توركیا ئەمساڵ لەهاتنی گەشتیار بۆ وڵاتەكەی ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات

243 جار خوێندراوەتەوە کات05:18 بەروار12-08-2019
توركیا ئەمساڵ لەهاتنی گەشتیار بۆ وڵاتەكەی  ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات

راچڵەكین 

سەرۆکی یەکێتی خاوەن ئوتێلەکانی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئێستا لەبواری گەشتیاریدا لەسەردەمی زێڕینی خۆیدایە و لە ئامادەکاریدایە بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لە ٢٠٢٠دا.

عوسمان ئاییک سەرۆکی یەکێتی خاوەن ئوتێلەکانی تورکیا بە ئاژانسی ئانادۆڵی وتووە، تورکیا لە ٢٠١٩دا لەبواری گەشتیاریدا سەرەتایەکی باشی تۆمار کردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامارەکانی ٧ مانگی گەشتیاری زۆر دڵخۆشکەرن و لەسەر ئاستی گشتی تورکیا ئامانجی ئەوەیە لە سەری ساڵدا ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە ٥٠ ملیۆن و تەنیا لە ئەنتاڵیا بگاتە ١٦ ملیۆن گەشتیار.

ئاییک باسی لەوەشكردووە، ئامادەکاریان کردووە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و لەوبارەیەوە بەڵێننامەکان واژوو کراون، چالاکییەکانی مامەڵە کردن وردە وردە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەوەشیخستووەتەڕوو، "لەنێو بازاڕی بەڕیتانیادا دەستمان کردووە بە فرۆشتن و کرێی پێشوەختە بۆ ساڵی ٢٠٢٠، لەگەڵ ئاشکرا کردنی نرخەکان لە بازاڕی ئەورووپاش دەست پێدەکرێت بە فرۆشتن و کرێی پێشوەختە.

رونیشیكردووەتەوە، ئەم ساڵ بە بەراورد بە ٢٠١٨ چاوەرێمان دەکرد بەرێژی لەسەدا ١٠ نرخەکان باشبوون بەخۆیانەوە ببینن، ئەگەریش هەیە ئەو رێژەیە لە ٢٠٢٠دا بچێتە سەرو ئەمە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ ئامانجیانە ٥٠تا٥١ ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی تورکیا بکەن و لەوەش ٣٥ ملیار دۆلار داهاتی هەبێت، گوتیشی: "لە داهاتوودا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئامانجمانە ٥٥-٦٠ ملیۆن گەشتیار راکێشینە تورکیا و بڕی ٤٠ ملیار دۆلار داهاتی بێت لەبواری گەشتیاریدا".