بڕیاری کۆنگرە گرنگە، یان ئەنجامەكەی؟

190 جار خوێندراوەتەوە کات12:35 بەروار09-09-2019
بڕیاری کۆنگرە گرنگە، یان ئەنجامەكەی؟

لقمان حەمەد مەڕان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو هێزەیە کە (٤٤)ساڵ تەمەنی خەباتیەتی، بەڵام لە مێژووی ئەم هێزەدا تەنها سێ جار کۆنگرەی بەستووە ئەگەرچی لەسەرەتای دروستبوونی ئەم هێزەوە خاوەنی فرەمینبەری بووە، بەڵام ئەمە هیچ کات نەبۆتە هۆی وەستانی کاروانی خەبات و تێکۆشانی.

هەر لەسەرەتاوە گەلی کورد ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵچنی هەر زووش ئومێدەکەیان ئاسۆی ڕوونی لێ دەرکەوت، چونکە ئەو حزبە بۆنی هێزێکی نەتەوەیی لێدەهات لەمەیدانی کاری سیاسی و خەباتی چەکداریشدا زوو دەرکەوت کە  کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان پشتیوانی خەباتی ڕەوای یەكێتی-ن.
 
ئەوەی زیاتر بۆ کورد ئومێد بەخشبوو بوونی ڕابەری لێهاتووی ئەم هێزە بوو ئەویش مام جلال بوو کە سەرکردەیەکی دیاری خەباتی سیاسی گەلی کوردو گەلانی چەوساوە بوو، چونکە مام دەنگی بە هەركوێ بگەیشتایە، ئەوا نەک هەر بەتها بەرگری لە کورد دەکرد، بەڵکو پشتیوانی لە هەموو گەلێكی چەوساوەی هاوشێوەی كورد دەکرد، ئەوەش زیاتر وایکردووە یەکێتی وەک هێزێکی گەورە بناسرێت.

بەڵام دوای نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی مام یەکێتی دۆخێکی دژواری بەڕێکرد ئەویش بەهۆی ململانێ ناخۆییەکان لەسەر پێگەو دەسەڵاتی ناو یەکێتی، بەڵام ئەوەی زۆرترین ئازاری چێشت لە ئەنجامی دۆخی ناهەمواری یەکێتی خودی کۆسرەت ڕسوڵ علی بوو، چونکە له م کاتە هەستیارەدا بەگوێرەی پەیڕەو لەمادەی (۲۸) لە بڕگەی (۲) جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی تاوەکو کۆنگرە تەواوی ئەرکەکانی سکرتێری گشتی دەکەوێتە ئەستۆی بۆ بەڕێوەبردنی تەواوی کارەکانی یەکێتی بۆیە ڕاییکردنی کاری حزبی لەو کاتە ناهەموارەدا زۆر قورس بوو کە هەم یەکێتی و هەم ناوچەکە دووچاری دۆخێکی  دژوار بوو لە کۆی کێشەکانی ناوچەکەش پشکی شێر بەریەکێتی دەکەوت، بۆیە ئیدارەی ئەم دۆخە لەملی کۆسرەت ڕسوڵ بوو توانی بەسەرکەوتویی بیگەیەنێتە کەنار.

 کۆسرەت ڕسوڵ توانی لەم دۆخەدا یەکێتی بەسەرکەوتویی لە کۆمەڵێک قۆناغ دەرباز بکات ئەویش کێشەی سەرۆک کۆمارو کێشەی گەڕانەوەی هاوپەیمانی و ئاشتەوایی تاڕادەیەک لەناو یەکێتی و وەستانی  تاکڕەوی پارتی و پێکهێنانی کابینەی نۆو چەسپاندنی داواکانی یەکێتی لە کابینەكەدا، هەروەها پێكهێنانی تیمی کابینەی نۆ ئەوە هەمووی بەهەوڵی کۆسرەت ڕسوڵ بووە بەپاڵ پشتی بەشێک لەسەرکردەکانی تری یەکێتی ئەگەرچی بەشێکی سەرکردەکانی تری یەکێتی دژی بڕیارەکەی کۆسرەت ڕسول دەبوون. بەڵام کۆتا بڕیار کە  کۆسرەت ڕسوڵ لە( ۷ / ۹ ‌‌/ ۲۰۱۹) دا بـەهاوکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەریکرد. ئەویش بڕیار بەستنی کۆنگرەیە لە(۷/۱۲)کەئەمەش بە قوڕسترین بڕیاردێت بەڕای من، چونکە کۆنگرە چارە نوسی ئەو هێزە دیاری دەکات کە کۆنگرە دە بەستێت.

 یەکێتی لە مێژووی (٤٤) ساڵی خۆیدا تەنها سێ کۆنگرەی کردووە لە هەموو کۆنگرەکان مام جلال بەبێ ڕکابەر هەڵبژێردراوە بۆ سکرتێری گشتی و کەسی یەکەم، 
بەڵام ئەوەی قورسە بۆ ئەمجارە ئەوەیە کە کێ دەبێت بەکەسی یەکەم بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوودا ئیدارەی یەکێتی بدات ئەو کەسەش دەبێت کەسێکی خاوەن ئەزموونی سیاسی و کارەکتەرێکی سیاسی دیاری گۆڕەپانی سیاسی و پەیوەندێکی فروانی هەبێت چ لە ناو خۆی کوردستان و دەرەوەش، ئەویش لەئێستا تەنها یەکەس هەیە کەدەبێت بەر لەکۆنگرە هەموویان لەسەری کۆک بن ئەویش کۆسرەت ڕسوڵە دەبێت بۆ قۆناغی داهاتوو هەموو ڕاجیاوازەکانی ناو یەکێتی بچن تەکلیفی بکەن بۆئەوەی لە پاڵ ئازاری جەستەو ئازاری ماندووبون و هیلاکی دەبێت بۆ قۆناغی داهاتووش ئازاری یەکێتی بگرێتەوە ئەستۆی خۆی بۆ ئەوەی یەکێتی بەهێز بمێنێتەوە لە پاڵ ئەوەش کۆمەڵێک گەنجی بوێرهەن دەبێت بێنە ناوەندی بڕیاری یەکێتی بۆ ئەوەی پاڵپشتی کۆسرەت ڕسوڵ بن.

لەهەرسێ کۆنگرەی یەکێتیدا سكرتێر بەمجۆرە هەڵبژێردرا:
کۆنگرەی یەکەم...
لە(۱۹۹۲/۱/۲۷) لەشاری هەولێر ئەنجام درا، تێیدا مام جەلال وەک سکرتێری گشتی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی دووەم..لە(۳٠/ ۱/ ۲٠٠۱) لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا، هەم دیسان مام جەلال وەک سکرتێری گشتی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی سێهەم...لە(۱/ ۵/ ۲٠۱٠) لەسێلمانی ئەنجام درا،  دیسان بۆجاری سێهەم مام  جلال  وەک سکرتێری گشتی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە..

لەئێستادا هەموومان چاوەڕوانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەکەین، بڕیار وایە لە (٧/ ١٢/ ٢٠١٩) چوارەم کۆنگرەی خۆی ببستێ.

بەڵام دەبێت لەم کۆنگرەیەش هاوشێوەی مام جلال کۆسرەت ڕسوڵ بەبێ ڕکابەر بۆ کەسی یەکەمی یەکێتی هەڵبژێردرێت جا هەر ناوێکی لێ دەنێن.