بۆچی‌ فرسه‌ت سۆفی‌ ده‌بێته‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر؟

3727 جار خوێندراوەتەوە کات11:34 بەروار09-09-2019
بۆچی‌ فرسه‌ت سۆفی‌ ده‌بێته‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر؟

فرسه‌ت سۆفی‌؛ ئاڵنگارییه‌كانی‌ به‌رده‌مى

پڕۆفایل :
فرسه‌ت سۆفی‌، گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن 39 ساڵ، له‌ گوندێكی‌ ناوچه‌ی‌ شاخاوی‌ دووره‌ ده‌ستی‌ له‌ سنووری‌ باڵه‌كایه‌تی‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ هه‌ولێر، دوای‌ بڕینی‌ هه‌ورازو نشێویه‌كی‌ زۆرو به‌ڕێكردنی‌ به‌شێكی‌ ژیانی‌ له‌ "ئۆردوگا" زۆره‌ ملێكان و، ململانێ سیاسی‌ و حزبییه‌كان، دواجار ده‌بێته‌ به‌رپرسی‌ یه‌كه‌می‌ كارگێڕی‌ و ئه‌منی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر.
فرسه‌ت سۆفی‌، سه‌ره‌تایی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ له‌ یه‌كێتیی‌ قوتابیانی‌ كوردستان له‌ قۆناغه‌كانی‌ سه‌ره‌تایی‌ خوێندنی‌ ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ ئه‌ندامی‌ سكرتاریه‌ت و سه‌رنووسه‌ری‌ ڕۆژنامه‌ی‌ " ڕوانین"ی‌ له‌م رێكخراوه‌ تێپه‌رده‌كات، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تایی‌ ساڵی‌ دوو هه‌زاره‌كان، كۆلێژی‌ یاساو ڕامیاری‌/ به‌شی‌ یاسا ته‌واوده‌كات، ده‌ستده‌كات به‌ خوێندنی‌ ماسته‌ر، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ بۆ وه‌رگرتن له‌ خوێندنی‌ ماسته‌ر هه‌ردوو قۆناغی‌ ماسته‌رو دكتۆرا به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌مه‌كان و زۆر باشه‌ ته‌واوده‌كات، و پاشان له‌ دوای‌ ساڵی‌ 2009 ده‌بێته‌ مامۆستای زانكۆ.
سۆفی‌ له‌سه‌ره‌تاكانداو دوای‌ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ باڵا، ئاره‌زووی‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ "فه‌رمانگه‌ی‌ ڕێكخراوه‌ نا حكومییه‌كان" ده‌ات به‌ پله‌ی‌ به‌ڕێوبه‌ری‌ گشتییی‌، به‌ڵام ناتوانێت بگاته‌ به‌و پۆسته‌و دواتر هه‌وڵی‌ به‌ ده‌ستهێنانی‌ پۆستی‌ ئه‌ندامیه‌تی‌ په‌رله‌مان ده‌دات، ئه‌وه‌بوو له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 2013دا، له‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ موجازه‌فه‌دا كه‌ لیستی‌ پارتی‌ خرایه‌ ژماره‌ 100، به‌ڵام هه‌رتوانی‌ توانی‌ 16 هه‌زار ده‌نگ بهێنێت و ببێته‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان. له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پسپۆرییه‌كه‌ی‌ له‌ بواری‌ یاسادا ده‌بێت، هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ده‌دات ببێته‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌، یاخود ئه‌ندام، به‌ڵام فراكسیۆنی‌ ئه‌وكاتی‌ پارتی‌ ئه‌و پۆسته‌ی‌ پێ ڕه‌وانابینن، بۆیه‌ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌زاهه‌و لیژنه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان.
له‌ خولی‌ ڕابردوو په‌رله‌مان، ناوبراو یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی‌، به‌هۆی‌ تواناو پسپۆرییه‌كه‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ زۆری‌ هه‌بوو، بچێته‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، به‌ تایبه‌ت پۆستی‌ سكرتێری‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌هۆكاری‌ هه‌ندێ رێگری‌ ناوخۆیی‌، نه‌یتوانی‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت.
