ماڵ .. وەک بکوژی یەکەمی ئافرەت ..

878 جار خوێندراوەتەوە کات11:00 بەروار04-09-2019
ماڵ .. وەک بکوژی یەکەمی ئافرەت ..

ڕاچڵه‌كین- هه‌ڤین كه‌مال شا

" ھیچ شوێنێک نیە بەوێنەی ماڵ بۆ مرۆڤ " ئەم دەستەواژە باوەی کە ھەیە لەھەموو جیھاندا ھەمیشە وێنایی ماڵمان بۆ دەکات بەو شوێنە ئایدیاڵ وبەھەشتەی کەمرۆڤ ئاسودەیی و ئارامی خۆیی تیا دەدۆزێتەوە ، ماڵ ئەو شه‌ڵتەرەیە کەسەلامەتی تاکەکانی تیا پارێزراوە لە جیھانی بێڕەحمی دەرەوە ، و خۆشەویستی و سۆزی تیا دەدۆزێتەوە .

بەڵام ئەم دەستەواژەیە بە تەواوەتی پێچەوانە دەبێتەوە لەو ئافرەتانەی کە قوربانی فیمیساید ( ژنکوشتن ) و میسۆجنی (ژننەفرەتی ) دەبن .

ئێستاکێ ماڵ بووە بە مەترسیدارترین ژینگە بۆ فیمیساید وکوشتنی ئافرەت و مێینە ، وە پارتنەر (ھاوبەشی ژیان) و کەسە نزیکەکان زۆربەی جار سەرەکیترین بکوژی ئافرەتن لەگۆمەڵگایەک کە ژن نەفرەتی و سێکسیزم بووە بە ئایدۆڵۆژیا و نێرسالاری باڵادەستە تیایدا . ئەگەر بێنین فیمیساید(ژنکوژی ) بەراوورد بکەین بە ھۆمیساید (مرۆڤ کوژی ) ، دەبینین ھۆمیساید زیاتر لە دەرەوەی ماڵ و خێزان دا ڕوودەدات و لەلایەن کەسی نامۆ و غەریبەوە بە قوربانییەکە ئەنجامدەدرێت ، بە بەراوورد بە فیمیساید کە بکوژ کەسی یەکەمی خێزانی کوژراوەکەیە و لەوانەیە لەناو ماڵ و خێزانێکدا ڕووبدات .

لەچەند ئامارێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا لەلایەن نوسینگەی قەڵاچۆکردنی ماددەی بێھۆشکەر و تاوان (UNDOC) لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە ، وە خراوەتە بەر دیدی جیھانی بە بۆنەی ساڵڕۆژی نەھێشتن و قەلاچۆکردنی توندوتیژی لەدژی ژنان لە (٢٥ی نوفمبری ساڵی ٢٠١٨) دا . لەم ئامارانەدا بینراوە کە ڕێژەی نیوە زیاتر لەو ئافرەتانەی لەساڵی ٢٠١٧ دا کوژراون ، بکوژەکەیان شەریکی ژیانیان یاخود یەکێک لەئەندامی خێزانەکەیان بووە . ھەروەھا بەپێی ئەم ئامارانە بێت لەساڵی ٢٠١٧ دا (٨٧ ھەزار ) تاوانی کوشتنی ئافرەت ڕوویداوە کە (٥٠ ھەزار) یان واتە لە (٥٨٪) دا تاوانبار ھاوبەشی ژیان یاخود کەسێک لەناو خێزانەکەدا بووە . 

ھەرچەندە ڕێژەی کوشتنی پیاو بەڕێژەی لە ٨٠٪ دایە لەجیھاندا بە بەراوورد بە ئافرەت ، بەلام کوشتنی ئافرەت زۆربەی کات بەھۆی ئەندامێکی نزیکێتی لە خێزانەکەیدا .

ھەمان ئامار دەڵێت ڕێژەی کوشتنی ئافرەت بەم شێوەیەی خوارەوەیە لە ووڵاتە جیاوازەکانی جیھاندا : 
ھەموو جیھان بە ڕێژەی ( ١.٣ لەھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک. )
ئەفریقا بە ڕێژەی ( ٣.٢ لە ھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک .)
ھەردوو ئەمریکاکە بە ڕێژەی (١.٦ لە ھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک. )
ئوسترالیا بە ڕێژەی (١.٣ لەھەر ١٠٠ ھەزار ئافرەتێک. )
ئاسیا بەڕێژەی( ٠.٩ ) و لەئەوروپادا کەمترین ڕێژەیە کە بریتییە لە (٠.٧) .

بەپێ ئەم ئامارانە بێت (ھەموو سەری كاتژمێرێك شەش ئافرەت دەکوژرێت لە جیھاندا بەدەست کەسێک لە ئەندامی خێزانەکەیەوە ) . ئەمەش تەنیا یەک مانا دەبەخشێت کەئەویش ئەوەیە " ماڵ یاخود خێزان ترسناکترین ژینگەیە بۆ کۆشتنی ئافرەت و فیمیساید " و " چیدی ماڵ ئەو شلتەرە نەماوە کە ئافرەت بپارێزیت و سەلامەتی بۆ دابین کات و ئارامگە بێت بۆی" .

