"شاناز خان" جەژنانەمان دەوێت

3199 جار خوێندراوەتەوە کات04:56 بەروار10-08-2019

 

شانازو باسی کۆنگرە

خاتوون تۆ کە خراپترین ئەزموونی بەڕێوەبردنی ئۆرگانی یەکێتیت ھەیە لەناو کۆمیتەو رێکخستنەکانی بریتانیای یەکێتی، نیوە زیاتری یەکێتییەکانی دەرەوە لەداخی تۆ بوون بە گۆڕان، وەک دەڵێن "قسە فەقیرە"، تۆ ئێستا ھەر خەریکی قسەو مزایەدەو پارە بەخشینەوەو تەکەتولی بۆ کۆنگرە، دەتەوێ کۆنگرەی یەکێتی بکرێت و ببیت بە سەرکردایەتی ئەمجارە کوێی ترمان بۆ وێران بکەیت؟! 

 

تەمەنێکی باشت بەڕێکردووەو وا بەسەری سپیەوە ئەتبینین، بە حزووری مام و پاش مامیش کوا نموونەیەکی سەرکەوتووی تۆ لەو دەرفەتانەی حزب پێیداوی لەرابردوو بۆ بەڕێوەبردنی رێکخستنەکان، جگە لە تەفروتووناکردن و تۆراندنی سەدان و ھەزاران کادری دڵسۆزی ئەم حزبە!؟
ئێ لانی کەم چاو لە خاتوو ھێرۆی خوشکت بکە کاتێک لە مەڵبەندی سلێمانی زانی سەرکەوتوو نەبووە دەسی لەو بەرپرسیاێتییە ھەڵگرتوو داوای لێبووردنیشی لە یەکێتییەکان کرد!

ئەرێ تۆ چۆن زات دەکەی باسی کۆنگرە بکەیت؟ ئاخر ناشێ لەبیرت چووبێت کاتێک جێگرانی سکرتێری گشتی چەند ساڵێك لەمەوبەر داوای ئەنجامدانی کۆنگرەیان کرد، خەریک بوو حەوت مەملەکەت بێنیتە سەرمان، ئەتوت مام لەمکاتە نەخۆشەو بەھیچ جۆرێک نابێت باسی کۆنگرە بکرێت، خۆ دەمانزانی لەبەر مامت نەبوو چونکە ئەگەر مام لەشی ساغ بوایە نەیدەھێشت تۆ لەژوور سەری دانیشی رەسم لەگەل جەستە ماندووەکەی بگریت، شینی تۆ ئەوکات بۆ مام نەبوو بۆ ئەو نابوویتیەت بوو لەناو حزب ئەتزانی ئەگەر کۆنگرە بکرێت دەرناچیت بۆ سەرکردایەتی، ئێستاش وادەزانی بە بەسەرکردنەوەی ماڵی بەخشراوان و رشتنی فرمێسکی درۆ لەبەرچاوی خانەوادەی شەھیدان و پۆستی فەیسبووک نیشاندانی خەڵکی ھەژارو کەمدەرامەت بەوخەڵکە، ئیدی حاڵت لە کۆنگرە زۆرباشە؟! بۆ خەڵک نازانن کاتێک تۆ بۆ وێنەگرتنێک لەبەرچاوی ئەوان بۆ ھەژاریان دەگریت جانتاکەت بەدەیان دەفتەر دۆلاری تێداخەوتووە، ئەک غیرەت سەگ بتخوات؟!

شانازو خەڵکی سلێمانی
خاتوو شاناز تۆ کە مێشکت بردووین بە باسی سلێمانی و خزمەتی شارەکە، ئێ خوشکەزاکەی خۆت مەسئولی بەڕو بەحری دەڤەرو شاریشە، قەیچییەکە ئێوارەیەک بەدەم ھەڵدانی پێکە شەرابە گرانبەھاکانت و داگیرسانی جگەرەی مالیبۆری ئەڵمانییەوە، تەلەفوونێکی بۆ بکەو بڵێ "باوکە" تا ماڵی ئێمە وەرە، دڵنیام دێت لێی بپرسە کە کێ کەمتەرخەمە لە خزمەتکردن بە سلێمانی تۆ بڵێی وەڵامەکەی نەزانێت؟ تۆ بڵێی نەزانێ پارەی سەد مەترییەکە لەکوێیە؟ تۆ بڵێی وەڵامت نەداتەوە کە کێ دەستی گرتووە خزمەتی شار بکات؟ تۆ کە حەجەکە لەپاڵ خۆت و کەسوکارەکەتە بۆچی گەڕ لە خەڵکی تر دەئاڵێنی؟! 

خاتوون، یانی نازانی خەڵکی شار ھەموو ئەم راستیانە دەزانن و کەس رەخنەکانت لەبارەی خزمەتکردن بە سلێمانی بە تورێک لێوەرناگرێت، تۆ کە ئەتەوێ عاتیفەی خەڵکی شار بەلادانی پەردە لەسەر پەیکەری عەولەسیس و برایم پاشای بابان بەلای خۆتا راکێشی، دەبێ لەو راستییە تێگەیشتبی کە "شکور وشیارن خەڵکی سلێمانی" دەزانن کە پۆستێک دەکەی لەبارەی شار خۆت لەبەرزترین و خۆشترین و فێنکترین ناوچەی سلێمانی نیشتەجێی و بەدەم قاوەوە شەرابەوە مزایەدە بەسەر ئەھلی شار دەکەیت، ئێ گریمان مەکتەب سیاسی و برادەرانی سەرکردایەتی خراپن، داگیرکارن، دە بیکە بە جەژنانەو ھەموو سەرکردایەتی حزبەکەت ئیحراج بکەو بڵێ وا من خۆم و ھاوسەرەکەم بریارماندا ھەرچی زەوی دەباشانە کە کردوومانە بەناوی خۆمان دەیگەڕێنینەوە بۆ خەڵکی شارەکە، بزانە ئەوکات خەڵک بە دوعاکانت دەڵێت ئامین یان، نا؟!

ئاخر مەعقولە خۆم نوێژنەکەرم، داواش لە خەڵک بکەم بچن بۆ جەماعەت؟! تۆ ئەستۆپاکیت لەناو حزب و لەناو ئەھلی شار بکە ئەوکات دڵنیابە لەوەی دەبیتە خۆشەویست و حەبابی شارو دەنگی باشی کۆنگرەش دێنی و خەڵکی تریش ئیحراج دەکەی تاچاوت لێبکەن، (دەی جەژنانەمان دەوێت)!

ھەڤاڵێکی بەئاگا لە دۆخی یەکێتی و سلێمانی