له‌سه‌ر لابردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەكۆنسێرتی هونەرمەندێكی تورك لەشانۆی رۆمانی رونكردنەوە دەدرێت

136 جار خوێندراوەتەوە کات04:17 بەروار12-08-2019
له‌سه‌ر لابردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەكۆنسێرتی هونەرمەندێكی تورك لەشانۆی رۆمانی رونكردنەوە دەدرێت

راچڵەكین

به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی ڕۆمانی ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ هونه‌رمه‌ندێكی‌ تورك ئاڵای‌ كوردستان له‌سه‌ر شانۆی‌ رۆمانی‌ لابرابێت، دەشڵێت، كۆمپانیای زێڕین تراڤڵ ئه‌م كۆنسێرته‌ی به‌ڕێوه‌ بردوه‌ و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ ورده‌كاری به‌رپرسیار نین.

دوای ئەوەی دوێنێ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وا بڵاوكرایه‌وه‌ كە لەكۆنسێرتی گۆرانیبێژی تورك كۆرای ئافچی كە لەشانۆی رۆمانی لە پاركی هەواری شار بەڕێوەچوو،  "ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر داوای ئه‌و گۆرانیبێژه‌ داگیراوه‌ و رازی نه‌بووه‌ له‌ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا گۆرانی بڵێت ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.

سه‌ردار خدر به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی رۆمانی له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند،  "به‌ هه‌مو لایه‌ك راده‌گه‌یه‌نین كه‌ له‌ كۆنسێرتی كۆڕای ئاڤچی دا له‌ ناو شانۆی ڕۆمانی به‌ هیچ جۆرێك ئاڵای كوردستان لانه‌براوه‌.

ئاماژەی بەوەشكردووە، له‌ بناغه‌دا له‌ سه‌ر شانۆی ڕۆمانی ئاڵای كوردستان دانه‌نراوه‌، له‌ سه‌ربانی شانۆی ڕۆمانیش ئاڵا دانه‌نراوه‌ و هه‌ركه‌سێ ئیدیعای تری هه‌یه‌ ئه‌توانێ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی راستیه‌كان بخاته‌ڕوو بۆ لێپرسینه‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی ڕۆمانی ئەوەشیخستەڕوو، كۆمپانیای زێڕین تراڤڵ ئه‌م كۆنسێرته‌ی به‌ڕێوه‌ بردوه‌و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ ورده‌كاری به‌رپرسیار نین.

هاوكات لەسەر هەمان پرس ‌ كۆمپانیای زێڕین تراڤڵ له‌ روونكردنه‌وه‌‎یه‌كدا دەڵێت،‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ شه‌وی 11 له‌سه‌ر 12ی ئاگۆست، كۆنسێرتی هونه‌رمه‌ندی تورك كۆرای ئاڤچی له‌ سه‌ر سته‌یجی شانۆی رۆمانی له‌ پاركی هه‌واری شار به‌ڕێوه‌چوو، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو بویه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بینای شانۆی ڕۆمانی داگیراوه‌".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمه‌ وه‌كو ستافی كۆمپانیای زێرین تراڤڵ وه‌كو ڕێكخه‌ری ئه‌و كۆنسێرته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕایده‌گه‌یه‌نین ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ دوورن له‌ ڕاستی و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بیناكه‌ بوونی نه‌بووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یان وێنه‌ی ناو گوگڵ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌و بینایه‌ به‌بێ ئاڵا سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن.