شاسوار عه‌بدولواحید: بە سماقولی و دەربەندیخان و یاریگاکان و شەقامەکانی سلێمانیەوە ناوەستین

84 جار خوێندراوەتەوە کات10:13 بەروار17-08-2019
شاسوار عه‌بدولواحید: بە سماقولی و دەربەندیخان و یاریگاکان و شەقامەکانی سلێمانیەوە ناوەستین

راچڵەكین 


سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایگەیاند، بە سماقولی و دەربەندیخانە و یاریگاکان و شەقامەکانی سلێمانیەوە ناوەستین، بەردەوام دەبین و پەلدەهاوێژین دەشڵێت، 

شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی ئابی 2019، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، حکومەت ٧٩ ملیۆن دینار بودجەی تەرخان کردوە تەنها بۆ پڕکردنەوەی چاڵەکان و تەعمیراتی جادەی تونێلەکە!!! وە لە ماوەی ٧ بۆ ١٠ رۆژ تەواوی دەکەن بە وتەی خۆیان(کە دڵنیام رەنگە زیاتریشی پێ بچێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێش تێچونی تەواوی چاککردنی شەقام و پڕکردنەوە و سەرلەنوێ قیرتاوکردنی شەقامەکە و بۆیاخو چاککردنی دیوار، لەگەڵ روناکی ناو تونێلەکە، هەموی بە ٦٢ ملیۆن دینار خەمڵاندووە(وە هەموو ئەم کارانە رامان گەیاند بوو کە لەماوەی پێنج رۆژدا ئەنجامی دەدەین)، خۆ ئەگەر تەنها چاککردنی چاڵەکان بوایە و ئەو نۆژەنە بوایە کە حکومەت ئەمڕۆ دەستی پێ کردوە، ئەوا هەموی کەمتر لە ١٢ ملیۆن دیناری تێ دەچوو!!!

دەشڵێت، ئەمە بۆ باس دەکەین؟تاوەکوو هەمووان بزانن کە چۆن چەند ساڵە پارەی ئەم میلەتە دەفەوتێت، کە چۆن کاتی پرۆژەکان درێژ دەکرێنەوە و کاتی خەڵک دەکوژن، کە چۆن پرۆژەکان تەنها پینەوپەڕۆی دەکەن و پارەیەکی زۆری لێ دەخۆن.

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەكردووە، ئێمە ئێستا لە حکومەت نین، دەسەڵات و پارە و بودجەمان لە بەردەست نیە تاوەکوو جیاوازی خۆمان و ئەم دوو حیزبەی دەسەڵاتان نیشان بدەین، بەڵام بەم ئیمکانیەتە کەمەوە دەمانەوێت نیشانی خەڵکی بدەین کە ئێمە چیمان پێ دەکرێت؟ وە چۆن ئەو پرۆژانەی ماوەیەکی زۆرە خەڵکی دەناڵێن بەدەست کەموکورتیەکانیەوە، کەچی هەر کە ئێمە دەڵێین چاکی دەکەین، یەکسەر ئەوانیش دەدەن بە سەریدا و وەک ئەوەی ئێمە چەند ساڵە دەستمان گرتوون و ئێمە ناهێڵین خزمەت بە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بکەن.

پێشی وایە، ئێستاش نەچوە بچێت، دڵنیام حکومەت تەواوی تونێلەکە نۆژەن ناکاتەوە، با ئێستاش بیداتە دەست ئێمە و بزانێت چی لێ دەکەین و چ نمونەیەکی جوان نیشان دەدەین!؟

شاسوار عەبدولواحید ئەوەش دەخاتەڕوو، لە کۆی ئەمانە دەمانەوێت یەک پەیامی سادە بگەێنینە هاوڵاتی ئاسایی و بەشخوراوی ئەم هەرێمە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنین، جیاواز کار دەکەین، ململانێ دەکەین لە پێناو خزمەت، لە پێناو دروستکردنی کێبڕکێ لە نێوان ئێمە و دەسەڵاتدا، کە لە کۆتایی هەمو ئەمانە هاوڵاتی براوەی یەکەم دەبێت.

پرسیاری ئەوەش دەكات، پێشتر زۆر جار دەیاندا بە گوێماندا، دەیانوت ئێوە هێزێکی نوێی بێ ئەزمون لە سیاسەت، چیتان پێ دەکرێت؟ ئێوە سەرەتاتانە و دەنگ و کورسی کەمتان هێناوە، چیتان پێ دەکرێت؟ ئێوە چەکتان نیە، چیتان پێ دەکرێت؟

لەوەڵامی ئەو پرسیارە شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، دەزانن چیمان پێ دەکرێت؟دەتوانین فشار لەسەر حکومەت دروست بکەین و ئەوانیش لە رقی ئێمە یان لە ململانێی ئێمە زیاتر خزمەتی ئێوە بکەن، دەتوانین ئەو کێبڕکێیە دروست بکەین کە لە چوار ساڵی رابردوو بە هۆی نەبونی ئۆپۆزسیۆنەوە کێبڕکێ نەمابوو، وە حکومەت بێ باک بوو لە خەڵک و خزمەتی خەڵکی نەدەکرد.

راشیگەیاندووە، خۆ ئەگەر ئێوەی هاوڵاتییان متمانەی زیاترمان پێ بکەن و دەنگی زیاترمان بدەنێ، ئەوا لە چوار ساڵی داهاتوو زۆر زۆر لە ئێستا چالاکتر دەبین.

دووئەگەر هەیە لە چوار ساڵی داهاتوو، یان دەچینە دەسەڵاتەوە وخۆمان لە رێی حکومەتەوە خزمەتتان دەکەین و خەون و پرۆژەکانمان جێ بە جێ دەکەین! یاخود ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر لە ئێستا چالاکتر و بە حەجم گەورەتر دەبین و لە هەردوو حاڵەتەکەدا تۆی هاوڵاتی براوەی یەکەم دەبیت. 
بەڵام گەر لە هەمو شت بێهیوا بیت و پێت وابێت ئێمە هیچمان پێ ناکرێت، ئەوا گۆڕەپانەکە تەخت دەکەیت بۆ دەسەلات تا زوڵمی زیاترت لێ بکات و هەروەها زیاتر فەرامۆشت بکات وەكو سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت.