شیزۆفرینیای تاکی کورد چییە ؟

2746 جار خوێندراوەتەوە کات09:57 بەروار13-08-2019
شیزۆفرینیای تاکی کورد چییە ؟

د.هه‌ڤین كه‌مال شا- ڕاچڵه‌كین

ئایە تاکی کورد تاکێکی تەندروستە لەڕووی دەروونی و ھەڵسووکەوتەوە؟ تاکێکی ڕاستگۆیە لەگەڵ خودی خۆیی و دەوروبەری دا یاخود تاکێکی دوو فاق و فرە سیمایە ؟ ئەو بازنانە چین کە تاک و کۆمەڵگای دووفاق و فرە سیما دروست دەکەن ؟ئایا کۆمەڵگایەک لەم جۆرە تاکانە پێک ھاتبێت کۆمەڵگەیەکی تەندروستە؟
 
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بابەتەکە پێشەکی ووشەی ( شیزۆفرینیا ) دەھێنین و ماناکەی ڕووندەکەینەوە بەشێوەیەکی گشتی و ژەنەڕاڵ ، بەھەمان شێوە لەڕووی زانستی یەوە، شیزۆفرینیا ووشەیەکی گریکی یە کەلە دووبڕگە پێکدێت ، بڕگەی شیزۆ واتە ( split _ دابەش بوون ) لەگەڵ بڕگەی فرین کەواتای (mind _ بیر یاخود ژیری ) ە ، و لەگەڵ یەکدا بەمانای (split of mind _ جیابوونەی بیر یاخود دابەش بوونی ژیری ) دێت .

ئەمە بەشێوەیەکی ژەنەڕاڵ یاخود گشتی ، بەڵام بەپێی زانستی پزیشکی بێت ، شیزۆفرینیا بریتییە لە حاڵەتێکی دەروونی و نەخۆشیەکی ژیری و مێشکە ، کەتیایدا نەخۆش بیرکردنەوەو ھەستی جۆرێکە بەڵام کردەوەو ئەکشنەکانی جۆرێکی ترە واتە دابەش بوونێک ڕوودەدات لە نێوان فکر و ژیری لەلایەک و کردەوەو ئەکشنەکانی لەلایەکی تر ، وەھەر جارەی بە جۆرە سیمایەک دەردەکەوێت و نمایش دەکات .

ئا لێرەدا ئێمە ووشەی ( شیزۆفرینیا ) بە مانا ژەنەڕاڵەکەی وەردەگرین و مەبەست لێی فرە کەسایەتی و فرە سیمایی تاکی کوردە .

تاکی کوردی بەتایبەتی و تاکی عێراقی و ڕۆژھەڵاتی بەگشتی زۆربەی نیشانەکانی شیزۆفرینیا و ئیزدواجیەت و فرە کەسایەتی تیادایە، یەکەم کەس کە زۆر بە قووڵی باسی ئەو دیاردەیەی کردووە دکتۆر و کۆمەڵناسی عێراقی( د. عەلی وەردی )بووە ، کە بەشێوەیەکی زۆر واقعیانەو ڕاستگۆیانە و نزیک لەخەڵک توێژینەوەکانی کردووە لەسەر کەسایەتی تاکی عێراقی ، کە ھەمان کەسایەتی تاکی کوردە چونکە ھەمان ئاین و کلتوور و نەریت و عورفی کۆمەڵایەتی بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە .

عەلی وەردی لەتۆیژینەوەکانیدا سوودی لەنزیکی لە ھەموو چینەکانی کۆمەڵگاوە بینیوە لە نوخبەوە بۆ عەوام ، ھەر بۆیە توێژینەوەکانی لەسەر کەسایەتی تاکی عێراقی بە تەنھا ئەکادیمی نین ، بەڵکو زۆر واقیعی و ڕاستگۆیانەن ، بەھەمان شێوەی ( جاحچ) کەلەسەردەمی عەباسییەکاندا لەسەر چینەکانی کۆمەڵگای عێراقی نوسیوەو کەسایەتیانی شیکردۆتەوە .

