سەمیانی پەریزادە: بایسێکسواڵم و پەیوەندیم لەگەڵ كچێك هەیە

3198 جار خوێندراوەتەوە کات11:05 بەروار03-09-2019
سەمیانی پەریزادە: بایسێکسواڵم و پەیوەندیم لەگەڵ كچێك هەیە

ڕاچڵه‌كین-

سه‌میان تەمەنی 38 ساڵە و خەڵكی باكووری كوردستانە، بەڵام نه‌یویستووه‌ زێدی خۆی بۆ میدیا ئاشكرا بكات. سەمیانی پەریزادە لە دوایین كلیپی گۆرانیدا بە ناوی من ئاگرم (I AM FIRE) كە لەگەڵ ساندرا ئەلیساندرا بەبێ قژ دەركەوت، دەڵێت رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، بەڵام دەڵێت قژتاشینەكەی نیشاندانی هەڵوێست بووە. پەریزادە بەهۆی جەستە پتەوەكەی لە سۆشیاڵمیدیا بە "كوردی ئەمازۆن" ناوی دەركردووە و له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا بۆ ڕووداو چه‌ند نهێنیه‌كی ژیانی تایبه‌تی خۆی ئاشكرا كردوه‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ ناساندنی خۆی سه‌میان ده‌ڵێت" كچە كوردێكی خەڵكی باکووری کوردستانم و  بچووكترین تاكی خێزانێكم كە 11 منداڵ بووین. ژیانی منداڵیم وەك شازادە وابوو، باوكم بەهەشتییەك بوو بۆ خۆی. بەڵام كاتێك گەورە بووم بەرەوڕووی بەربەستی زۆر  بوومەوە، ئیدی كچە نەرمونیان و شازادەكە نەمام، بەڵكو كچێكی یاخیم لێدەرچوو. "
  
له‌باره‌ی‌ سفركردنی قژی و تاتۆكانی سه‌رجه‌سته‌ی‌ په‌ریزاده‌ ده‌ڵێت" قژ سفركردنەكەم هەڵوێست بوو، ویستم لەو رێگایەوە مانایەكی دیكە بە بارگرانییەكان و سەختیی ژنبوون بدەم. هەروەها لە دژی قێزەونیی ژیان و خیانەتی رۆژگار بڕیاری سفركردنی قژم دا. بەهۆی كەوتنی قەڵای پاكیزەییم لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانمدا، بڕیاری دەستبەرداربوون لە قژم دا. گەیشتمە دۆخێك بەرەنگاری فاشیزمی جوانی و گۆڕینی ستایلەكان ببمەوە. بەرەنگاری دووڕوویی مرۆڤ ببمەوە. تەنیا بایەخدان بە روخسار وای لێكردم قژم سفر بكەم. بەمشێوەیە رەخنەی خۆم دەردەبڕم. من بەبێ قژیش ژنێكی جوان دەبم. خۆم ئەندامێكی گرووپی هاوڕەگەزخوازانم. زۆر جار لەدژی ئەو كەسانەی بیریان لەوە كردووەتەوە كە من رەگەزی خۆم لە ژنەوە بۆ پیاو گۆڕیوە، یان كێشەیەكی دەروونی و جەستەییم هەیە بۆیە لەگەڵ هاوڕەگەزخوازانم، دەستمكردووە بە خۆڕازاندنەوە بە بەكارهێنانی میكیاژی تۆخ بۆ لێوەكانم و كوڵمەكانم. بەمشێوەیە چوومە بەردەمیان. ئیدی گوێیەكانم تەنیا شتی ئەرێنی و جوان دەبیستێ. لەو ژینگەیەی ئێستام هەمووان دەمناسن. هەر تاتۆیەكی لەشم ئاماژەیەكە بۆ سەركەوتنێك و تێپەڕاندنی لەمپەرێكی سەخت. بۆ نموونە تاتۆكەی سەر دڵم، هێمایە بۆ ئەو كچەی خۆشمدەوێت، ئەویش هەمان تاتۆی لەسەر دڵی كردووە.
 
سه‌میان ده‌ڵێت" من بایسێکسواڵم و  هەر لە منداڵیمەوە زانیم. بەڵام رۆڵە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو پەیوەندییە مۆدێرنانەی كە خۆم دامڕشت، دواتر لەگەڵی گونجام. هەر ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی هەمیشە پەیوەندی سۆزداریی درێژخایەنم لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر هەبێت. پەیوەندی رۆمانسیی كەمم لەگەڵ ژنان هەبووە، بەڵام ئەمە دوو ساڵە ژنێك لە ژیانمدایە. دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر بۆم دەركەوت پیاوانی ئەم ناوچەیە هەرگیز چاك نابن و چەند هەوڵیان لەگەڵ بدەیت، بێهوودەیە. دوای شووكردن و جیابوونەوە، بۆچوونم گۆڕا." 
 
