ناتانیاهۆ: ئێران لەهیچ شوێنێك پارێزراو نییە

76 جار خوێندراوەتەوە کات10:02 بەروار23-08-2019
ناتانیاهۆ: ئێران لەهیچ شوێنێك پارێزراو نییە

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران لەهیچ شوێنێك پارێزراو نییەو وڵاتەكەی چالاكی دەبێت لەدژی بوونی هەر بنكەیەكی ئێرانی لە عیراقدا.

بنیامین ناتانیاهۆ، لەلێدوانێكدا بۆ كەناڵی 9ی ئیسرائیل رایگەیاند:" ئێران بنكەی سەربازی لە دژی ئیسرائیل لە عیراق، سوریا، یەمەن و لوبنان هەیە، ئێمە لەدژی ئەو بنكانە لە عیراق و چەند ناوچەیەكی تر چالاكی ئەنجام دەدەین."

ئەو لێدوانەی ناتانیاهۆ لەكاتێكدا دێت رۆژی 20ی ئابی 2019، بنكەیەكی سەربازی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی بەلەدی سەر بە تكریت، لە ناوەڕاستی عێراق بۆردومان كرا، سەرەتا وا راگەیەندرا كە شۆرتی كارەبایە، دواتریش بڵاوكرایەوە كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووە و سەرچاوەكەی نادیارە، دوای 24 كاتكۆ، ئاماژەكان بۆ ئەوە بوون كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئیسرائیلی بوون.

هاوكات رۆژنامەی " نییۆرك تایمز" لەزاری بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، ئیسرایل چەندین چالاكی و هێرشی لەدژی دامەرزاوە كانی ئێران لە عیراق ئەنجامداوە.

لەلایەن خۆشیەوە رۆژنامەی "ها ئارێتس" بڵاویكردووەتەوە:" لەهێرشێكی ئاسمانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل بۆسەر بنكەیەكی ئێران لەعیراق، لانی كەم 200 مووشەك لەناوبراون."

ئیسرائیل سوورە لەسەر لێدان لە پێگەی گرووپە چەكدارییەكان كە نزیكن لە ئێران، بەو پێیەی خاكی عێراق وەكو رێڕەوێكی زەمینی بەكاردەهێنن لە رێگەیەوە بچنە سووریا و لوبنانیش، بە جۆرێك لە لوبنان لە سەر سنوور و لە باشووری دیمەشقیش لە هەندێك شوێن، میلیشیاكانی حزبوڵڵا كەمتر لە 40 كیلۆمەترەوە لە سنوورەكانی ئیسرائیل دوورن، ئەمەش تەلئەبیب نیگەران كردووە و بەرنامەی بۆردومانكردنی ئەو گرووپانەی داڕشتووە، ئەگەرچی تا ئێستا ئەو وڵاتە بە فەرمی بۆردومانەكانی لە ئەستۆ نەگرتووە.