لێرەدا ئێمە باسەکەمان چڕ دەکەینەوە لەسەر کەسایەتی تاکی کوردی و ئەو شیزۆفرینیاو فرە سیمایەی کە تیایدایەتی ، یاخود ئەو دوو فاقیەی کە کاری پێدەکات لە ژیانی ڕۆژانەیدا .
ت
اکی کوردی دووفاقیەک دەژی لەنێوان جەستە و ڕۆحی دا یاخود فکریدا ، لەنێوان ئەوەی باوەڕی پێیەتی و ئەوەی ڕۆژانە دەیکات ، لەنێوان ئەوەی دەیەوێت بیکات و ئەوەی دەتوانێت ئەنجامی بدات ، لەنێوان خودی راستەقینەی خۆی و ئەو خودەی کۆمەڵگا بۆی دروست دەکات بەھۆی پلەو پێگەیی وەزیفی لە کۆمەڵگادا .

ئەم ئیزدواجیەتە یاخود دووفاقیەی تاکی کوردی لە کاتی لە دایک بوونەوە دەست پێدەکات تا کاتی ناشتن و مردن ، لەوانەیە ژمارەیەکی کەم توانیبێتیان خۆیان ڕزگار کەن لەم دووفاقیەو فرە سیماییە ، و بێ دەمامک بژین و ، لەگەڵ خۆیان و دەوروبەریان ڕاستگۆ بن ، و دوور بن لە دوو فاقی کۆمەڵایەتی کەپێی دەوترێت ( نفاق الاجتماعی ) ، بەڵام ئەم تاکە ڕاستگۆیانە ھەمیشە تاکی بێزراون لە لایەن کۆمەڵگاوەو دوور دەخرێنەوە لەژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایەک کە سیفەتی دوو فاقی و فرە سیمایی تیا بەر بڵاوە .

ھەموو تاکێکی کۆمەڵگا بەتایبەتی تاکی ڕۆژھەڵاتی کاریگەری سێ چەمک یاخود سێ بازنەی لەسەرە ، کە دووانی یەکەمیان سێیەم دەجوڵێنێت ، ھەرچەندە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بازنەی سێیەمیش ھۆکار نیە بۆ تێکچوون و کەوتنی کۆمەڵگا و بازنەکان، بازنەی سیاسی ، بازنەی ئاینی ، بازنەی کۆمەڵایەتی یە .

ئەوەی ڕوونە کاریگەری ئەم سێ بازنەیە لەگەڵ یەکدا تاکێکی دووفاق و فرەسیماو فرەکەسایەتی پێکدێنێت کە دەبێتە ھۆی داڕووخان و دواکەوتنی کۆمەڵگا .
ئەگەر بێن باسی (بازنەی سیاسی) بکەین ، بەگشتی سیاسەت و دەسەڵات لەڕۆژھەڵات دا دەسەڵاتێکی دیموکراتخوازانە نیە بەڵکو دیکتاتورییە ، بنەماکانی لەسەر زوڵم و زۆرداری و پێشێل کردنی ئازادی و دەم بەستنەوە بەندە ، ھەمیشە دەسەڵاتدارانی ڕۆژھەڵات دوو ئامرازی گرنگیان بە دەستە کە ئەویش ( نەخوێندەواری و ھەژاری ) یە ، کە بەکاریدەھێنن بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و دەستت بەسەردا گرتنی تاکەکانی کۆمەڵگا ، ئەم جۆرە دەسەڵاتە دوورت دەخەنەوە لە بیرکردنەوە ، خوێندنەوە ، بەدواداچوونی زانستی بۆ بابەتەکان ، ھانت دەدات بۆ نەخوێندەواری و تەمەڵی و کات بەفیڕۆدان ، وەھەر کەسیش لەم بازنەیان بێتەدەرێ سزا دەدرێت ئایا سزایەکی بەرجەستە بێت یاخود مەعنەوی، ھەر بۆیە بەرھەمی ئەم جۆرە سیاسەتە گەلێکی ترسنۆک و کۆمەڵگایەکی داڕووخاو بێ بەرھەمە .

(بازنەی ئاینی) کاریگەرییەکی زیاتری ھەیە لەسەر تاک لە کۆمەڵگای ئێمەدا ، لەبەرئەوەی ئایین ئەو ھێزە ڕۆحییەیە کەبەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار لە ناخی تاکی کوردی دەکات ، ھەموو ڕەوشت و ئەخلاقیات و کردەوەکانی بەپێ ئاین دائەڕێژڕێت ، لەدەرەوەی ئاین تاکی کورد بە مرۆڤێکی بێ ڕەوشت و بێ پرینسپل دادەنرێت . 

