وەزیری ئاوەدانکردنەوە: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بە نرخێکی گونجاو دروستدەکەین

159 جار خوێندراوەتەوە کات06:44 بەروار05-09-2019
وەزیری ئاوەدانکردنەوە: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بە نرخێکی گونجاو دروستدەکەین

راچڵه‌كین

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی وەزارەتەکەی، کاڵکردنەوەو نەهێشتنی دوو ئیدارەییە لە کارو پرۆژەکانیدا.سەبارەت بە هێڵی ئاسنین و هێنانی شەمەندەفەر کە لەسەر ئەم قسەیەی رەخنەی زۆری لێگیرا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: دروستکردنی هێڵی ئاسنین خراوە‌ته‌ پلانی‌ چوار ساڵی‌ ئاینده‌مانه‌وەو ده‌بێ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ببێته‌ خاوه‌نی‌ هیڵی‌ ئاسنینی‌ خۆی‌.

* سه‌ره‌تا  له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێدەکەین ئەو قسەیەی کردت سەبارەت بە هێڵی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر، کاردانەوەی زۆری هەبوو لەناو خەڵکدا، ئێستاش هەر سووری لەسەر ئەو قسەیەت؟
- ده‌بوو چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا هه‌رێمی‌ كوردستان ببوایەتە‌ خاوه‌نی‌ هێڵی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر، ژماره‌یه‌ك له‌هاوڵاتیان كه‌ئه‌وه‌یان به‌لاوه‌ قورس بووه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك به‌ڵێن به‌هاوڵاتیان دراوه‌و جێبه‌جێ نه‌كراون. مه‌سه‌له‌ی‌ هێڵی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر پێویسته‌ بۆ هه‌موو وڵاتێك هه‌بێ به‌ره‌وپێش بچێ چی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانبێ یان بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌لی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازیی‌‌و گه‌شتوگوزار. 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێگایه‌كی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌رزان‌و سه‌لامه‌ته‌‌و هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ده‌توانێ ده‌ستی پێی بگات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شتێكی‌ زه‌روریه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان جا چی‌ حكومه‌ت بیكات یان له‌ڕێی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌ بكرێت. پڕۆژه‌یه‌كه‌ سوودی‌ هه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌ك نییه‌ ته‌نیا پاره‌ی‌ تێدا خه‌رج كه‌ین، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌یه‌كێك له ‌پڕۆژه‌ باشه‌كانی‌ ده‌زانین وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وەو خستوومانه‌ته‌ پلانی‌ چوار ساڵی‌ ئاینده‌مانه‌وه. 

ده‌بێ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ببێته‌ خاوه‌نی‌ هیڵی‌ ئاسنینی‌ خۆی‌.ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ شاره‌زا دیزاینی‌ پڕۆژه‌كه‌ بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین له‌ ساڵی‌ داهاتوودا قۆناغه‌كانی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌ركه‌وێ و بچێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه. 

*  بەدەر لە رێگاوبان بۆ ئه‌و كێشانه‌ی‌  هه‌ن له‌كه‌رتی‌ نیشته‌جێبووندا چی دەکەن؟
- له‌پلانی‌ چوار ساڵی‌ داهاتووی‌ حكومه‌تدا ئه‌و بودجەیە‌ی‌ كه‌ته‌رخان ده‌كرێت بۆ وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه،‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر دروستكردنی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون بۆ كه‌مده‌رامه‌تان. به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ تەنیا به‌چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبوون چاره‌سه‌ر ناكرێ، پێویسته‌ پلانێكی‌ گشتگیرتر هه‌بێ و چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و پرسه‌ به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی‌ تایبه‌ت دەبێ. به‌داخه‌وه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌و بواره‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زیاتر به‌دوای قازانجێكی‌ گه‌وره‌دا گه‌ڕاوه‌ وه‌ك له‌وه‌ی‌ به‌دوای‌ قازانجێكی‌ كه‌م‌و خزمه‌تكردنی‌ هاوڵاتیاندابێ. ده‌بێ هاوسه‌نگیه‌ك دروست بكه‌ین له‌نێوان ئه‌و یه‌كانه‌ی‌ حكومه‌ت دروستیان ده‌كات بۆ كه‌مده‌رامه‌تان‌و ئه‌و یه‌كانه‌شی‌ له‌ڕێی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌ دروستکراون، ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ به‌شێوه‌یه‌كبێ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبونی زیاتر دروست بكه‌ن به‌نرخێكی‌ گونجاوتر‌و زۆرترین هاوڵاتیان لێی‌ سوودمه‌ند بن. 

* هاوڵاتیان گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و یه‌كانه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كه‌م ده‌رامه‌ت نییه‌ به‌هۆی‌ به‌رزی‌ نرخه‌كانیانەوە، ئه‌گه‌ر وایه‌ پلانتان چیه‌ ؟
- ده‌بێ له‌پڕۆژه‌كانی‌ داهاتووماندا ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ دروست بكه‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ چوار چێوه‌ی‌ كاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ وه‌به‌رهێنان كاری‌ تێدا كردووه‌. وه‌به‌رهێنه‌ر خۆی‌ چووه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ داوا كردووه‌‌و موافه‌قه‌تی‌ وه‌رگرتووە‌. بۆله‌مه‌ودوا هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبوون له‌ڕێی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تیشه‌وه‌بێ، پێویسته‌ به‌فیلته‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌ندانكردنه‌وه‌دا تێپه‌ڕێ تا بزانین ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌خزمه‌تی‌ پڕۆژه‌ی‌ نیشته‌جێبووندایه‌ یان نا یاخود تەنیا چه‌ند توێژێكی‌ تایبه‌ت سودمه‌ند ده‌بن لێی‌.

