سالار مه‌حمود: رێکه‌وتنی‌ درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا بۆ سێ ساڵ ئه‌نجام دەدرێت

193 جار خوێندراوەتەوە کات05:29 بەروار23-08-2019
سالار مه‌حمود: رێکه‌وتنی‌ درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا بۆ سێ ساڵ ئه‌نجام دەدرێت

راچڵه‌كین

راوێژکارێکی‌ سه‌رۆک کۆماری‌ عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات سه‌رۆک کۆمار رۆڵی‌ هه‌بووه‌ له‌ باشکردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداو ده‌شڵێت:» هه‌وڵده‌درێت رێکه‌وتنی‌ درێژخایه‌ن له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ سێ ساڵ بێت، نه‌ک هه‌موو ساڵێک کێشه‌ی‌ بودجه‌و نه‌وت سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌«.

سالار مه‌حمود، راوێژکاری‌ سه‌رۆک کۆماری‌ عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی‌ ئاماژه‌ به‌ گۆڕە‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفالکراوه‌کان ده‌دات که‌ ده‌یان گۆڕی‌ دیکه‌ له‌ سه‌ماوه‌ بوونیان هه‌یه‌ و جه‌ختله‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ که‌ حکومه‌تی‌ هه‌رێم "که‌مته‌رخه‌م"ی‌ کردووه‌ له‌وه‌ی‌ که‌ تا ئێستا پشکنینی‌ دی‌ ئێن ئه‌ی‌ بۆ که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوه‌کان نه‌کردووه‌.

سه‌رۆک کۆماری‌ عێراق رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌ خێرا نزیک بونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو حکومه‌تی‌ هه‌رێم و عێراق و ئه‌مه‌ هانده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ داهاتوودا  پشکی‌ هه‌رێم دیاریکراو بێت و  رێکه‌وتنی‌ درێژخایه‌ن بۆ سێ ساڵی‌ تر ئه‌نجام بدرێت

دوا زانیاری‌ له‌سه‌ر گۆڕە‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی‌ سه‌ماوه‌ چییه‌؟

سالار مه‌حمود: هه‌ڵمه‌تێکی‌ نوێ هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕە‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان، دۆزینه‌وه‌ی‌ سێ گۆڕی‌ به‌کۆمه‌ڵ بوو که‌ یه‌کێکیان هه‌ڵدرایه‌وه‌ 171ته‌رم و ئیسک و پروسکی‌ تێدابوو، 74منداڵ و ئه‌وانه‌ی‌ تری‌ ژنن و له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌رکه‌وت به‌ پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌کان، ئه‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1988و له‌ ئه‌نفالکراوه‌کانن و کوردن، دوای‌ ئه‌م پشکنینانه‌ سه‌رجه‌میان گه‌یه‌نراونه‌ته‌ به‌غداد و له‌ئێستا لەپه‌یمانگای‌ پزیشکی‌ دادوه‌ری‌ به‌غدادن و له‌مانگی‌ داهاتوو ده‌ست ده‌کرێت به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌ی‌ تر که‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ردووکیان گۆری‌ ئه‌نفالکراوه‌کانن و له‌لایه‌ن تیمی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی‌ هه‌رێم و حکومه‌تی‌ ئیتیحادی‌ به‌ هاوبه‌شی‌ ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه‌.

حکومه‌تی‌ هه‌رێم»که‌مته‌رخه‌م»ی‌ کردووه‌ له‌وه‌ی‌ که‌ تا ئێستا پشکنینی‌ دی‌ ئێن ئه‌ی‌ بۆ که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوه‌کان نه‌کردووه‌

بێجگه‌ ئه‌و دوو گۆڕه‌ی‌ ئاشکرا بووه‌، گۆڕی‌  به‌کۆمه‌ڵی‌ دیکه‌ له‌سه‌ماوه‌ بوونی‌ هه‌یه‌؟