بۆیە بە سیاسەتکردنی ئایین و سەیرکردنی وەکو دامەزراوەیەک و بەتاڵکردنەوەی لە لایەنە ڕۆحییەکەی کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لە دروستکردنی تاکێکی فرە سیما و دووفاق، تاکی کورد تاکێکە لەسەر بەھا ئەخلاقیەکان و قیەمە کۆمەڵایەتیەکان (وەکو : ڕاستگۆیی و ئەمانەت و ڕێزگرتن لەبەرامبەر ..ھتد) پەروەردە ناکرێت لە دەرەوەی ئایین ، بەڵکو ئەم بەھایانە تەنیا لە چوارچێوەی ئاین دا کۆ دەکرێتەوە و ئەوەی بێ ئایین و ئاتیست بێت بە تاکێکی بێ بەھاو بێڕەوشت دادەنرێت لەکۆمەڵگای کوردیدا ، بە مەرجێک لەڕۆژئاوادا ئەم ڕەوشت و بەھا ئەخلاقیانە ھیچ پەیوەندیان نیە بە ئایینەوە ، بەڵکو تاکیان لەسەر ھەندێ بنەما و بەھا پەروەردەدەکرێت کە پەیوەندی ھەیە بە مرۆڤ بوونیانەوە .

ھەر بۆیە لێرەدا تاکی کوردی دەخرێتە ژێر چەند پرسیارێکەوە : 
- ئایا ئەو ڕەفتارو کردارانەی پێھەڵدەستێت لەئەنجامی قەناعەت و بیروڕاو بەھا ئەخلاقیەکانە یاخود لەبەر بوونی چاودێرێکی ئاینی و ترس لە حەڵاڵ و حەرام و بوونی بەھەشت و دۆزەخە ؟
- ئایا ئەگەر ئاینی لێدوورخەیتەوە و ترس نەمێنێت لە لێپرسینەوە و پاداشت و سزا پابەند دەبێت بە ھەمان ڕەفتاڕ و پرینسپڵ و بەھایی ئەخلاقییەوە یاخود نا ؟

بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە دەتوانین کەمێک ڕابمێنین لە تاکی کورد و کەسێتی تاکی کورد لەئەنجام دا دەبینین : دووفاقی کاتێک دەست پێدەکات کە بەربەرەکانیەک دروست دەبێت لەناخی تاک دا لە نێوان ئەو بیروباوەڕەی پەروەردە کراوەو گەورە کراوە لەسەری لەبەرامبەر حەز و ئارەزوەکانی و ئەو واقیعەی تیایدا دەژی ، بەو جۆرە دەکەوێتە حاڵەتی شڵەژان و دووفاقی لەنێوان ناخی خۆیی و سیمایی دەرەوەی ، خودە ڕاستەقینەکەیی و ئەو خودەیی لەناو خەڵکدا پێ دەردەکەوێت ، کە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ گەندەڵی کۆمەڵگاو دووڕوویی و کەوتنی بەھا ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان . 

داماڵینی ئایین و ڕووتکردنەوەی لەمانا ڕۆحی و جەوھەرییەکەی و کورتکردنەوەی لەتەنھا ھەندێ گووتار و فەتوایی ئاینی ، و بەحەڵاڵ کردن و حەرامکردنی ھەندێک شتی لاوەکی و بە دامەزراوەکردن و بەسیاسەتکردنی ئایین بۆتە ھۆی ئەوەی ئایین دوور کەوێتەوە لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگاو گرفتە ڕۆژانەییەکانی ، و خۆی سەرقاڵ کات تەنیا بە ھەندێک شتی لاوەکی و فەتوای کرچوکاڵ کە ھیچ لایەنێکی مرۆڤانەی تیادا نیە .

