ئێران؛ نووسەرو توێژەرێكی كورد دەستگیركرا

106 جار خوێندراوەتەوە کات11:28 بەروار14-08-2019
ئێران؛ نووسەرو توێژەرێكی كورد دەستگیركرا

راچڵەكین-

نووسەرو توێژەری كورد" كامیل ئەحمەدی  "  كەهاوكات هاووڵاتی ئێران و بریتانیایە، لەلایەن هێزەئەمنییەكانی ئێران لە ماڵی خۆی لە شاری تاران دەستگیركرا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاویكردووەتەوە، رۆژی یەكشەممە 11ی ئابی 2019 "كامیل ئەحمەدی"  نووسەر و لێكۆڵەری كورد لەلایەن هێزەئەمنییەكانی ئێرانەوە لە شاری تاران، دەستبەسەر كراوەو دواتر بۆ شوێنێكی نادیاریان گوازراوەتەوە.

شەفیق ڕەحمانی، هاوسەری كامیل ئەحمەدی لە لاپەڕەی ئینستاگرامی  خۆی ئەو هەواڵەی پشتراست كردووەتەوەو ڕایگەیاندووە:" لقی یەكی دادسەرای ئەمنیەتی ئەوین بۆ ماوەی یەك مانگ بڕیاری دەستبەسەركرانی كامیل ئەحمەدی دەركردوە و هیچ زانیاریەكمان لەسەر هۆكاری دەستبەسەركرانەكەی پێ نەدراوە."

كامیل ئەحمەدی، توێژەری كوردی خەڵكی شاری نەغەدەیەو هاوكات هاووڵاتی وڵاتی بریتانیایە، ئێستا لە چوارچێوەی چالاكیی مرۆڤناسی و بواری كۆمەڵایەتی و بوارەكانی پەیوەندیدار بە فەرهەنگی ناوچەیی، كۆچبەری، منداڵان و ژنان، مافی كەمینە نەتەوەییەكان پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كار دەكات و لە بواری ڕاگەیاندنیشدا پێشینە و ئەزموونی زۆری هەیە.

ئەحمەدی، ساڵی ٢٠١٧ توانی خەڵاتی (IKWRO) هەر ساڵە بە یەكێك لە توێژەر و نووسەرانی بوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدرێت بە دەست بێنێت.

كامیل ئەحمەدی ساڵی رابردوو بە هۆی لێكۆڵینەوە و چالاكیە پەروەردەییەكانی لە بواری منداڵان وكەمینەكان، خەڵاتی ئەدەبیات و زانستی مرۆیی ڕێكخراوی جیهانی ئاشتی لە زانكۆی جۆرج واشنگتۆنی پێ بەخشرا.