای مووی درێژ هەمان واتای "فەروە" و "پاڵتۆی فەروە"یان ساقۆی خوری، كەلە مووی درێژی ئەو ئاژەڵانەی كە دەكران بە قوربانی پاڵتۆی فەروە و خورییان دروست دەكرد بۆ سەربازەكانیان،چونكە سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ئاوو ھەواكەی بە دەریای ناوەڕاستەوە كاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە.بۆیە لە زستاندا دەبێت پۆشاك گەرم و گوڕ بپۆشرێت.

شوێن و پێگەی دارە سووتاوەكە؟

دارەسوتاوەكەش بەو گۆڕەپان و مەیدانە گەورە و كۆنە دەوترێت كە دەكەوێتە باكووری گەڕەكی كانێسكانەوە، مێژووی ئەم دەشتە زۆر كۆنە بەیەكێك لە كۆنترین دەشتە پان و ڕێك و تەختەكانی مێژووی شار ئەژماردەكرێت.زۆر لە مێژوونوسە بیانیەكان باس لە دێرینی و مێژووی گرنگی ئەم ناوچەیە دەكەن.

شوێن و پێگەی كانێسكان 

دەكەوێتە بەشی ژوورووی رۆژئاوای شاری سلێمانییەوە،دارەسوتاوەكەش دەكەوێتە باكووری كانێسكان، لە سەروو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەكات تا دەستپێكی شەقامی قەنات.

لەكۆندا دەشتێكی چۆڵ بوو و جگە لە ئاشێك و چەند دار و ودەوەنێك و كانیەك هیچی تری لێنەبوو،بەڵام دەشتێكی پان و پۆڕ و پڕ سەوزاویی بوو لە خەڵكی ئاژەڵیان تێدا دەلەوەڕاند و كاری ئاژەڵداریی و كوشتوكاڵیان تێدا دەكرد.

لەبەر جۆری گڵ و نەرمی خاك و ڕێك و پێكی و تەختی زەوییەكەی لە دەورانی عوسمانی و ئینگلیزەدا،مەیدانی ئەسپسواری و جریدبازی و مەشقی سەربازی بوو.شوێن و پێگە و دەروازەی بەیەكگەیشتنی زۆر لەوەفدە دەرەكییەكان بوو.دەڵێن لە كۆندا هەر وەفدێكی دەرەكیی بهاتایە دەبوایە بەكانێسكاندا تێپەڕ ببوایە،كانێسكان گوزەری كاروان سەرا و قافڵەچیەكانی لەشكرە سەربازییەكانی دەورانی عوسمانی و ئینگلیز و شێخ مەحمود بوو.

لەبەر جوانی سروشت و سەوزایی و درەختە بەرز و سەرەنجڕاكێش و باڵندە دەنگ خۆش و ئاسكە سرك و ئاژەڵە كێوییەكانی لەزۆر نوسین و شیعر و داستانەكاندا ناوی هاتووە.

لە ساڵانی پەنجاكان چەند باخێك لەو شوێنە دروستكران

بەڵام كانیەكانی دەرووبەری وشكی كرد،تەنها ئەو كانیەی كە بەناوی كانی ئاسكانەوە ناونراوە وەكو خۆی مایەوە و وشكی نەكرد،بۆیە زۆر هەوڵ و درا كە لەوكانیەی كانی ئاسكانەوە ئاو ڕاكێشن بۆ باخەكانی ئەو گوزەر و ناوچەیە،بەڵام كارێكی قورس بوو،چونكە پێگەی زەوی كەمێك لێژ بوو كاری زۆر دەویست و نەدەكرا.هەر بۆیە ئاویان لە كارێزەكەی مەجیدبەگەوە بۆ ڕاكێشا كە ئەوە كارێكی ئاسان تر و خێراتر بوو ولەبەر ئەوە لێژای و سەر بەرەوخوار بوو ئاو زوو دەگەیشتە دامێنی باخەكان وگوزەرەكە.