(بۆ نموونە ئەگەر پرسی ژن باس بکەین ، کاتێک ژن لەو مەجلیسە ئاینیانەدا تەنیا وەکو عەورەتێک سەیر دەکرێت و جیادەکرێتەوە لە پیاو ، وەک تابۆیەک بەرجەستە دەکرێت کە بەڕووکەش دەشارێتەوە لە چاوی کۆمەڵگا بەڵام لە ناخدا وەک کاڵایەکی چێژ بەخش تەماشا دەکرێت ، ھەموو ئەو گووتار و فەتوایانەی لەبارەیەوە دەدرێت ئەرکە ڕاستەقینەکەی ئافرەت لەبیردەکات وەکو نیوەی کۆمەڵگا و دایک و خوشک و ھاوسەر و ھاوڕێی ، تەنیا وەک عەورەتێک و کاڵایەک بۆ چێژ بەخشین ڕەفتاری لەگەڵ دەکات . )
- ئەگەر بێنە سەر باسی ( بازنەیی کۆمەڵایەتی ) کە لەئەنجامی کاریگەری ئەم دوو بازنەیەی سەرەوە دروست دەبێت ، باس لە کۆمەڵگا و ئاکامە مرۆڤایەتیەکانی بکەین کە لەئەنجامی ئەم دوو بازنەیەوە دروست دەبن ، کۆمەڵگایەکی دووفاق و بێ سیما بەرھەم دێنن ، تاکی ئەم کۆمەڵگایانە سیمایەکی دیاری کراویان نیە ، ھەر جارەی بە شێوەیەک خۆیان نمایش دەکەن ، ھەموو قەدەغەکراوەکان ڕەت دەکەنەوە بە ڕووکەش و عەلەنی ، بەڵام بەدزییەوە حەڵاڵی دەکات و ئەنجامی دەدات دوور لە چاوی کۆمەڵگا .

تاکی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە تەنیا خۆی بەڕاست و حەقبێژ دەزانێ و مافی بەرامبەر زەوت دەکات لە ئازادی ڕادەربڕین و جیاوازی ، چەند پێوانەیەکی تایبەت بە خۆی دادەنێت کەزۆربەی جاریش پێوانەیەکی ھەڵەیە و بەپێی ئەوە مرۆڤەکان ھەڵدەسەنگێنێت ، لە کۆتاییدا تاکێک دروست دەبێت کە ئیزدواجیەت و دووفاقی ھەیە لە نێوان بیروھۆش و ھەڵسوکەوتی دا ، مرۆڤێکی شیزۆفرینیک بەھەموو مانایی ووشەکە .

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری وێنەکە دەتوانین چەند نموونەیەکی ڕاستەقینە بھێنینەوە : 
ئەو دووکاندارە موسوڵمانەی بە خێرایی دووکانەکەی دادەخات و کارو کاسبیەکەی بەجێدێڵێت لەکاتی بانگدان و نوێژدا و دەچێتە ڕیزی یەکەمی نوێژکەرەکان ، ھەمان دووکاندار دوای ئەوەی نوێژەکەی تەواو بوو و دووھەنگاو دوورکەوتەوە لە مزگەوت و دەستی کردەوە بە بازرگانیەکەی ئامادەیە کاڵاکەی بە پێنج ھێندە قازانج بفرۆشێت بێئەوەی ھەست بە لێپرسینەوە و سەرزەنشت کردن بکات ، ھەموو نوێژەکانی زۆر بە ئاسانی دەفرۆشێتەوە بە چەند کاغەزێکی سوور و سەوزی پارە .
ئەگەر نموونەیەکی تر بێنینەوە وەکو ئەو ئافرەتەی کە چەند نەخۆش بێت و کێشەی تەندروستی ھەبێت پێی عەیبەیە و شەرمە کە پزیشکێکی پیاو پشکنینی بۆ بکات ، چەندەھا شوێن دەگەڕێت و پارەسەرف دەکات تا پزیشکێکی ئافرەتی دەستدەکەوێت ، بەڵام لەھەمان کاتدا لای ئاساییە کە دەچێت بۆ لای مەلایەکی فاڵگرەوەو نوشتەچی یاخود دەستگرەوە و داھاتووی بۆ دەخوێنێتەوە و نوشتەی خۆشەویستی بۆ دەکات .