ئافرەت لەئەزەلەوەو لەو ڕۆژەوەی پێیەکانی خستە سەر زەوی لەتێکۆشاندایە ، تێکۆشانێک کەھیچ کات تەنیا بۆ خۆی نەبووە ، بەڵکو تێکۆشانێک بووە بۆ سەلامەتی و پاراستنی تاکی خێزانەکەی پێش خۆی ، تێکۆشانێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لەڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەروونییەوە . بەڵام ئایا ئەم تێکۆشانەی چۆن ھەڵسەنگێنراوە ؟ یاخود چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە ؟ 

ھەمیشە وەڵامی ئەم دووپرسیارە کۆمەڵگایەکی نوێخواز و مەدەنی جیادەکاتەوە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرست و ھەمەجی و بەربەری .

ئەو باوکەی کەتاوانی کوشتنی کچەکەی وەک سزادانێکی دادوەرانە ببینێت بۆ ھەڵەیەک کە کچەکەیان کردویەتی بێگومان پەروەردەیی کولتور ونەریتێکی پیاو سالار و باوک سالارە کەتەنیا خۆیی و نێرێکی تر وەک مرۆڤ دەبینێت ، ئافرەتیش تەنیا وەک کاڵایەک دەبینێت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی ، کۆمەڵگایەک ھەتا ئێستاش جیاوازی ناکات لەنێوان تاوان و سزادان دا .

ڕێز گرتنی ئافرەت و لەبەرچاوگرتنی کێشەکانی وەکو ڕەگەزێکی جیاواز لە نێر و ماف وەرگرتنی لەلایەن گۆمەڵگاوە ، کارێکە دەبێت کۆمەڵگا فێری تاکەکانی بکات ، وھیچ پێویست ناکات ئافرەت داوای مافەکانی کات لە نێرێک ، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگا بۆیی فەراھەم کات . ئەوەی ڕوونیشە کۆمەڵگا لەھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکھاتووە و بەھەردوکیان بنیات دەنرێت .

کۆمەڵگایی نوێخواز و مەدەنی دەبێت ئەو چەمکی سێکسێزم و ژننەفرەتیی یە وەلا نێت و بەئایدۆلۆژیایەکی جیاواز سەیری بابەتەکان کات و ھەم نێر لە سادیزمیەکەی ( حەز کردن بە ئازاردانی بەرامبەر ) و بەھەمان شێوەش مێ لەو ماسۆشیزمی( چێژ وەرگرتن لە ئازاردان ) ە ، ڕزگارکات کە کەلتوور و عادەت پەروەردەیی کردوون لەسەریی و سەپاندوێتی لە مێشکیاندا . 

بۆ ئەوەی بتوانین ئەم دوو چەمکە دەستکاری کەین کە چەمکی سێکسیزم و ژننەفرەتی یە ، پێویستە ئەوە ڕەچاوکەین کە پەروەردەیی دروستی ئەندامانی خێزان کایەیەکی گرنگە . 

دەبێت پێش ھەموو شتێک دەستکاری پەروەردەی منداڵ بکەین ، منداڵی نێر وا پەروەردەکەین ھەم لەناو خێزان و ھەم لە قوتابخانەو ھەم لە کۆمەڵگادا کە مێینەیەک ھیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوێکی نێردا لەڕووی ئینسانی و پێداویستی فسێۆلۆژی و ڕۆحییەوە و ھەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ، وەلەڕووی ئەخلاقییەوە ھەمان پرینسیپڵیان ھەیە و ھەمان مافیشیان ھەیە کەپێویستە کۆمەڵگا بۆیان فەراھەم کات .
ئافرەتیش دەبێت فێر بکرێت کەھیچ شتێکی لە نێرێک کەمتر نیە ، بگرە ئافرەت بەردی بناغەی کۆمەڵگایی ھاوچەرخە ، و دەبێت خۆیی وەک کاڵایەک نمایش نەکات بۆ ڕازیکردنی بینینی پیاو ، ڕێز لە بیرکردنەوەو مێشک وبیرو بۆچوونی خۆی بگرێت و چیدی نەبێت بە تەنیا ئامرازێکی چێژبەخشین بەدەست نێرەوە .
ئافرەت بەخێوکەرە ، دایکە ، خوشکە ، خۆشەویستە ، ھاوڕێیە و ئەو نێرەشی ڕێز لە پیاوەتی خۆیی بگرێت باشترین تەواوکەرو پاڵپشتە بۆ ئافرەت لەکۆمەڵگایی ھاوچەرخ و نوێخوازدا ..

پەراوێز و سەرچاوەکان : 

١- Global Study on Homicide 2018, Gender-related killing of women and girls.
Www. UNODC . Org .
٢- The Femicide Census.. _ Womensaids.org .uk 
٣- The women killed on one day around the world.. BBC .NEWS .
٤- جرائم قتل النسا‌ء: الخلط بین العقاب والجریمه‌
www.arab48.com 
٥- " ژننەفرەتیی" و " سێکسیزم " وەک دوو چەمکی غائیب .
دکتۆر مەریوان ووریا قانع .