وەزیری بەرگری توركیا: هۆشداریمانداوە بە ئەمریكا لەبارەی یەپەگە

100 جار خوێندراوەتەوە کات07:48 بەروار12-08-2019
وەزیری بەرگری توركیا: هۆشداریمانداوە بە ئەمریكا لەبارەی یەپەگە

راچڵەكین

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند لەچوارچێوەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا، لەماوەیەکی زۆر نزیکدا ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکەنەوە. 

خولوسی ئاکار لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی تەرەتە خەبەر-ی توركی وتی، " لە کۆبوونەوەکانی ٥بۆ٧ی ئاب لەگەڵ وەفدی سەربازیی ئەمریکادا مەودایەکی باشیان بڕیوە و وتی، "دەستپێکێکی باش بوو. نیازمان، نیگەرانییەکانمان، داواکارییەکانمان دەرخست و ئەوانیش راوبۆچوونیان دەرخست لەگەڵمان. 

باسی لەوەشكرد، داوامان کرد یەپەگە لەناوچەکە دەربکرێت، چەکە قورسەکان وەربگیرێنەوە. هاوکات کۆنتڕۆڵ کردن و هەماهەنگی ئاسمانی ناوچەکە و گۆڕینەوەی هەواڵگری زۆر گرنگە، لەهەندێک خاڵدا رێککەوتن کراو، گەیشتینە لێکتێگەیشتن".

وه‌زیری به‌رگری توركیا ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ ئەمریکییەکانیشدا قسەیان کردووە دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکانی نێو تورکیا بۆ ناوچەی داماڵراو لە تیرۆر و ئاشکرای کرد لەسەر ئەمەش بەڕێژەیەکی بەرچاو لێکتێگەیشتن هەیە.

لەبارەی کاتی جێبەجێ کردنی پرۆگرامە هاوبەشەکانیانەوە، ئاکار وتی، "لەرۆژانی داهاتوودا لەگەڵ کردنەوەی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش كاره‌كانی دیكه‌یش ئه‌نجام ده‌ده‌ین. به‌ روونی پێمانگوتن هه‌رگیز رێگه‌ به‌ دروستبوونی رێڕه‌وێكی تیرۆر ناده‌ین له‌ باشووری سنووری وڵاته‌كه‌مان. 

ئاكار ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ به‌ ئه‌مریكییه‌كانیان راگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان پابه‌ند نه‌بن به‌و ئامانجه‌ كرده‌ییانه‌ی دیاری كراون ئه‌وا مافی ئه‌وه‌یان ده‌بێت به‌ ته‌نها بكه‌ونه‌ جموجۆڵ و گوتی: "هیوادارین ئه‌مریكای هاوپه‌یمانمان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داویانه‌ له‌گه‌ڵمان بن له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌كه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر جۆرێك كه‌موكوڕییه‌ك بێته‌ پێش ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه‌. به‌ سه‌رۆكی شاندی سه‌ربازی ئه‌مریكامان گوت كه‌ پێویسته‌ به‌ په‌له‌ پشتیوانی سه‌ربازی بۆ یه‌په‌گه‌ كۆتایی پێ بێندرێت چونكه‌ هیچ جیاوازی نییه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌".