پیاوانی عێراقی لەبەردەم دەستدرێژی سێكسی دان

2335 جار خوێندراوەتەوە کات07:43 بەروار17-08-2019
پیاوانی عێراقی لەبەردەم دەستدرێژی سێكسی دان

راچڵەكین 


ڕاپرسییەكی كەناڵی بی بی سی دەرئەنجامێكی چاوەڕواننەكراو و سەیری و سەمەرە لەبارەی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەرپیاوان لە عێراق بڵاودەكاتەوە. 

سامی تەمەن 13 ساڵان دەڵێت: لە ئاودەستەكانی قوتابخانە سێ كوڕی تەمەن 15 ساڵان بۆ 17 ساڵان منیان خستە گۆشەیەكەوە و دەستیان بە جەستەم دەبرد، سەرەتا بێدەنگ بووم بەڵام دواتر دەستم كرد بە هاواركردن.
 
هاواركردنەكەم وای كرد كە منداڵەكانی تر بێن بە هانامەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانە گەیشتە ئاوەدەستەكە، هەر سێ كوڕەكە بە بڕیاری بەڕێوەبەری قوتابخانە دەركران بەبێ ئەوەی هۆكاری دەكردنەكانیان بە دایك و باوكیان بوترێت.

 دواتر سامی بانگدەكرێتە ژووری بەڕێوەبەر و پێی دەوترێت كە ئەوكارە بە هەماهەنگی و ڕەزامەندی هەردوولا بووە و خوا ڕەحمی پێكردووە كە تۆمان دەرنەكردووە. ئەو كارە بووە هۆی ئەوەی كە كەسایەتی سامی تێكبشكێندرێت و بڕیاری دا لەوبارەیەوە هیچ بە خانەوادەی خۆی نەڵێت.

 ئەو دەستدرێژییە وای لە سامی كرد كە بۆ ماوەیەكی زۆر تێكەڵاویی لەگەڵ كەس نەبو وە بە تەنیا مایەوە.
 
ساڵی 2007 سامی تەمەنی دەگاتە 15 ساڵ ، ساڵێك لە مردنی باوكی تێدەپەڕێت، مردنی باوكی گورزێكی كوشندەی لەسامی دا، دەبوایە ئەو نان و بژێوی خانەوادەكەی پەیدا بكات. سامی لە یەكێك لە شارەكانی پارێزگای بابل لە 100 كیلۆمەتری باشووری بەغدا لە ناو بنەماڵەیەك لەدایك بووە و منداڵی ئەو زۆر خۆش بووە چونكە باوكی لە شیرینیخانەیەك كاری دەكرد و هەموو پێویستییەكانی ژیانی بۆ دابین دەكرد، بەڵام كە باوكی مرد، سامی ناچار بوو كە كار بكات بۆ ئەوەی نان بۆ خانەوادەكەیان پەیدا بكات.

دوای ماوەیەك لەدوكانێك كار پەیدا دەكات خاوەن دوكانەكە چاوی تەماحی تێدەبڕێت و سامیش بەوە زۆر بێزار دەبێت. ڕۆژێك لە دوكانەكەدا خاوەن كارەكەی سامی دەباتە گۆشەیەگ و ماچی دەكات و دەست بە جەستەیدا دەهێنێت، سامیش بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بكات دەست دەداتە شووشەیەك و دەیكێشێت بەسەری خاوەن كارەكەیدا، ئیتر خۆی ڕزگار دەكات و لەدوكان ڕا دەكات و بۆ ماوەی ساڵێك بێ ئیش و كار دەبێت.

 لە تەمەنی 16 ساڵێدا ڕۆژێك كە دایك و خوشك و براكەی لەماڵ نابێت كوڕە پوورەكەی دەرفەت دەقۆزێتەوە و موبایلەكەی دەردەهێنێت و چەند گرتەیەكی ڤیدیۆی سێكسی نیشانی سامی دەدات و لەپڕ هەڵدەكوتێتە سەر سامی و دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەر و دواتر بەجێدەهێلێت، ئەم كارە ئەوەندەی تر سامی تووشی كابوس و شڵەژان دەكات. سامی ئیتر ئەو خانووەی لەبەرچاو دەكەوێت و خانەوادەكەیان ڕازی دەكات بۆ ئەوەی خانووەكە بگۆڕن بۆ ئەوەی لەدەست كابووسی ئەو دەستدرێژییە ڕزگاری بێت.  بۆ ماوەیەك لەهەموو كەس و كار و دراوسێ دادەبڕێت. 


دوای ماوەیەك خانەوادەی سامی بەماڵەوە دەچنە بەغدا و لەیەكێك لە گەڕەكەكانی بەغدا دەگیرسێنەوە. پاش ماوەیەك لەگەڵ كوڕانی گەڕەك تێكەڵاو دەبێت و هاوڕێ دەگرێت، دوای ماوەیەك لەگەڵ هاوڕێیەكانی باسی ئەو دەستدرێژییانە دەكات كە كراوەتە سەری، سەیر لەوەدایە زۆربەی هاوڕێكانی هەمان چارەنووسی سامیان هەیە و ئەوانیش دەستدرێژییان كراوەتەسەر. بۆیە ئیتر سامی خەفەتەكانی بەتەنها ناخاتەسەر شانی خۆی و خەفەتەكانی لەگەڵ هاوڕێكانی دابەش دەكات.

 هاوڕێكانی باس لەوە دەكەن كە چۆن ئەوانیش دەستدرێژییان كراوەتەسەر. لە ئێستادا سامی لە بەغدا لەگەڵ ڕێكخراوێكی جیهانی كار دەكات و دەڵێت ژیان لەبەغدا باشترە، تا ئێستاش سامی نەیتوانیوە پەیوەندییەكی خۆشەویستی و عاتیفی دروست بكات. 

 بەپێی ڕاپرسییەكی بەشی عەرەبی سایتی بی بی سی لەناو 10 وڵاتی عەرەبیدا تونس و عێراق دوو وڵاتن كە پیاوەكانیان زۆرترین دەستدریًژی سێكسی و ئازاری سێكسی و توندوتیژی زارەكی و جەستەییان كراوەتە سەر، لەو دوو وڵاتە دەستدرێژی و ئازار و ئەشكەنجەی جەستەی پیاوان لەژنان زیاترە.
 
بەپێی ڕاپرسییەكە 39% پیاوانی عێراقی ئازاری سێكسی دراون و ئەمە لەكاتێكدا 33% ژنان تووشی هەمان ئازار بوون.

هەروەها  20% پیاوانی عێراقی توندوتیژی جەستەییان ئەزموون كردووە لەكاتێكدا لەناو ژنان ڕێژەكە 17%.

 لە ڕاپرسییەكدا زیاتر لە 25 هەزار كەس لە 10 وڵات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بەشدارییان كردووە، جەزائیر، میسر، عێراق، ئەردەن، كوەیت، لوبنان، مەغریب، سودان، تونس، یەمەن و فەلەستین.

ڕاپرسییەكە لەلایەن عەرەب بارومتر كە سەر بە زانكۆی پرینستۆنە ئەنجامدراوە.