ئەم جۆرە دوکاندار و ئەم جۆرە ئافرەتە بیڕوڕاو ئاینەکەیان وایان لێناکات کە ئەو ڕەفتارە نەکەن کەدژ بە بیڕوڕاو دینەکەیانە ، تەنھا لەبەرئەوەیی ئەو ڕەفتارانە قازانجی ماددی و چێژی شەخسی تیادایە بۆیان ئەنجامی دەدەن، بەڵام بە شێوەیەکی شاراوەو بە دزییەوە دوور لە چاوی کۆمەڵگا .
بەداخەوە دووفاقی و شیزۆفرینیایی تاکی کوردی تەنیا خەڵکی سادەو عەوامی نەگرتۆتەوە ، بەڵکو بەڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەنێوان خەڵکی نوخبە و ڕۆشنبیراندا ھەیە، ھەموو ئەو داھێنانە فکری و ئیبداعیانەی ڕۆشنبیری کوردی ئەنجامی داوەو ھەموو ئەو کتێب و نووسینە ڕۆشنخوازانە نەبونەتە ڕێگر لەوەی کەنەکەوێتە داوی دووفاقی و ئیزدواجیەتی کەسایەتیەوە و ھەمیشە جیاوازییەکی زۆر بینراوە لە نێوان ئەو بیڕوڕایەیەی کە باوەڕی پێیەتی لەبەرامبەر ڕەفتار و ھەڵسووکەوتیدا . 

بۆ نموونە زۆرینەی نوسەر و ڕۆشنبیری کورد دووژیان دەژین ، ژیانێک کە ئایدیاڵەو پڕە لە جوانی ناخ و ھەست وسۆز لە پەرتۆک و نوسینەکاندا ، کە نووسەر دەکات بە فریشتەیەک لە بەرچاو خوێنەرەکانی و پێگەیەکی جوان بۆخۆی دروست دەکات لە کۆمەڵگا ، ژیانێکی شاراوەش کە تیایدا ڕێگا بەخۆی دەدات ھەموو قەدەغەکراوەکان ئەنجام بدات بە دزییەوەو دوور لە چاوی کۆمەڵگا ، بگرە ھەندێ جار دەبێت بە ئامرازێک بۆ جوانکردن و پیاھەڵدانی دەسەڵات و دامەزراوە ئاینیەکان و یاخود ھەندێ دامەزراوەی کۆمەڵایەتی کەسی و شەخسی و وێناکردنیان بە شێوەیەکی جوان و ئایدیاڵ و ئازادیخواز بۆ شاردنەوەی ڕووە ستەمکار و فریودەرەکانیان .

ئەگەر بێنە سەر باسی سۆشیاڵ میدیا ، ئەو دووفاقیەی تاکی کورد زۆر بەجوانی دەبینرێت و ڕەنگ دەداتەوە تیایدا ، بۆ نموونە زۆربەی تاکەکان ھاوسەرگیریان کردووە بەڵام بە دەگمەن لە پڕۆفایلەکان و لاپەڕەکانیان دان بەوەدا دەنێن و دەینووسن ، زۆربەی زۆری قسە دەڵێت و دەنووسێت دژ بە نمایشکار و مۆدێلەکان و وەک نموونەیەکی خراپ باسیان دەکات ، لەگەڵ ئەوەشدا فۆلوەری زیاد لە سەد نمایشکاری کورد و بیانی یەو لایک و کۆمێنتیان بۆ دەکات .
کە ئافرەتێک تووشی تووندو تیژی وکوشتن دەبێت یەکەم کەسە بەرگری لێدەکات و پۆستی لەسەر دەکات بەڵام لە ماڵی خۆیدا یەکەم دڕندەیە بەرامبەر خێزانەکەی .

یەکەم ژینگە دۆستە لە سۆشیاڵ میدیا بەڵام لەسەیران دا ھەموو پاشەڕۆکانی بە جێدێڵێت تەنیا لەبەر ئەوەی کەس نایبینێت .
ئەم نموونانەو ھەزارەھا نموونەی تریش دەیسەلمێنێت کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی دووفاق و شیزۆفرینیک و فرە سیمادا دەژین ، کە بەشێوەیەکی میسالی و ئایدیاڵ خۆیدەردەخات لە ڕووکەشدا ، بەڵام لە ناخەوە کۆمەڵگایەکی ناجۆر و نەخۆش و داڕماوە لە بەھا ئەخلاقیەکان ، تاکەکان تیایدا تاکی دووفاق و ناساغ و مشەخۆرن بەسەر بەرامبەرەوە .