 * شارەزایان وه‌ها باسی‌ یاسای وەبەرهێنان دەکەن کە زۆر لە سوودی كه‌رتی‌ تایبه‌تدا بووە، ئێوه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ چی‌ ده‌كه‌ن؟
- به‌ڵێ له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ داوای‌ هه‌مواركرنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌ك یه‌كه‌كانی‌ نیشته‌جێبوون له‌ڕێی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تیشه‌وه،‌ ده‌كرێت له‌ژێر سه‌ربه‌رشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دابێ بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی‌ له‌ڕابردوودا ڕوویانداوە كۆنتڕۆڵ بكرێن دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌. 

*ئه‌وه‌ی‌ به‌دی ده‌كرێت دوو ئیداره‌یی‌، به‌ کار و پرۆژەی وه‌زاره‌ته‌كه‌تانه‌وه‌ دیار بووه‌ لە پێشدا، تۆ ئه‌مه بۆچی‌ ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟
- یه‌كێك له‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئەم کابینە نوێیە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاشماوه‌و سێبه‌ری‌ دوو ئیداره‌یی‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌هیڵێت‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت له‌ڕابردوودا هه‌بووه‌. له‌دروستبوونی‌ كابینه‌ی‌ نوێوه‌ كاره‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕوات كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سێبه‌ری‌ دوو ئیداره‌یی‌ له‌سه‌ر نه‌مێنێ. جیاوازیه‌كی‌ زۆر ده‌بینرێ له‌ دروستکردنی یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون له‌ناو شاره‌كان‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كاندا. ناهاوسەنگی زۆر هەیە، بۆ ئەمە هیچ پلانێکتان هەیە؟
- خۆی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون ده‌بێ به‌پێی‌ دراسه‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ دروست بکرێ، به‌پێی‌ پێویستیی ئه‌و شوێنانه‌بێ كه‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوونی‌ لێدروست ده‌كه‌ی. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌ناحیه‌كاندا شوقه‌ی‌ ‌‌نیشتەجێبوون دروست بكه‌ین، له‌وانه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بێ، به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ له‌ڕێی‌ خانووه‌وه‌ ژیانی‌ گونجاوتر ده‌بێ له‌ ناحیه‌كاندا. به‌ڵام پڕۆژه‌ی‌ دروستكرنی‌ شوقه‌ ئه‌مه‌ زیاتر له‌شاره‌ گه‌وره‌كاندا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ، ئه‌مه‌ش به‌حكومی‌ ئه‌وه‌ ژیانی‌ شار جیاوازترە له‌ قه‌زاو ناحیه‌كان به‌حكومی‌ هه‌لی‌ كارو زۆری‌ دانیشتوان.

* ئێوه‌ چی‌ ده‌كه‌ن بۆ ڕێگه‌ی‌ کۆیە‌- هه‌ولێر کە ئێستا تەقریبەن بووە بە رێگای سەرەکی سلێمانی هەولێریش ؟
- دووسایدكردنی رێگه‌‌كه‌ی‌ به‌پێنج قۆناغ ته‌واو ده‌بێ، ته‌قریبه‌ن ئه‌وا چوار قۆناغیان ته‌واو ده‌بێ و ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌كاركردن تێیدا. تەنیا قۆناغی‌ پێنجه‌م ده‌مێنێ، به‌ڵێنده‌ره‌كه‌مان بانگكردووه‌ كه‌ دووباره‌ ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌كاره‌كانی‌، ئێمه‌ له‌پلانی‌ چوار ساڵه‌ماندا ده‌مانه‌وێت ئه‌و رێگا دووسایدانه‌ی‌ ته‌واو بکەین کە تەواو نه‌کراون.

* ئه‌ی‌ وتتان تونێلێكی‌ نوێ بۆ ده‌ربه‌ندیخا دروست ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ چۆن‌و كه‌ی‌ ده‌بێ؟
- ئه‌مه‌ش هه‌ر خرا‌وەتە‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌، به‌ دووسایدكردنی‌ ڕێگه‌ی‌ (كه‌لار - سلێمانی‌)، ئه‌و تونیله‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان ته‌مه‌نی‌ ئیتر وا به‌ره‌و كۆتایی‌ ده‌ڕوات و پێویست ده‌كات ئێمه‌ ئه‌و ڕێگا تازه‌یە دروست بکەین و پێویستی‌ به‌ تونیلێكی‌ تازه‌ هه‌یه‌. ‌ده‌رخسته‌ی‌ پڕۆژه‌كه‌ ئاماده‌یه‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ماوه‌یه‌كی‌ نزیكدا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بسپێرین به‌ به‌ڵێندەر. 

*بە گشتیی هەرێمی کوردستان تونیڵی‌ زۆر كه‌مه،‌ بۆ ئه‌مه‌ چی‌ ده‌كه‌ن؟
- مه‌به‌ست ئه‌وه ‌نییه‌ ئێمه‌ هه‌ر تونێل لێبده‌ین، ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ ده‌بێ ئه‌و ڕێگایانه‌ی‌ پێویستن‌و زۆرترین هاوڵاتی‌ پیدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن تونێلیان بۆ لێبدرێت. له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕووی‌ باشی‌ ڕێگه‌وبانه‌كانه‌وه‌ لاوازین ئه‌مه‌ش به‌ ساڵ‌و دوو ساڵ ناکرێت، ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ له‌م ساڵ‌و دوو ساڵه‌دا ته‌واویان بكه‌ین.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی زه‌مه‌ن