كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی گرنگ بۆ پاراستنی ته‌ندروستیت له‌ جه‌ژنی قورباندا

72 جار خوێندراوەتەوە کات02:19 بەروار11-08-2019
كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی گرنگ بۆ پاراستنی ته‌ندروستیت له‌ جه‌ژنی قورباندا

ڕاچڵه‌كین-

ڕۆژانی جه‌ژن زیاتر له‌ ڕۆژه‌كانی دیكه‌ شیرینی و خواردنه‌ جیاوازه‌كان ده‌خورێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نه‌خۆشن زیاتر ئاگایان له‌ ته‌ندروستی خۆیان بێت له‌م ڕۆژانه‌دا، دكتۆره‌ هه‌ڤین پزیشكی پسپۆڕی ئازار و به‌نج كۆمه‌ڵێك ڕێنمایی پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی خواردنی ژه‌مه‌كان و زیاتر ئاگاداربوونی ته‌ندروستی.

١- تکایە دووربکەوەرەوە لە خواردنی شیرینی زۆر لەبەیانی جەژندا ، بۆ ئەوەی بە دوور بیت لە کێشەو ئازاری گەدە، دەتوانرێت نانی بەیانی جەژن بکرێت بە دووبەشەوە ، بەشێک پێش نوێژی جەژن کەباشترە پێک ھاتبێت لە ماست و خورما کەلەسێ دەنک زیاتر نەبێت ئەوەی تریش لە دوای نوێژ کەھەر باشترە ژەمێکی سوکەڵە بێت نەک قورس .

٢- دوورکەوەرەوە لەخواردنی ژەمە قورسەکان کە دەبنە ھۆی ئازار و تێكچوونی  گه‌ده‌ ، وەکو خواردنە سورەوکراوەکان ، یاخود ئەو خواردنانەی زۆر چەورن و جوان نەکوڵاون ، ھەندێک لە پاقلەمەنیەکان کەتوێکڵەکانیان ئەستوورە .

٣- لەکاتی ئامادەکردنی شیرینی دا باشترە یەک جۆر ئاماده‌ بکەیت و بەڕێگایەکی تەندروست بێت ، زۆری جۆرەکان وادەکات زیاتر بخورێن ، باشتر وایە کەمتر ڕۆن بەکاربھێنرێت لە ئامادەکردنیدا و لەجیاتی ئەو زەیتی زەیتون بەکاربێت .

٤- باشتر وایە ئەو گۆشتەی ئامادەی دەکەیت بۆ خواردن ھەموو چەورییەکەی لێکەیتەوە پێش لێنان ، ئەگەر مریشکت ئامادە کرد پێستەکەی بە تەواوەتی لێکەرەوە ، ھەتا دەتوانیت خوێ کەم کەرەوەو بەھاراتەکانی تر وەکو زەردەچەوەو بیبەری سپی و ئاڵەت بەکاربھێنە بۆ بەتامکردنی خواردنەکەت ، ھەتا دەتوانیت خۆت بە دوور بگرە لە خواردنی گۆشتی سوور ، ئەگەر خواردیشت باشتر وایە بەکوڵاوی یان برژاوی بێت .

٤- ئاو زۆر بخۆرەوە یاخود شەربەتی میوەی فرێش ، دووربکەوە لە خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە ئامادەکراوەکان ، بۆ ئەوەی دوور بیت لە قەبزی و جەستەت بە ڕێک و پێکی کارەکانی ئەنجام بدات .

٥- دووربکەوە لە بەکارھێنانی زەردێنەی ھێلکە لەھەندێ خواردەمەنی و شیرینی دا ، چونکە ڕێژەیەکی زۆر کۆلیسترۆڵ و چەوری تیادایە ، شیری کەم چەوری و ئاردی بۆر بەکار بھێنە بۆ ئامادەکردنی شیرینیەکان، ژمارەی کالۆری کە لەناو پارچەیەک کێکدایە چوار ئەوەندەی کێشەکەیەتی ، واتە ئەگەر کێکێک کێشی ٣٠غم بێت ئەوە بڕی ١٢٠ کالۆری تیادایە ، بۆیە باشترە لە دووپارچە کێک زیاتر نەخورێت لە ڕۆژەکەدا .

٦- نابێت بڕی زیاتر لە ٤٠٠ ملغم کافایین وەربگریت لە ڕۆژەکەدا ، واتە نزیکەی( ٩-١٠ کوپ قاوە ، ٦-٧ کوپ چا ) .

٧- بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی گرژبوونی کۆڵۆنیان ھەیە دوور کەونەوە لەو خواردنانەی کە بەشێوەیەکی زۆر بەھارات و بیبەر و ئاڵەتیان تیادایە ، یاخود خواردنە توون و تیژەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە میوانداریه‌كان ئاماده‌ ده‌كرێن .

٧- نابێت وەرزشەکانت لەبیر چێت و دەبێت ھەموو ڕۆژێک ٩٠-١٢٠ خولەک وەرزش ئەنجامبدەیت ، بۆ ئەوەی کێشت ڕاگریت و دوور کەویتەوە لەنەخۆشیە درێژخایەنەکان.

٨- ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵە وەک نەخۆشی شەکرە ، نەخۆشی دڵ و فشاری خوێن لەکاتی خواردنی ژەمەکاندا دوور کەونەوە لەژەمە قورسەکان ، لە خواردنە چەور و سوێرەکان ، لەشیرینی و کاربۆھیدراتەکان ، خواردنی سورەوکراو ، کەمکردنەوەی کافایین ، باشترە ژەمی بچووک بچووک بخورێت و جۆراو جۆر بێت لە ڕۆژەکەدا .

٩- ھەرگیز ژەمی بەیانی فەرامۆش مەکە ، چونکە فەرامۆش کردنی دەبێتە ھۆی زیاتر خواردن لە ژەمەکانی تردا .

١٠- لەکاتی میوانداریدا کەژمارەیەکی زۆر و جۆراوجۆر خواردنت پێشکەش دەکرێت ، تۆ ھەمیشە خواردنە تەندروستەکان زیاتر ھەڵبژێرە کە پێکھاتەی خۆراکیان زۆرەو کالۆریان کەمە ، وەکو "سەوزەواتەکان ، میوەکان ، دانەوێڵە تەواوەکان و گۆشتی کەم چەوری " و دوور کەوەرەوە لە خواردنە سوێرەکان ، خواردنەوە گازییەکان کەڕێژەیەکی زۆر شەکر و کافاینیان تیادایە ، دوور کەوەرەوە لەخواردنە چەورەکان .

١١- ھەوڵبدە کەمتر ترشیات بخۆیت چونکە ھەندێک جار کاریگەری خراپیان ھەیە ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر بخورێت.