ئیتر لە ساڵی ۱۹٦٥ز بەپێی بڕیاری حكومەتی ئەوكاتە مەیدانی دارەكانی قشڵە گوێزرایەوە نزیك ئاشەكەی كانێسكان،چەند دار فرۆشێك كە ئەوكات ژمارەیان ۱٨ دارفرۆش و خەڵوزفرۆش بوو هاتنە مەیدان و گۆڕەپانەكە و كار و پشەیی كڕین و فرۆشتنیان دەكرد و كردیانە شوێنی بازرگانی كردن.دوای سوتانی دارەسوتاوەكان گوێزرایەوە بۆ پاركی مەلیك مەحمود

ناوی پێشتری "دارەسوتاوەكە"چی بوو؟

دارەسوتاوەكە پێیان دەوت دارەسووتاوەكان،پێشتریش پێیان دەوت "دەشتی كوڵك" یان دەشتەكەی كانێسكان.كە بوو بە مەیدانی كڕین وفرۆشتنی دار و خەڵووز، پێیان دەوت "مەیانی دارەكانی كانێسكان" یان دەوترا "مەیدانی دارفرۆش و خەڵوزەكە"یان دەوترا "مەیانی دارەكە" یان مەیانی"دارە سپییەكان".

زۆر لە دار و خەڵوزەكان لە ناوچەكانی" شارباژێر "و "پێنجوێن" و "قەرەداخ" و" دوكان" و وە دەهاتن.جۆری دارەكانیش زیاتر داری سپیدار و چنار بوون.

واتا كڕین و فرۆشتن بەدار دەكرا،زۆربەی خەڵوز و دارەكان بەسەر پشتی ئەسپ و گوێدرێژەكان لەشارباژێڕەوە دەهێنرانە مەیدانەكە و نرخی هەر دارێك "۱۰ "فلس بوو.

زۆربەی فرۆشیاران كوخێكی بچووكیان دروستكرد بوو لە شێوەی دوكانێكی بچووك،سێبەری دارەكان زۆر فێنك بوون، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا،مناڵانی ئەو گەڕەكە زۆربەی یاریی و ساتەزێڕینەكانیان لەوێ بەسەر ئەبرد،لەبەر چڕ و پڕی دارەكان،یاری چاوشاركێیان لێدەكرد و خۆیان تیایدا ئەشاردەوە.دانانی دارەكان لەتەنیشت یەكەوە هەڵەدەچنران زۆر سەخت و ترسناك بوون،لەشێوەی كۆڵانی تەنگەبەر و باریك باریك بەتەنیشت یەكەوە هەڵدەپەسێردران و ڕیز دەكران و ئامادە دەكران بۆ فرۆشتن.

بۆ پێی دەوترێت دارە سوتاوەكە؟

شانە نهێنی و هێزە نهێنیەكانی شۆڕش ئەوكات هەموو شەوێك چالاكییەكی گەورە گەورەیان لە شاردا دەكرد و گورزی باشیان دەدا لە دامودەزگا و كەسە خوێنڕێژەكانی بەعس.

هەر كارێكی وچالاكییەك دەكرا زۆرجار بە نەهێنی خۆیان لەناو ئەو دارانە دەشاردەوە و بەئاسانی خۆیان قوتار دەكرد.زۆرجار چەك و تەقەمەنییەكانی خۆیان لەوێدا دەشاردەوە،چونكە زۆر زۆر چڕ و پڕ بوو بە ئاسانی مرۆڤ لەوێدا ون دەبوو.

لەبەر ئەوەی مەیدانی دارەكە نزیك سەربازگەی حامیەی سلێمانی و دەزگای ئەمن بوو.پێشمەرگە زۆر بەئاسانی دەیتوانی چالاكی ئامانجەكانی خۆی زۆر بە ئاسانی بپێكێت.

ڕژێمی بەعسی زۆر دەترسا،هەر بۆیە ئەوكات چەند جارێك كاسبكارانی مەیانی دارەكەیان ئاگادار كردەوە،كە دەبێت بازاڕی كڕین و فرۆشتنی دارەكە دابخرێت یان بە زووترین كات بگوێزرێتەوە.بۆیە لەودەمەدا پێشمەرگە كەوتنە جموجۆڵ و دەست وەشاندن لە دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس و چەند چالاكییەكی زۆر گەورەی لەشاری سلێمانیدا ئەنجامدا و بە بێ زیانیش بۆی دەرچوون.