سالار مه‌حمود: دیاره‌ کۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆسه‌لماندنی‌ تاوانبارێتی‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ که‌ ئه‌نجامده‌ری‌ تاوانه‌کانه‌، له‌ساڵی‌ 2005و 2006چه‌ند پشکنینێکیان کردو چه‌ند گۆڕێکیان هه‌ڵدایه‌وه‌، به‌شێکیان بونه‌ به‌ڵگه‌ی‌ تاوان له‌ دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌کان له‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌نفال، له‌دوای‌ ئه‌مه‌وه‌  که‌مته‌رخه‌میه‌کی‌ زۆر هه‌بووه‌ که‌ نه‌توانراوه‌ به‌دواداچونێکی‌ جدی‌ بکرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زیاد له‌ چه‌ندین گۆڕ ده‌ستنیشانکران، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ پێشبینی‌ بۆ ده‌که‌ین و به‌ ڕاسته‌وخۆش له‌ پارێزگاری‌ سه‌ماوه‌ گوێمان لێبووه‌، نزیکه‌ی‌ 60بۆ70گۆڕی‌ به‌کۆمه‌ڵی‌ ئه‌نفالکراوه‌کان ته‌نیا له‌ ده‌شتاییه‌کانی‌ سه‌ماوه‌ هه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ چاوی‌ خۆمان بینیمان، له‌نزیک قه‌ڵای‌ نوگره‌ سه‌لمان، چه‌ندان گۆڕی‌ به‌ته‌نیا هه‌ن، ئه‌و که‌سانه‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان، به‌ ته‌نیا له‌به‌رچاوی‌ که‌سوکاره‌کانیان کوژراون، سه‌ربازه‌کان بردویانن له‌ نزیکی‌ قه‌ڵاکه‌ ناشتویانن، له‌وێ چه‌ندین به‌ڵگه‌ هه‌ن و پێمان ده‌ڵێن که‌ئه‌مانه‌ له‌و که‌سانه‌ن که‌ ساڵی‌ 88کوژراون، ئێمه‌ له‌ ڕۆشتنماندا بۆ قه‌ڵاکه‌ شوانێکمان بینی‌، که‌ که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوانی‌ بینی‌ به‌ جلوبه‌رگی‌ کوردیه‌وه‌، هات و وتی‌ ئه‌زانم ئێوه‌ به‌ دوای‌ ئه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێن و بردینیه‌ سه‌ر گۆڕێکی‌ به‌کۆمه‌ڵ، وتی‌ ئێمه‌ شوانی‌ ده‌که‌ین لێره‌ هه‌موو جارێک گۆڕە‌کان داده‌پۆشینه‌وه‌.

واته‌ ده‌توانن بڵێن سه‌ماوه‌  بۆته‌ خاکی‌ ئه‌نفالکراوان؟

سالار مه‌حمود: به‌دڵنیاییه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌و خاکه‌ چۆڵه‌وانیه‌ و هه‌ندێک جاریش به‌ حوکمی‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕوبه‌ره‌که‌ زۆره‌ و خۆڵه‌ و له‌ ڕوی‌  ئه‌منیه‌وه‌ ناتوانرێت بپارێزرێت، بۆیه‌ پێموایه‌ هۆکاری‌ ئه‌منی‌ و سیاسی‌ هه‌بووه‌ له‌ ڕابردوودا که‌ گۆڕه‌کان هه‌ڵنه‌درێنه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی‌ که‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ پشکنینیان بۆ ده‌کرێت؟چۆن که‌سوکاریان ده‌دۆزرێته‌وه‌؟

سالار مه‌حمود:ژانری‌ مه‌ترسی‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی‌ جینۆساید له‌م وڵاته‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ ئاماده‌یی‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ کار ناکرێت که‌ ڕوداوه‌کانی‌ ڕابردوو به‌ جۆرێک له‌ یاده‌وه‌ریدا بهێڵدرێته‌وه‌ که‌ هیچ لایه‌نێک سڵی‌ ئه‌وه‌ نه‌کات، یان کۆمه‌ڵگه‌ خۆی‌ ئاماده‌ بکات، که‌ ڕێگر بێت له‌وه‌ی‌ که‌ جینۆساید بکرێته‌وه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ که‌یسی‌  ئه‌نفالدا بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ ناساندنه‌وه‌ی‌ ئێسک و پروسکه‌کان، حکومه‌تی‌ کوردستان که‌مته‌رخه‌می‌ زۆری‌ هه‌بووه‌، به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ تائێستا نمونه‌ی‌ خوێنی‌ که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوانی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ که‌ پشکنینی‌ دی ئێن ئه‌ی‌ ده‌کرێت به‌راورد بکرێت و بزانرێت له‌ چ خێزانێکه‌، هۆکاری‌ نه‌کردنی‌ هه‌رچی‌ بوبێت هۆکارێکی‌ نازانستییه‌ و پێویسته‌ ئه‌وه‌ بکرایه‌ و ئه‌گه‌ر مه‌ترسیه‌که‌ ئه‌وه‌بێت بڵێن  که‌ ناسرایه‌وه‌ هه‌ر که‌سه‌ی‌ ئیسکوپروسکی‌ خۆی‌ ده‌باته‌وه‌ و له‌ گوندێک له‌ جێگه‌یه‌گ ده‌ینێژێت، شتی‌ له‌و بابه‌ته‌ نیه‌ و که‌سوکاری‌ ئه‌نفالکراوه‌کان که‌سانی‌ به‌رپرسیارن و ئه‌وه‌یان به‌ به‌رزی‌ ڕاگرتووه‌ و ئه‌وه‌ی‌ که‌ هه‌یه‌ ئه‌و که‌مته‌رخه‌میانه‌ زۆر زۆرن و بونی‌ بێباکیه‌کی‌ زۆره‌ سه‌باره‌ت به‌و دۆسیه‌یه‌ بۆیه‌ نه‌بۆته‌ دۆسیه‌یه‌کی‌ گه‌وره‌.

