سۆشیاڵ میدیاو سێکس پریدەیتەرەکان

6888 جار خوێندراوەتەوە کات09:38 بەروار07-08-2019
سۆشیاڵ میدیاو سێکس پریدەیتەرەکان

ڕاچڵه‌كین- دكتۆره‌ هه‌ڤین كه‌مال شا 

لەبەرئەوەی سۆشیاڵ میدیا لەم سەردەمەدا بۆتە کایەیەکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەمان ، ھەم لەبواری شه‌خصی و کەسێتیەوە ، ھەم لە بواری پیشەییەوە ، بۆیە دەستبەرداربوون لێی مەحاڵە ، بەڵام خۆپاراستن لێی و خۆبەدوور گرتن لە ئاکامە خراپەکانی گرنگە.
سۆشیاڵ میدیا بەھەموو جۆرەکانیەوە وەک فەیس بووک ، تویتەر ، ئینیستگرام ، سناپ چات ، یانەی یاری و گەمەکانی وەک پۆپ جی و چەندەھا جۆری تر ، کاریگەریەکی گەورە و گرنگیان ھەیە لەسەر بڵاووبوونەوەی زانیاری لەسەر خودی خۆمان ، چۆنیەتی ژیانمان ، حەز و خولیاو ئارەزووەکانمان ، لەسەر پیشەکەمان و ھەڵسووکەوتی ڕۆژانەمان .

ھەتا ڕادەیەک ئەم زانیاریانە لەوانەیە ھیچ زیانێکی نەبێت کاتێک کچێکی شۆخ یاخود کوڕێکی گەنج وێنەی خۆی دادەنێت و ژیانی ڕۆژانەی شەیر دەکات لەگەڵ ھاوڕێکانیدا ، یاخود پیشەییەک زانیاری لەسەر کارو چالاکیەکانی بڵاودەکاتەوە ، یاخود ئەدیبێک تێکست و ھۆنراوەو ووتارەکانی دادەنێت ، ئەمانە ھەمووی دەچنە خانەی بڵاوکردنەوەی ئینفۆرمەیشن و زانیاری و ئاڵوگۆڕکردنی .
بەڵام ئێکسپلۆتەیشنی سێکسی یاخود ئیستغلال کردن و گێچەڵی سێکسی کاتێک دەست پێدەکات ، کە تۆ دەبیت بە فۆلۆوەری یەکێک لەو سایتە ڕەشانە یاخود ئەو پەیجە فریودەرانەی کە ئامانجی سەرەکی لێیان بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئینفۆرمەیشن و تێکست و پۆیت و ھۆنراوەو و ھونەر و بزنس نیە .

بەڵکو تەنیا پەردەپۆشیەکە بۆ ئامانجە سەرەکیەکەیان کە ڕاکێشانی ھەرزەکارە و گەنجە وبەڕێژەیەکی زۆریش ئافرەتان و ڕێژەیەکی کەمتر پیاوان ، بۆ سوود بینین لێیان لە ڕووی جەستەیی و تێر کردنی حەزو ئارەزووە سێکسیە نەخۆشەکانی ئەدمین یاخود خاوەنی ئەو سایتە ڕەشانە یاخود پەیجە فریودەرانە ، کە ئەم جۆرە کەسانە بەرەو ڕوو و ڕاستەوخۆ ناتوانن حەزو ئارەزوو ولادانە سێکسیەکانیان دەڕبڕن ، بەڵام لەڕێ ووشەو تێکست و نامەی نەشیاوی سێکسی و وێنەی سێکسی دەریدەبڕن ، لە دوایدا لە ستەیجێکی پێشکەووتوتردا لەوانەیە ببێتە بەرکەوتنی جەستەیی و سێکسی ڕاستەقینە لەگەڵ قوربانییەکانیان .

خاوەنی ئەم جۆرە پەیج وسایتە ڕەشانە بە سێکچواڵ پریدەیتەر یاخود دڕندە سێکسیەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا ناودەبرێن،
سێکچواڵ پریدەیتەرەکان یاخود دڕندە سێکسیە ئۆنلاینەکان کێن ؟
بەو کەسانە دەگوترێت کە سوودی سێکسی و جەستەییان دەست دەکەوێت یان ھەوڵ دەدەن دەستیان کەوێت بەشێوەیەکی مێتافۆرێک یاخوود ئەبیووس و خراپ ، بەھەمان شێوەی کە دڕندەیەک ڕاوی نێچیرەکەی یان قوربانیەکەی دەکات .
پریدەیتەرەکان ئۆبجێکتیفیکەشینی قوربانیەکانیان دەکەن ، واتە ڕووتیان دەکەنەوە لەھەموو بەھا مرۆڤایەتیەکانیان و ھەست ونەستیان ، تەنھا وەکو ئۆبجێکتێک یاخود کاڵایەک بۆ چێژ بینینی جەستەیی و سێکسی بەرجەستەیان دەکەن .