بۆیە ڕژێمی ئەوكاتەی بەعس لەڕێگای چەند بەكرێگیراوێك لە مانگی تەموزی ساڵی ۱۹۷۷ز لە شەوی هەینیدا و لە وەرزی هاویندا بەسەرپەرشتی "قوات خاصە" واتا هێزێكی تایبەت هەڵیانكوتایە سەر گەڕەكی كانێسكان بۆ لەناوبردن و سوتاندنی مەیانی دارەكان،بە چەند دەبەیەكی بەنزین و نەوت ئاگریان بەردایە سەرجەم دارەكان و هەموویان سوتان.چەند دەنگێك لەناو دارەكان دەبیستران كە دیار بوو چەك و تەقەمەنی شۆڕش بوو لەوێ شاردرابوونەوە.

زەرەر و زیانێكی زۆر بە كاسبكارانی ئەو مەیدانە كەوت،هەروەها زەرەرێكی گەورەش بە خانوەكانی دەوربەری كەوت و هەموویان لە ترسان و ماڵیان بەجێهێشت و شتومەك و كەلوپەلەكانیان لەگەڵ خۆیان پێچیایەوە و بەشەوە دەربەدەر بوون.

زۆر لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە و ئەو شارەبەو شەوە هەوڵێكی زۆریاندا هەتا ئاگرەكە خامۆش بكەن و بیكوژێننەوە،بەڵام بەهیچ شێوەیە نەتوانرا تەنانەت شتێكی بچووكیش بكرێت،ئەو دیمەنە بۆ خۆی مەنجەنیق و دۆزەخێك بوو بڵێسەی ئاگرەكە لە دوورترین شوێنی شارەكە دەبینرا.ئیتر خاكی مەیانی دارەكان بوون بە پارچەیە ڕەژوو و ڕەشایی.

ئیتر شوێنەكە بوو بە گەڕاجی هێڵی پاسی چەند گەڕەكێكی شار،بەڵام جارێكی تر بەهۆی شەڕی ئەوكاتەی ئێران و عێراقەوە،تۆپێكی ئێران بەر ئەو شوێنە كەوتەوە و چەند شوفێرێك كوژران و زیانێكی تر بەو گوزەرە كەوتەوە.دواتر كرا بە شوێنی چەرخ و فەلەك و جۆلانەی جەژن و شوێنی یاریكردن.

بۆچی بەعس مەیدانی دارەكانی سوتاند؟

دەوڵەتی عێراق حیزبی بەعس بەبیانووی ئەوە ئاگری بەردایە ئەو مەیدان و گۆڕەپانە،كە گوایە جێگای مەترسی و دڵەڕاوكێیە،پێشمەرگە ئەوێیان كردووە بە لانەی خۆ حەشاردان و خۆشاردنەوەی خۆیان و لەوێوە دەتوانن باشتر گورز لە حیزبی بەعس بدەن.چونكە مەیدانی دارەكە چواردەوەری ناوەوەی بەدار تەنرابوو،زۆر چڕ و پڕ بوو،كون و كەلەبەری زۆر زۆری تێدا بوو بۆ خۆشاردنەوە و خۆی دەربازكردن،پێشمەرگەش ئەو شوێنەی كردبووە لانكەی چالاكی و خۆشاردنەوەی خۆی.

ئیتر هەتا كۆتایی هەشتاكان بە مەیدانی دارەكانیان ئەوت "دەشتە سوتاوەكە"یان "دارە سوتاوەكە"

لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ناوی بەتەواوەتی گۆڕدرا بە "دارەسووتاوەكە". و هەتا ئێستاش هەر دارە سووتاوەكەیە.

لەناوەڕاستی نەوەدەكانیشدا، دارە سوتاوەكە ببوو بەمەزادخانەیەكی گەورەی كۆنەفرۆشی و هەرزانفرۆشی، هەتا ئێستاش،دەوروبەریشی ببوو بەپیشەوەری دەستی و شوێنی پەنچەرچی و كاری فیتەری و بەرگدروو. ناو مەیدانەكەشی ببوو بە شوێنی ڕاوەستانی پاسی چەند ھێڵی گەڕەكەكانی شار.

 هەرچەندە لە ئێستادا بە ھیچ شێوەیەك (دار) و(خەڵوز) لەو مەیدانەدا كڕین و فرۆشتنی پێناكرێت،بەڵام هەر بەناوە كۆنەوە بانگ دەكرێت و تەنانەت لە پێشی پاسەكانیشدا نوسراوە (دارە سووتاوەكە).

ئا: داناز عەبدولڕەحمان