چیرۆکی ئەو ژنانەی بۆ تامکردنی خوانەکانی هیتلەر ژیانی خۆیان دەخستە مەترسییەوە

194 جار خوێندراوەتەوە کات06:25 بەروار20-08-2019
چیرۆکی ئەو ژنانەی بۆ تامکردنی خوانەکانی هیتلەر ژیانی خۆیان دەخستە مەترسییەوە
راچڵەکین- 

لە دوا قۆناغەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا، ئادۆلف هیتلەر، رابەری رژێمی نازی ئەڵمانی، لە لایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە بە چەندین شێوە هەوڵی کوشتنی دەدرا، ئەویش لەبەرانبەردا رێگای جۆراوجۆری دەگرتە بەر بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی خۆی.

بە درێژایی دوو ساڵ و نیوی قۆناغەکانی دواتری جەنگی جیهانی دووەم، گروپێک ژن راسپێردرابوون بۆ تاقیکردنەوەی ژەمە خواردنەکانی هیتلەر و دڵنیابوونەوە لە نەبوونی ژەهر تیایاندا. 

بۆ ئەم مەبەستە، ١٥ ژنی گەنجی ئەڵمانی رەسەن بە تایبەت هەڵبژێردرابوون و بە نۆرە رۆژانە هەر سێ ژەمە خۆراکییەکانی هیتلەریان تاقی دەکردەوە پێش ئەوەی پێشکەشی رابەرەکەیان بکرێت. پاش خواردنی هەر ژەمێک، ماوەی کاتژمێرێک لەژێر چاودێریدا دەمانەوە و پاش دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ کاریگەرییەک لەسەر باری تەندروستییان، ژەمەکە بە شیاو بۆ هیتلەر لەقەڵەمدەدرا.


یەکێک لەو خانمانە پاش تامکردنی خواردنەکەی هیتلەر

بەجێهێنانی ئەم ئەرکە لە لایەن ئەو ژنانەوە وەک سەربەرزییەکی گەورە تێیدەڕوانرا. لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوەدا، لە میانەی تاقیکردنەویەی خواردنەکانی هیتلەردا توشی هیچ حاڵەتێکی ژەهراویبوون نەبوون.

بە پێی وتەکانی ماڕگۆت ڤۆلک کە یەکێک بوو لەو ژنانە، لەو ساڵانەدا وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی جەنگە درێژخایەنەکەوە و بەهۆی ئابلۆقەی ئابورییەوە بە باودۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕی و رێژەی هەژاری و برسێتی لە ئاستێکی بەرزدابوو، هەر بۆیە ئەو گروپە ژنە کە رۆژانە سێ ژەمی بەتامیان دەخوارد بە بەراوردی تاکی ئەڵمانی ژیانێکی باش دەژیان.


ماڕگۆت ڤۆلک

ماڕگۆت ئاماژەشی بەوەدا کە خواردنەکانی هیتلەر زۆر بەتام بوون، هیتلەر کەسێکی روەکخۆر بوو واتە گۆشت لە ژەمەکانیدا نەبوو. بە گشتی ژەمەکانی لە سەوزە، برنج، پاستا، سپاگێتی و میوەی هاوردەکراو پێکهاتبوون. بەڵام سەرەڕای بەتامی خواردنەکان، زۆربەی کات بەهۆی ترسی ژەهراویبوونەوە نەیاندەتوانی چێژی تەواوی لێ ببینن.

لە نێو ئەو ١٥ ژنەدا، تەنها ماڕگۆت ماوە، ئاونەی دیکە لە لایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە لە کاتی داگیرکردنی ئەڵمانیادا کوژران.

چیرۆکی ئەم ژنانە لە لایەن میشێڵ بروکس، نوسەری سکۆتلەندییەوە دەکرێتە شانۆ و بەم زوانە نمایشدەکرێت.