مرۆڤی پریدەیتەر لەوانەیە کەسێکی نەناسراو بێت ، پەیجێک یان وێب سایتێکی وەھمی دروست دەکات و زانیاری بڵاودەکاتەوە بۆ ڕاکێشانی فۆلوەر و ھەوادار تا ئاسانکاری بۆ بکات بۆ دۆزینەوەی قوربانیەکانی، لەوانەشە پریدەیتەر کەسێکی ناسراو بێت وەک سیاسەتمەدارێکی ناسراو ، بیزنسمانێکی دەوڵەمەند ، ئەدیبێکی ھەست ناسک ، پزیشکێکی کارامە ، ئەمانەو ھەزارەھا کەسی تر کەلەپشت پیشەکەیانەوە لادانە دەروونیەکانیان دەشارنەوە ، بەڵام کاتێک قوربانیەکانیان دەدۆزنەوە بەئاسانی ناخیان دەردەبڕن.

یەکەم جار لەوانەیە بە نامەیەک دەست پێبکات کەلە ئەدمینی ئەو جۆرە پەیجانەوە یاخود بڕێکجار خاوەنی ڕاستەقینەی پەیجێکەوە دەست پێدەکات ، کە نامەیەکی دەستخۆشییە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکان ، ئەویش دوای ھەڵبژاردنی نێچیرەکەی ، بەو شێوەیەی کەلەگەڵ حەزو ئارەزووەکانی ئەودا دەگونجێت . 

لەدوای ئەوەوە پریدەیتەر دەکەوێتە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر نێچیرەکەی و چوونە ناو پرۆفایل و دوور نیە خۆی داوای ھاوڕێیەتی لێبکات ، ئەمانە ھەمووی تەنھا ئامانج لێی کۆکردنەوەی زانیاری زیاترە لەسەر نێچیرەکەی بۆ بەکارھێنانی لە دواییدا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر قوربانیەکەی . نامە و مەسج دەست پێدەکات و تا کار دەگاتە ئێکسپلۆتەیشنی سێکسی و گێچەڵی سێکسی و ھەندێکجار سوودبینینی جەستەیی لە بەرامبەر .

ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی جیھانییە ، و ھەموو ووڵاتەکانی تەنیوە بەووڵاتە پێشکەووتووەکانیشەوە بەتایبەتی وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، بەڵام لەم دواییەدا و بەھۆی زیاد بوونی بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیاوە ، بووە بە دیاردەیەکی زەق و ڕوونیش لە کۆمەڵگای ئێمەدا ، کەزۆربەی ئەوانەی لەگەڵیاندا ڕوودەدات یان بەسەریان دێت ئازایەتی درکاندنیان نیە ، یاخود تەمەنیان بچووکەو لەترسی دەووروبەر ناوێرن باسی کەن چی ڕوویداوە لەگەڵیان..

کێ قوربانی سێکس پریدەیتەرەکانە یاخود دڕندەکانی ئۆنلاینە؟ 

بە پێی ستاتیکسێک کە لە وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئەنجام دراوە ، دەڵێت : 
- زۆربەی ئەوانەی قوربانی سێکس پریدەیتەرەکانن لەتەمەنی ھەرزەکارین لەنێوان تەمەنی ( ٨- ١٧ ساڵ) بۆ کچان و (١١-١٧ساڵ ) بۆ کوڕان ، توێژینەوەیەک لە پەیمانگای بروکینجز دەڵێت ٧١٪ ی ئەوانەی تووشی گێچەڵی سێکسی دەبن ئۆنلاین لە خواروو تەمەنی ١٨ ساڵەوەن ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەتەمەنەکانی تر تووشی ئەم جۆرە حاڵەتانە نابن لە ١٤٪ ی حاڵەتەکان لەنێوان تەمەنی گەنجی وپێگەشتوو کامڵ دان ، تەنیا لە ١٢٪ حاڵەتەکان کەسانی پێگەشتوو و کامڵن .

-  ڕێژەی ئافرەتان لەنیوە زیاترە کە دووچاری نامەو تێکستی نەشیاوو وێنەی سێکسی دەبن و بۆیان دەنێرێت.
- تەنیا لە ٣٠٪ ی پیاوان لەوانەیە تووشی ئەم جۆرە گێچەڵانە ببن .
- سێکس پریدەیتەرەکان تەمەنیان لەنێوان (١٨-٥٥) ساڵ دایە.
- سێکس پریدەیتەرەکان تەمەنیان لەنێوان (١٨-٥٥) ساڵ دایە ،ھەندێک جار بەتەمەنتر یان گەنجترن .
تەنیا ڕێژەی ٢٥٪ ی قوربانییەکان توانایی باسکردنیان ھەبووە بۆ خێزانەکانیان یاخود کەسە نزیکەکانیان.

- تێبینی کراوە لە ١٠٠٪ ی ئەو ھەرزەکارانەی قوربانی ئەم جۆرە کەسانەن بە وویستی خۆیان چوون بۆ بینینی پریدەکتەرەکانیان دوای ئەوەی بە چەندەھا ڕێگا قایلیان کردوون.
- ڕێژەی ٧٥٪ گەنج حەز بە دانانی وێنەی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەن ، ھەروەھا شەیرکردنی ھەڵسووکەووتی ڕۆژانەی خۆیان ، کەئەمیش ئاسانکاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و لەدوایدا بەکارھێنانی وەک کارتی فشار.
- لە ٣٣٪ ی ھەرزەکاران ھاوڕێی کەسانی نەناسراون لە سۆشیاڵ میدیا و ھەرگیز نەیانبینیون.
-لە ١٦٪ ی ھەرزەکار حەز بە دیداری ئەو کەسانە دەکەن کە تەنیا لەسۆشیاڵ میدیا ھاوڕێیانن و سەرسامن پێیان ، لە ٨٪ یشیان ھەر بە ڕاستی دەچن بۆ دیداریان.

دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم دیاردەیە چییە ؟
لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ دا قوتابیەکی ھەرزەکاری کەنەدی بەناوی (ئاماندا مێشیل توود ) کەتەمەنی تەنیا ١٥ ساڵ بوو کۆتایی بەژیانی خۆیھێنا ئەویش بەھەڵواسینی خۆی بە سەقفی ژوورەکەیەوە ، پێش خۆکوشتنی ڤیدیۆیەکی ٩ خولەکی بڵاوکردەوە لە یوتویوب کە تیایدا بەشێوەی دەرخستنی فلاش کارد باسی لەوە کرد کەچۆن تووشی بێزارکردن و گێچەڵی سێکسی بووەو ئەمەش فشاری دەروونی لەسەر دروست کردووە تاڕادەی خۆکوشتن ، ئەم ڤیدیۆیە ١٢ ملێۆن کەس بینەری بوون و بەخێراییەکی زۆر بڵاوبووەوەو کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی و ڕاگەیاندن و میدیایی جیھانی ھەژان ، چەندەھا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ ھاتنە دەنگ بۆ بەسیستمکردن و یاسا دانان لە دژی ئەوانەی سۆشیاڵ میدیا بەکاردێنین بۆ گێچەڵی سێکسی بەرامبەر ھەرزەکاران .دایکی ئەماندا ڕێکخراوێکی خۆبەخشی دامەزراند بۆ یارمەتیدان و ھۆشیارکردنەوەی ئەوانەی دووچاری سێکس ئێکسپلوتەیشن دەبن .

بۆیە ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکی زۆر خراپی ھەیە لەسەر باری دەروونی تاک ئایە ھەرزەکار بێت یاخود پێگەشتوو ، چەندەھا فشاری دەروونی بۆ دروست دەکات . زۆربەی جار قوربانییەکان ئازایەتی درکاندنیان نیە ، بۆیە ھەموو فشارەکان کۆدەبێتەوەو لەوانەیە تووشی جۆرەھا کێشەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی دەروونی بکات تا ڕادەی ھەوڵی خۆکوشتن یان خۆکوشتنی فعلی.

چۆن سێکس پریدەیتەرەکان کاریگەریت لەسەر دەکەن و فریووت دەدەن ؟
-  ھەمیشە ئەم کەسانە بەشێوەیەکی نەرم دێنە پێشەوە و بە ووتەی شیرین و وەسفی جوان دەست پێدەکەن ، کە سێلف ستیم و متمانەی قوربانیەکە بەخۆی زیاد دەکات و وای لێدەکات وابزانێت تەنیا ئەوە دەتوانێت ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەم ببینێت .
-  واپیشاندانی دەدات کە ھەمان خولیا و ئارەزووی ھەیە لەگەڵ قوربانیەکەیدا .
- گوزەر دەکات بەناو ناخی قوربانیەکەیدا ، وئەو شتەی پێشکەش دەکات کەپێویستی پێەتی ئایە ئەو شتە ھەست ونەست بێت ، وەسفکردن و پیاھەڵدان بێت ، ھەندێ جار دەگاتە ئۆفەری پارە و شتی ماددی .
- ھەوڵ دەدات باوەڕ و سیقەی قوربانیەکەی بەدەست بێنێت ، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی بە سێکسیکردنی پەیوەندیەکە و مانیپولەیشنی قوربانییەکە تا ڕادەیی سوود بینینی جەستەیی .

چۆن خۆمان دەپارێزین لە سێکس پریدەیتەرەکان ؟
- تکایە بە گومان بە : 
بە گومان و دوودڵ و ھۆشیار بە بەرامبەر ھەر نامەیەک لە پەیجێکی واوە یاخود کەسێکی واوە بۆت دێت ، لەبیرت بێت ئامانج لە سۆشیاڵ میدیا دۆزینەوەی ئەو کەسانەیە کە ھەمان فکر و ئارەزوو و خۆلیا کۆتان دەکاتەوە ، بەڵام مەرج نیە ئەو کەسەی دەڵێت منیش ھەمان ئارەزووم ھەیە وەک تۆ بێت .
-  بە ئاگا بە : 
بە ئاگا بە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەتوانن پرۆفایلەکەت ببینین و دڵنیا بەرەوە لەوەی کەسی وەھمی نین.
-  ڕیپۆرت بکە : 
ھەر کردەوەیەکت بینی ، یاخود نامەیەک یاخود وێنەیەک کە گومانی لا دروست کردیت ڕیپۆرتی کە و بێدەنگ مەبە لێی .
- ئاگات لە منداڵەکانت و دەووروبەرت بێت : 
ئەو خێزانانەی کە منداڵی ھەرزەکار و تازە پێگەشتوویان ھەیە دەبێت زیاتر ووریای منداڵەکانیان بن لەسەر سۆشیاڵ میدیا و گفتووگۆیان لەگەڵ بکەن لە بارەیەوە و کاتی بۆ دیاری بکەن .
- بێدەنگ مەبە : 
ھەرگیز بێدەنگی ھەڵمەبژێرەو فشاری دەروونی سەر خۆت زیاد مەکە ، لەوانەیە لەتەمەنی تازە پێگەشتن دا قورس بێت لەبەر ئەوەی ئەزموونت کەمەو شەرمت زۆرە ، بەڵام دەتوانیت بۆ خێزانەکەتی باس کەیت ، یان بۆ ھاوڕێیەکی باوەڕپێکراوت ، یاخود بۆ مامۆستا نزیکەکەت ، یان بۆ پزیشکە تایبەتەکەت کە متمانەت پێیەتی ئەمانە ھەمووی دەتوانن یارمەتیت بەن و ڕێگا چارەت نیشان دەن ، ئەگەر ھەر کەسێکی وانەبوو دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیھانی یاخود مافی منداڵ و ھەرزەکار .
دیاردەی سێکس ئێکسپلۆتەیشن و گێچەڵی سێکسی بەھۆی سۆشیاڵ میدیاوە دیاردەیەکی جیھانییە و دیاردەیەکی زۆر بەربڵاوە ، بە داخەوە کۆمەڵگای ئێمەشی بە ڕێژەیەکی زۆر گرتۆتەوە ، من وەک پزیشکێک کە خۆشبەختانە نەخۆشەکانم متمانەیان زۆرە پێم ، بە دۆکیومێنتەوە لە لایەن چەندەھا پەیجی بەەناوبانگ و کەسایەتی ناسراوەوە ئەم جۆرە گێچەڵانەیان پێکراوە .
بۆیە ھیوادارم ئەم بابەتە بوروژێنرێت بۆ بەرچاو ڕوونکردنەوەی زۆرترین ژمارە لە تاکەکانمان ، دڵنیاش بە مەرج نیە گێچەڵی سێکسی و ئێکسپلۆتەیشنی سێکسی بەس ھەرزەکار و ئافرەت بگرێتەوە ، نەخێر ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە لەوانەیە دووچاری بێتەوە .
پەراوێزو و سەرچاوەکان : 

__who are predator on your social network.?
life wire _ by Tony Bradley, CISSP-ISSAP 
__for every child | digital safety.unicef. org 
__The Thinking Processes of Sexual Predators
By . Stanton Samenow, Ph.D.in psychology 
__7 Signs of Grooming by a Sexual Predator
By . Kati Morton 
__Sexual Exploitation in the media. UNICEF.org 
__Social Media Platforms Bring the Dark Web Closer Than You Think . By .dr Michael McGuire 
bromium . Com 
__Online Predators - Statistics , pure sight , online child safety. 
__الابتزاز الجنسی: أحدپ أشكال الاستغلال عبر الإنترنت 
Online Sense .org .
__الإنترنت یمكن أن یكون "ملعبا للاستغلال الجنسی لڵ‌گفال
BBC _ NEWS عربی