شایەتحاڵاكانی ئەنفال بۆ زمانی فارسی وەرگێردرا

85 جار خوێندراوەتەوە کات05:46 بەروار07-09-2019
شایەتحاڵاكانی ئەنفال بۆ زمانی فارسی وەرگێردرا
راچڵەكین ـ

چوار بەرگی كتێبی "شایەتحاڵەكانی ئەنفال" وەرگێڕدراوە بۆ زمانی فارسی و لەژێر ناونیشانی "مسافران مرگ" لەچاپدرا.

"مسافران مرگ" بیروەرییەكانی كۆمەڵێك لە ڕزگاربووانی جینۆسایدی ئەنفال، ئەوانەی لەسەفەری مەرگ گەڕانەوە و یەك لە جەلادەكانی ڕژێمی بەعس لە خۆ دەگرێت، كە بەرهەمی هەوڵ و تێكۆشانی چەندین ساڵەی ڕۆژنامەنووس و نووسەری كورد "عارف قوربانی"ییە و لەلایەن "مورتەزا مورادی (ئارما)" ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕی كرماشانی وەرگێڕدراوەتەوە بۆ سەر زمانی فارسی.

ئەنفال یان هۆلۆكۆستی كورد پرسێكە كە كورد بەو جۆرەی شایستە بێت لەسەری نەكۆڵیوەتەوە و لەو بارەیەوە عارف قوربانی دەڵێت "لە ئەنفال قورستر ئەوەیە كە هێشتا ئەنفالمان نەخوێندۆتەوە". 

مورتەزا مورادی ساڵی ڕابردوو كتێبی "تەیموور، تاقە ڕزگاربووی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفالی" لە ژێر ناوی "از گور برگشتە" بە زمانی فارسی چاپ كردووە و ئەم چوار بەرگەش لەدرێژەی هەمان پرۆسەدا لەچاپ دراون.

وەرگێڕ لەم بارەوە دەڵێت"دوو خاڵ بوونەتە هۆی ئەوەی كارەكانی عارف قوربانی هەڵبژێرم، یەكەم ڕەنگە نزیكەی 20 ساڵ لە تەمەنی خۆی نابێتە سەر ئەم پرۆژەیە و ئەمە جێگای ڕێزە و زۆریش خۆشحاڵم ئیزنی داوە كاریان لەسەر بكەم. دووهەم ئەم كتێبانەی عارف قوربانی لە زمانی خودی قوربانیان یان جەلادانەوە كۆ كراونەتەوە و نووسراون، ڕزگاربوو یان جەلاد ئەوەی بە چاوی خۆی بینیوە یان ئەوەی بە دەستی خۆی كردوویەتی دەیگێڕێتەوە و بۆیە دەتوانین وەك بەهێزترین بەڵگەنامە و باوەڕپێكراوترین سەرچاوە بۆ ئەنفال ئاماژەیان پێ بدەین".

وەرگێڕ دەشڵێت"لەچاو كاری عارف قوربانی من هیچم نەكردووە و پاروویەكی ئامادەم نراوەتە بەردەست، وەك لەم كتێبەدا دەبینن و دەیخوێننەوە نزیك بە بیست ساڵ كات بۆ تەواوكردنی ئەم كتێبە دانراوە و نووسەر لەگەڵ یەك بە یەكی قوربانیان و جەلادان ڕاستەوخۆ قسەی كردووە".

كتێبی شایەتحاڵەكانی ئەنفال لە نوسینی عارف قوربانییە و لە چوار بەرگ پێكهاتووە كە زیاترە لە دوو هەزار لاپەڕە، لە ساڵەكانی 2001،2002 و 2003 بەزمانی كوردی چاپكراوە.