ئێستا پرسیارەکەمان ئەوەیە ئایا ئێمە کەی دەتوانین خۆمان ڕزگارکەین لەم شیزۆفرینیاو دووفاقیەیی تێیکەووتوین ؟ 
ئایە دەتوانین خۆمان بین و ڕاستگۆ بین بەرامبەر ئەو شتانەی باوەڕمان پێیەتی ، و بیروھۆش و ڕەفتار و کردارمان یەک بێت ؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارانە دەبێت ئەوە ڕوون بێت لامان کەتاکی کوردی ناتوانێت دەرباز بێت لە ئیزدواجیەت و دووفاقی کۆمەڵایەتی ھەتا دەرباز نەبێت لە ھۆکارەکانی .

بۆیە باشترە ھەموو تاکێک ھاوسەنگیەک دروست بکات لە نێوان ئەو نەریت و کلتوور و بیروڕایەی لەسەری گەورە بووە ، و ئەو واقیعەی کە ئێستا تیادەژی بۆ کەم کردنەوەی ئەو بەربەرەکیانییەی دروست دەبێت لە نێوان حەز و ئارەزووەکانی و ئەو نەریت و کلتورەی لەسەری ڕاھاتووە .

کۆمەڵگاش بە گشتی دەبێت ژیانێکی ئاسوودەو شیاو پێشکەشی تاکەکانی بکات و دووریان خاتەوە لەکاریگەری ئەو سێ بازنەیە ، بۆ ئەوەی ناچار نەبن ژیانێکی دووفاق و فرە سیما بژین، لە کۆتاییدا دەمەوێت دەقێکی شاعیری گەورە ( مەحوی ) بە نموونە بھێنمەوە کە بۆمان دەردەخات کۆمەڵگایی کوردی لەمێژە بە دەست دووفاقی و فرە سیمایی تاکەکانیەوە دەناڵێنێت و ئەو کەسەی کە خودی ڕاستەقینەی خۆی بێت و دووفاق نەبێت ھەمیشە نامۆیە :
لەم بەحری فیتنە بەڵکی نەجاتت بدا خودا
داوێنی «یاخودا» بگرە، بەردە «ناخودا»
بێکەس منم، کەسێ لە زوبانم بگا نییە
ھەمدەم خودانەناسن و دەم پڕ لە «یا خودا»
عەھد و وەفایە سوخرەیی بەدعەھدی و جەفا
ھەر ما بە دادی ئەھلی وەفا دا بگا خودا
ھەر ئەو کەسە کە خەیری دوعای خێری دیوە لێم
دائیم دوعامە شەڕڕی لە من لا بدا خودا
لوتفێ بە حاڵی من کە، وتم؛ ئەو وتی بە قار:
تۆ شێخی با خودا و ئەمن شۆخی ناخودا
غەیری ئەمە کە سوێندی درۆی پێ بخۆن و بەس
قوربانی ناوی، ناوی لە ناوا نەما خودا
تا زوڵمەتی وجوودە تەریکی لە نووری عیشق
سێبەر نەما، ھەتاوە، کە مەحوی نەما، خودا
(مەحوی ) .

پەراوێز و سەرچاوەکان : 
١- علی الوردی وطبیعه‌ المجتمع العراقی
د. عبدالرزاق صالح...الزمن . کوم .
٢- کتاب (مقدمه‌ ابن خلدون ) فی شرح المجتمع القبلی و المجتمع المدنی .
٣- أزدواجیه‌ شخصیه‌ الفرد العراقی : مصطلح علی الوردی الغامظ .بقلم:حمید الشاكر 
مجلە دنیا الوطن 
٤- دراسه‌ فی طبیعه‌ المجتمع العراقی للدکتور : ( علی الوردی) .. ص 138 من طبعه‌ دار ومكتبه‌ دجله‌  والفرات ــ الطبعه‌ اڵ‌ولی‌ 2013م.
٥- ازدواجیه‌ الإنسان الشرقی ..د. فاطمه‌ الشیدی 
Alqwds. Com 
٦- فلسفه‌ التواصل لدی‌ میشیل فوكو .شیبان ورده‌ . 
٧- فرە سیمایی تاك لە دەقەوە بۆ واقیع -- ووتار - ماموستا نەبەز گۆران .

٨- schizophrenia, meaning and definition. Oxford dictionary. Com
٩- shizophrenia, wikipedia .
١٠- Society Must Be Defended _ Michel Foucault.