ئه‌و ئێس و پروسکه‌ی‌ ئه‌نفاله‌کان که‌ 171 دانه‌یه‌و گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غداد، زۆریان پێده‌چێت بۆ پشکنینی‌ دی‌ ئێن ئه‌ی‌؟

سالار مه‌حمود:له‌ڕاستیدا ئێمه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا، له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێری‌ ده‌که‌ین و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پێش هێنانه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌کان مه‌راسیمێکی‌ شایسته‌یان بۆ بکرێت و پێویسته‌ کارێک بکه‌ین له‌ به‌غدادش به‌ بێده‌نگی‌ نه‌هێنرێنه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ عیراقیش، له‌به‌رده‌م ته‌رمی‌ پیرۆزی‌ شه‌هیده‌کانماندا بوه‌ستن و به‌بیری‌ نوێنه‌ری‌ وڵاتان و سه‌فاره‌ته‌کان و وڵاتان و یۆئێن و شوێنه‌ ڕه‌سمیه‌کانی‌ وڵاتان له‌ عێراقی‌ بهێنینه‌وه‌، که‌ به‌مجۆره‌ ژن و منداڵی‌ کورد شه‌هیدکراون.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوو کێشه‌یه‌کی‌ زۆر هه‌بوو له‌ داقوق؟ کێشه‌کان هه‌ر وه‌ک خۆیانن؟رۆڵی‌ سه‌رۆک کۆمار له‌ کێشه‌ی‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان چییه‌؟

سالار مه‌حمود:ئه‌و ڕوداوانه‌ی‌ که‌ ڕوده‌ده‌ن له‌ ناوچه‌ کوردستانیه‌کان به‌ جیاوازی‌ کاته‌کان کێشه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامن و به‌حوکمی‌ یه‌کلانه‌بونه‌وه‌ی‌ دۆخه‌که‌ له‌ ڕوی‌ ده‌ستوریه‌وه‌، بۆته‌ پێگه‌یه‌ک بۆ تیرۆرستان، به‌ هۆی‌ بۆشایی‌ ئه‌منیه‌وه‌ لێره‌ و له‌وێ په‌لاماری‌ پێکهاته‌کان ده‌درێت.

له‌ دوای‌ ڕوداوه‌کانی‌ ساڵی‌2017وه‌ که‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ نه‌ما بۆشاییه‌کی‌ گه‌وره‌ دروست بوو، له‌ دوای‌ روخانی‌ سه‌دامه‌وه‌ تائێستا ئه‌و ناوچانه‌ ئارامی‌ و ئۆقره‌یی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، که‌ ئه‌ویش په‌یوه‌سته‌ به‌ ململانێی‌ سیاسی‌ و ده‌ستور و نه‌بونی‌ ڕێکه‌وتنی‌ حه‌قیقی‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد، هه‌وڵی‌ جدی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و کێشانه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌سه‌نن و کۆترۆڵ بکرێت.

سه‌رۆک کۆمار له‌ نزیکه‌وه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی‌ دیراسه‌ کردووه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ خه‌ڵکی‌ ناوچه‌که‌ به‌شێک له‌ خه‌ڵکه‌که‌ بینراون، که‌ حکومه‌تی‌ ئیتیحادی‌ راسپێردراوه‌ که‌ جوهدی‌ زیاتر بکه‌ن نه‌ک ته‌نیا بۆ داقوق به‌ڵکو بۆ ناوچه‌کانی‌ تریش هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و ناهه‌قیه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌یه‌، به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه‌ لابدرێت، داموده‌زگاکانی‌ حکومی‌ بیلایه‌ن بکرێن له‌هه‌ر دۆخێک له‌و ناوچانه‌ که‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ ململانێی‌ سیاسیه‌وه‌.

ڕۆلی‌ سه‌رۆک کۆمار بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی‌ خێرای‌ دانانی‌ پارێزگاری‌ که‌رکوک چیه‌؟

سالار مه‌حمود: پرسی‌ پارێزگاری‌ که‌رکوک پرسێکه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ که‌رکوکه‌وه‌ و که‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن کۆبووه‌وه‌ بریاریدا پارێزگارێکی‌ نوێ هه‌ڵببژێردرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕێوشوێنێکی‌ ده‌ستورییه‌و پێویسته‌ هه‌ر گۆرانکاریه‌ک بکرێت که‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاری‌ که‌رکوک تائێستا ئه‌نجومه‌نێکی‌ شه‌رعی‌ و دانپێدانراوه‌، ده‌توانێت کاروباری‌ خۆی‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێت.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ که‌رکوک بڕیار بدات که‌ پارێزگارێکی‌ نوێ دابنێت هیچ لایه‌ن له‌ ڕوی‌ ده‌ستوری‌ و قانونیه‌وه‌ ناتوانێت تانه‌ی‌ لێبدات

ئایا که‌ ئه‌نجومه‌نی‌ که‌رکوک هه‌ر بریارێک بدات به‌غدا ده‌توانێت رایبگرێت؟

سالار مه‌حمود: کاتێک که‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ موسڵ بریاریدا پارێزگار بگۆرێت و  پارێزگارێکی‌ نوێ دابنێت، کێشه‌ و ململانێی‌ ڕویدا، به‌ڵام ئیراده‌یه‌کی‌ گشتی‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌ن بریاریدا که‌ پارێزگارێکی‌ نوێ دابنێت، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ که‌رکوک بڕیار بدات که‌ پارێزگارێکی‌ نوێ دابنێت هیچ لایه‌ن له‌ ڕوی‌ ده‌ستوری‌ و قانونیه‌وه‌ ناتوانێت تانه‌ی‌ لێبدات.

له‌ دوای‌ روداوه‌کانی‌ ساڵی‌ 2017  که‌ ڕویدا به‌شێکی‌ چاره‌سه‌رکردنی‌ کێشه‌کان په‌یوه‌سته‌ به‌م سه‌رۆک کۆماره‌وه

به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک سه‌رۆک کۆماری‌ عێراق چی‌ بۆ کورد کردووه‌ له‌ماوه‌ی‌ ده‌ستبه‌کاربونیدا تا ئێستا؟

سالار مه‌حمود: ئه‌م پۆسته‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌کات، له‌ ڕوی‌ ده‌ستوریه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی‌ دیارن وتوانیویه‌تی‌ پێگه‌که‌ی‌ پته‌وتر بکات و بیپارێزێت، بۆ کورد له‌سه‌ر ئاستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ده‌توانرێت پێگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ورده‌ ورده‌ به‌هێزتر بکات له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراق، له‌ دوای‌ روداوه‌کانی‌ ساڵی‌ 2017  که‌ ڕویدا به‌شێکی‌ چاره‌سه‌رکردنی‌ کێشه‌کان په‌یوه‌سته‌ به‌م سه‌رۆک کۆماره‌وه‌، به‌تایبه‌ت پرسی‌ بودجه‌ی‌  هه‌رێمی‌ کوردستان سه‌رۆک کۆمار رۆڵی‌ هه‌بووه‌ و که‌ قوتی‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌بێته‌ ململانێی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان.

 چی‌ کردووه‌ له‌پرسی‌ رێکه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا؟

سالار مه‌حمود: رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌ خێرا نزیک بونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو حکومه‌تی‌ هه‌رێم و عێراق و ئه‌مه‌ هانده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ داهاتوودا  پشکی‌ هه‌رێم دیاریکراو بێت و  رێکه‌وتنی‌ درێژخایه‌ن بۆ سێ ساڵی‌ تر ئه‌نجام بدرێت و  ببێته‌ رێکه‌وتنی‌ بنچینه‌یی‌، سه‌رۆک کۆمار له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێری‌ ئه‌مه‌ ده‌کات و رۆڵی‌ هه‌بووه‌ و ته‌رح کردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ گفتوگۆ و رێکه‌وتنه‌کان بۆ سێ ساڵه‌که‌ بێت نه‌ک بۆ ساڵێک بێت و کێشه‌ی‌ بودجه‌و موچه‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌.