مەلا هەڵۆ لەسەر بەكارهێنانی ووشەی نەشیاو بەرامبەر ماریا هەورامی ڕوونكردنەوە دەدات

6787 جار خوێندراوەتەوە کات10:56 بەروار14-08-2019
مەلا هەڵۆ لەسەر بەكارهێنانی ووشەی نەشیاو بەرامبەر ماریا هەورامی ڕوونكردنەوە دەدات

راچڵەكین-

مامۆستایەكی ئایینی، لەبەرامبەر بەكارهێنانی ووشەی نەشیاو بەرامبەر ماریا هەورامی، خانمە گۆرانیبێژ، ڕوونكردنەوە دەدات.

لەچەند رۆژی ڕابردوودا، مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید، لەتۆمارێكی دەنگیدا كەلەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە، هێرشی توندی كردبووە سەر ماریا هەورامی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی كلیپی " دڵەكەم" كەلەشەقامی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی تۆمار كراوە، ئەو هێرشەی مامۆستا ئاینییەكەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لەبەرامبەردا، مەلا هەڵۆ لەتۆمارێكی دەنگیدا كەلەلاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، وتەكانی پێشووتری لەوەڵامی پرسیارێكدا بووە كەلێی كراوەو بۆرای گشتی نەبووە.

دەشڵێت:" ئەو شێوەیەش كە باسی ئەو خاتوونەم پێكرد  شێوەیەكی نەشیاو بوو، بۆخۆم دەربڕینەكەی خۆمم پێ جوان نییە هەم لە رووی  شەرع و هەم لە رووی عورفیشەوە، ئەگەر ئێستا بیڵێم وا نایڵێم، پەشیمانم لێی ئەوە بەینی خۆم و خوای خۆمە."

مەلا هەڵۆ لەدرێژەی پەیامە نوێیەكەیدا دەڵێت:" ئەو خاتوونەش هەر شتێكی هەیە با بڕوات لە  دادگا داوای بكات و ئامادەم بچمە دادگا."

دەربارەی بەرهەم و گۆرانیەكەشی دەڵێت "بەڵام ئەو كارەی ئەوم هەمیشە هەر  پێ خراپە و بە ناشەرعی دەزانم و تا بمێنم هەوڵدەدەم رێ لەو كارە  ناشەرعییانە بگرم".