عێراق: بونی ئیسرائیل لەکەنداو گرژییەكان ئاڵۆزتر دەكات

26 جار خوێندراوەتەوە کات06:19 بەروار12-08-2019
عێراق: بونی ئیسرائیل لەکەنداو گرژییەكان ئاڵۆزتر دەكات

راچڵەكین

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەشداریکردنی ئیسرائیل لە پاراستنی ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی  ڕەتدەکەینەوە.

محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئابی 2019 لەجریوەیەكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، عێراق بەشداریكردنی ئیسرائیل لەپاراستنی ئاوەكانی كەنداوی عەرەبی ڕەتدەکاتەوە، و دەبێت ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانەوە چارەسەر بکرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتانی كەنداو توانای پاراستنی ئەو كەشتیانەیان هەیە كە بەكەنداوی عەرەبیدا تێدەپەڕن، بەڵام بوونی هێزە خۆرئاواییەكان لەناوچەكەدا گرژیەكان ئاڵۆزتر دەكات.

باسی لەوەشكرد، وڵاتانی كەنداو هەوڵی ئەوەدەدەن  لە ڕێگەی گفتوگۆوە بارودۆخەکە هێور بکەنەوە و وڵاتانی ناوچەکەش کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت كەشتیەكان بە ئارامی بەكەنداودا تێپەڕن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئێرانیش هەمان هەڵوێستی عێراقی هەبوو لەسەر بەشداریكردنی ئیسرائیل.