سه‌باره‌ت به‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ئه‌م خانمه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات" پێنج ساڵ پەیوەندیمان هەبوو، 11 ساڵیش ژن و مێرد بووین، واتە 16 ساڵ پێكەوەبووین. ئێمە لە تەمەنێكی زۆر گەنجدا یەكدیمان ناسی و پێویستمان بە دۆستایەتییەكی بەهێز هەبوو، بەڵام دوای هاوسەرگیری دركمان كرد، دەبوو بۆ پاراستنی شكۆی خێزانەكەم قوربانی بدەم. وەك دەزانیت كچان لە نێو خانەوادەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەژین و هەموو شتێكیان بۆ فەراهەم دەكرێت. منیش كاتێك بیرم لە هاوسەرگیری دەكردەوە، دەترسام خۆشگوزەرانییەكەم لەدەست بدەم. بۆ شكاندنی ئەم ترسە چەند ساڵێكم پێویست بوو. كاتێك بڕیاری جیابوونەوەم دا، راوێژمان بە یەكدی كرد و دۆستانە ئەم بڕیارەمان دا. تەنانەت هاوژینەكەم بۆ جیابوونەوەكە ئاهەنگێكی خۆشی بۆ سازكردم. "
 
له‌سه‌ر تێكه‌ڵاوبوونی به‌ جیهانی موزیك په‌ریزاد باس له‌وه‌ ده‌كات لەگەڵ گوێگرتنی لە میوزیك خولیای ئەم جیهانە بووه‌. ده‌ڵێت"هەستمكرد ژیان دەنگێكی هەیە. لە تەمەنی منداڵیمەوە زۆر حەزم بە دەنگبێژان بوو، باوكم گۆرانی بۆ دەگوتم. فیلمە كلاسیكەكانی توركیا پڕبوون لە میوزیك. لە ساڵی 2009 دەستم بە خوێندنی میوزیك كرد بەشێوەیەكی ئەكادیمی. جیهانی میوزیك تەنیا پێویستی بە بوێرییە. ئیدی منیش بەو بوێرییەوە چوومە نێو ئەم جیهانە. حەزی یەكەمیشم دەركەوتن بوو لەسەر شاشە.گ
 
یه‌كه‌مین ناسینی خۆی و ساندرا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی‌ ساندرا بۆ كاری یەكەم كلیپی چۆته‌ توركیا، لە رێگەی هاوڕێیەكی هاوبەشیانەوە یەكتریان ناسیوه‌ تەنانەت لە یەكەم كلیپیدا یاوەری كردووه‌. په‌ریزاد ده‌ڵێت"دڵخۆشبووین بەو هێز و وزەیەی بەیەكدیمان بەخشی و بڕیارماندا پێكەوە كار بكەین. زۆر حەزم دەكرد كار لەسەر ئاواز و میوزیكی كوردی بكەم نەك تێكستی كوردی، تەنیا ئاوازەكە بۆ ئەوەی لەگەڵ موزیكی جیهانی بیخەمە سەر ریتمێكی جوان و دەوڵەمەندتری بكەم. ئیدی لە كار و پرۆژەكانی داهاتوومدا، مەبەستمە كار لەسەر ئەم جۆرە ستایلە بكەم. "
   
له‌سه‌ر كلیپه‌كه‌ی‌ په‌ریزا پێی وایه‌ زۆر بەئەرێنی پێشوازی لێكراوه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات "كورد لەمێژە نیشتەجێی ئیستانبوڵن، با كەس هەڵە لێكدانەوە نەكات كە دەڵێم كوردی ئیستانبوڵ. چونكە كوردی ئیستانبوڵ خولیای ئەمجۆرە ستایلەی موزیك و ئەكشنەكانی نێو كلیپەكەن و لەڕووی خۆشڕابواردنەوە بە سەلیقەن."
 
له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی‌ كه‌  ناوه‌كه‌ی‌ چ مانایەكی هەیە و بۆچی ئەم ناوه‌ی هەڵبژاردووه‌ پەریزادە ده‌ڵێت" ساڵی رابردوو بڕیارمدا ناو و نازناوم بگۆڕم. ویستم نەخشەی ساڵیادم دەربهێنم و بەراوردی بكەم لە نێوان بورجەكانی رۆژئاوایی و چینی. بۆ ئەمەش ناچاربووم سەردانی فەلەكناس پ.د.شەنای دێڤی بكەم. لیستێكی ناوی پێشكەش كردم. منیش پرسیارم كرد ئاخۆ ناوی "سەمیانی" دەبێت؟ ئەو گوتی ناوازەترین ناوم هەڵبژاردووە. لەبارەی نازناوی پەریزادە، ئەمەشیان لەسەر پێشنیازی هاوڕێیەكی خۆشەویستم بوو. سەمیانی بەمانای ئەستێرەیەكی بڵند دێت و نازناوێكی كوردیشم بۆ بوو. سەمیانی بە زمانی كوردی واتە: سەرداری، سەروەری، درەوشاوە دێت.
 
له‌ كۆتایدا ئه‌م خانمه‌ ڕونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر "ئه‌مازۆنی كوردی ده‌دات" و ده‌ڵێت" زۆر كەسی هاوشێوەی من لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زەحمەتیان كێشاوە و دەیانەوێت بزانن ئەمازۆنی كوردی یان ژنانی ئەمازۆنی كوردی كێن و چین و ئەوانیش وەك من دەستیانكردووە بە سفركردنی قژیان و ستایلی جلوبەرگیان گۆڕیوە و تاتۆی سەمەرەیان كردووە. دەمەوێ لێرەوە روونی بكەمەوە "ژنانی ئەمازۆنی كوردی" بەرامبەر بە "ژن ژیان ئازادییە"، بەڵام بەپێی جیاوازیی زمان و كولتوورەكان بەمشێوەیەی لێهاتووە و بووەتە براندێك. سازش لەسەر دروشمی "ژن ژیان ئازادی" ناكەم."

س: ڕووداو