سه‌ره‌تایی‌ گه‌یشتن به‌ لوتكه‌
له‌سه‌روبه‌ندی‌ ململانێكانی‌ نێوان گۆڕان و پارتی‌ له‌سه‌ر یاسایی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و مانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌، فرسه‌ت سۆفی‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایی‌ یه‌كێك له‌ باوه‌ڕپێكراوانی‌ ماڵی‌ بارزانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ئه‌و حزبه‌، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت له‌سه‌رجه‌م دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ هه‌مواری‌ یاسایی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ( له‌ 23ی‌ حوزه‌یران، 19ی‌ ئاب) تاكه‌ كه‌س بووه‌ له‌و حزبه‌، كه‌ ڕاپۆرت و شیكارییه‌كانی‌ له‌باره‌ی‌ پێشهاته‌كان ڕاست ده‌رچووبوون، لای‌ ماڵی‌ بارزانی‌ و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕوودای‌ 12ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2015 ڕوویدا، پارتی‌ ڕێگریكرد له‌ هاتنه‌وه‌ی‌ یوسف محه‌مه‌د، بۆ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، زۆربه‌ی‌ بۆچوون و شیكارییه‌كانی‌ فرسه‌ت سۆفی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕاست ده‌رچووبوون بۆ حزبه‌كه‌ی‌، نێچیرڤان بارزانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردبوو: ته‌نها فرسه‌ت راستی‌ كرد.
فرسه‌ت سۆفی‌ و چاكسازی‌
له‌ مانگی‌ یانزده‌ی‌ ساڵی‌ 2015، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت، هه‌ریه‌ك له‌ فرسه‌ت سۆفی‌ و گۆڕان ئازاد، به‌ هه‌وڵێكی‌ تاكه‌كه‌سی‌ یه‌كه‌م كاریان ئاماده‌كردنی‌ راپۆرتێك ده‌بێت، كه‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایی‌ چاكسازی‌ و دواتر حكومه‌ت چه‌ند بڕیارێكی‌ له‌سه‌ر بنه‌مایی‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ ده‌ركرد، به‌هۆی‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ مه‌سعود داوایان لێده‌كات بچنه‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ چاكسازی‌ كه‌ له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئه‌وكات دروستی‌ ده‌كات، بۆیه‌ فرسه‌ت سۆفی‌ ده‌چێته‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ چاكسازی‌ ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌و، له‌ ماوه‌ی‌ كاركردنیان زۆرترین دۆسیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامانی‌ گشتیی‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌، له‌وماوه‌یه‌شدا ناوبراو ده‌بێته‌ كه‌سێكی‌ نزیكی‌ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سعود بارزانی‌ و نێچیرڤان بارزانی‌ وڕۆژانه‌وهه‌فتانه‌ زۆرترین جار ده‌یانبینێت.
به‌پێی‌ به‌دواداچوونه‌كان و قسه‌ی‌ نزیكه‌كانی‌ سۆفی‌، ناوبراو باوه‌ڕی‌ به‌ ژیانی‌ شاهانه‌ نییه‌، هیچ دۆسییه‌كی‌ گه‌نده‌ڵیشی‌ له‌سه‌ر نه‌بووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ سنووری‌ پارتی‌ ده‌ستی‌ بۆ زۆترین دۆسیه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رپرسی‌ باڵای‌ حزبی‌ و حكومی‌ برد، سه‌ڕه‌رای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین ئۆفه‌رو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م و ڕووبه‌رووی‌ ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كۆڵ نادات و به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌ دوای‌ سڕكردنی‌ یاسایی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و نێچیرڤان بارزانی‌ داوای‌ لێده‌كات نوسینگه‌كه‌ی‌ داناخات و به‌رده‌وام بێت له‌كاره‌كانی‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، له‌ نێو حكومه‌ت.
فرسه‌ت سۆفی‌ به‌یارمه‌تی‌ هاوكاره‌كانی‌ ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ سنووری‌ سلێمانیشه‌وه‌ هه‌بوو، له‌ ڕێگه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و قوباد تاڵه‌بانی‌ ده‌یخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی‌ ئه‌و حزبه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ساخكردنه‌وه‌یان.
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ی‌ كاركردنی‌ ناوبراو له‌ لیژنه‌ی‌ چاكسازی‌، وه‌ك ده‌وترێ ئه‌وه‌ی‌ "سڕو تڕی‌" به‌رپرسه‌ حزبی و حكومییه‌كانه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ستی‌، به‌مه‌ش زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵا ده‌سته‌كانیش ده‌یانه‌وێ خۆی‌ لینزیكبكه‌نه‌وه‌و به‌رده‌وام موجامه‌له‌یان كردووه‌.
فرسه‌ت؛ عه‌راب و ئه‌ندازیاری‌ نزكیبوونه‌وه‌ی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كان
له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوبراو له‌ ساڵی‌ 2015 و 2016 ده‌چێته‌ پێش، له‌وماوه‌یه‌دا زۆرترین لینك و په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتیی‌ و گۆڕان دروستده‌كات، دواتر به‌شێوه‌یه‌كی‌ نا فه‌رمی‌ ده‌بێته‌ مونه‌سیقی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان پارتی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی‌ و گۆڕان، زۆرترین په‌یوه‌ندی و دانیشتنه‌ نهێنییه‌كان له‌ لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.
فرسه‌ت سۆفی‌ له‌ رێگه‌ی‌ دۆسته‌كانی‌ له‌ نێو یه‌كێتیی‌ و گۆڕان له‌ لیژنه‌ی‌ چاكسازی‌ حكومه‌ت، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ ئاگاداری‌ هه‌ردووك بارزانی‌ ده‌بێته‌ متمانه‌پێكراوی‌ هه‌ریه‌ك له‌ هێرۆخان و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، زۆرترین جار دیدارو چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵیان ده‌بێت، هه‌موو جۆره‌ په‌یام و نامه‌و ئاسایكردنه‌وه‌یه‌كی‌ دۆخه‌كه‌ش له‌ نێوان پارتی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی‌ و گۆڕان ڕۆڵی‌ ئه‌وی‌ تێدا ده‌بێت.
ناوبراو په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندو تۆڵی‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی‌ تاڵه‌بانی‌ و نه‌وشێروان موستا هه‌بووه‌و له‌ زۆربه‌ی‌ دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئاماده‌یی‌ هه‌بووه‌و زۆربه‌ی‌ په‌یامه‌كان له‌و نێوه‌نده‌دا له‌ لایه‌ن ناوبراو گه‌یاندراوه‌.
ئه‌و هه‌ماهه‌نگی‌ و ته‌نسیقه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی‌ فرسه‌ت سۆفی‌ به‌رده‌وامی‌ ده‌بێت، تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌م دوایه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، دواتریش سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ ده‌یكات به‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دانوستانكاری‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌و پێیه‌ی‌ ناوبراو كلیكی‌ كردنه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ دۆسیه‌ ئاڵۆزه‌كانه‌و ئه‌ندازیای‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ بوو.
به‌ر له‌وه‌ی‌ دانوستانه‌كانی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتیی‌ به‌ فه‌رمی‌ ده‌ستپێبكات، ناوبراو زه‌مینه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ بار دروستده‌كات له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ پارتی‌ و گۆڕان، دواجاریش ئه‌و زه‌مینه‌ خۆشكردنه‌ بووه‌ هۆی‌ پارتی‌ و گۆڕان، له‌م چه‌ند دانیشتنێكی‌ زۆر كه‌مه‌دا ڕێككه‌وتن واژووبكه‌ن.
ئه‌گه‌رچی‌ ناوبراو تاوه‌كو ئێستا پۆستێكی‌ باڵای‌ حزبی‌ نییه‌، به‌ڵام دۆسیه‌ ئاڵۆزه‌كانی‌ دانوستاندنی‌ نێوان پارتی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌، هه‌رده‌م له‌ ژێر ده‌ستی‌ ئه‌ودابوون و هه‌ركاتێك له‌یه‌ك دوور بایه‌ن، داوایان لێده‌كرت وه‌كو هۆكاری‌ خێر چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه‌و قسه‌یه‌كی‌ تێدا بكات.
به‌پێی‌ وته‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ دانوستانكاری‌ هێزه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌ ئاڵۆزانه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا به‌ڕێوه‌ده‌چوون، ناوبراو دوای‌ هه‌مووان قسه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كرد، زۆرترین پێشنیازو قسه‌كانیشی‌ به‌ ئاڕاسته‌ی‌ گه‌یشتنی‌ لایه‌نه‌كان بوو، له‌ هه‌ركۆبوونه‌وه‌یه‌كیش لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتبووان به‌ لێكتێگه‌یشتن دواتر په‌یوه‌ندی‌ به‌ ناوبراوه‌وه‌ ده‌كرا تا قسه‌یه‌كی‌ باش له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكات.
له‌سه‌ر پرسی‌ دانانی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوكیش ڕۆڵێكی‌ گرینگی‌ بینی‌ له‌ نێوان مه‌سعود بارزانی‌ و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ.
فرسه‌ت سۆفی‌ و پۆستی‌ باڵا
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 30ی‌ ئه‌یلولی‌ 2018، مه‌سعود بارزانی‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ فرسه‌ت سۆفیه‌وه‌ ده‌كات، تاوه‌كو جارێكی‌ دیكه‌ خۆی‌ بۆ ئه‌ندامیه‌تی‌ په‌رله‌مان كاندید بكات، به‌ڵام ناوبراو به‌ بارزانی‌ ڕاگه‌یاند : كه‌ هیچ ره‌غبه‌تێكی‌ له‌سه‌ر بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌ویش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاندید بكرێت، ئه‌وا داواكه‌ی‌ بارزانی‌ ڕه‌تناكاته‌وه‌.بارزانیش زۆری‌ لێناكات و داواكه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كاته‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌، دواتریش ناوبراو له‌كاندیدكردنی‌ ده‌كشێته‌وه‌.
له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ فۆڕمی‌ خانه‌نشینی‌ خولی‌ ڕابردووی‌ په‌رله‌مان به‌سه‌ر ئه‌ندامان دابه‌شده‌كرێت، ناوبراو تاكه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌بێت له‌ فراكسیۆنی‌ خۆی‌ و فراكسیۆنه‌كانی‌ دیكه‌، پڕكردنه‌وه‌ی‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ كرداری‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاری‌ پێشووی‌ وه‌ك مامۆستایی‌ زانكۆی‌ پۆله‌ته‌كنیك، له‌ ئێستاشدا له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كان وه‌كو وانه‌بێژ وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌.
دوای‌ فرسه‌ت سۆفی‌ جێگای‌ متمانه‌پێكراوی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌، دوجار له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێشنیازی‌ چه‌ند پۆستێكی‌ باڵای‌ پێدرا له‌وانه‌ پۆستی‌ ( پارێزگاری‌ هه‌ولێر، وه‌زیر، سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران)، له‌گه‌ڵ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌كان، به‌ڵام دواجار ته‌نها بژارده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانی‌ له‌به‌رده‌م مایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵیبژێرێت، ئه‌ویش ناچار ڕازی‌ بوو به‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر.
خاڵه‌ لاوازو به‌هێزه‌كانی‌ فرسه‌ت سۆفی‌
له‌ دوای‌ ده‌ستبه‌كاربوونی‌ فرسه‌ت سۆفی‌، وه‌كو پارێزگاری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام خواست له‌سه‌ر پۆستی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و پارێزگاره‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ 1996ه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی‌ پارتی‌ ململانێی‌ توندی‌ له‌سه‌ر بووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌ركردانه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ن و خۆیان به‌ شایه‌نی‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ ده‌زانن و به‌رده‌وامیش شه‌ڕیان له‌سه‌ر كردووه‌.
وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌وكاته‌دا وابه‌ئاسانی‌ نه‌بوو، چونكه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدرێت ناوبراو بكرێته‌ پارێزگار هه‌ریه‌ك له‌ : ( پشتیوان صادق و ئه‌حمه‌د كانی‌ و مامۆستا عبدالڵه‌ و چه‌ند كه‌سێكی‌ دیكه‌ ) داوایان كردبوو ببنه‌ پارێزگار.
له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ فرسه‌ت سۆفی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ حزبی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ هیچ به‌رپرسیاریه‌ته‌كی‌ نییه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كیش نییه‌، كه‌ باوك و باپیرانی‌ به‌رپرس بووبن، هه‌ربۆیه‌ رووبه‌ڕووی‌ ئاڵنگارییه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌و ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت موماره‌سه‌كردنی‌ ئه‌و پۆسته‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ جه‌رگه‌ی‌ هه‌ولێر ژیابێت، باش ئه‌وه‌ده‌زانێت، كه‌ هه‌رده‌م سه‌ركرده‌كانی‌ پارتی‌ له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر، له‌سه‌ر ئاستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌كردایه‌تی‌ هه‌ولێر، به‌ درێژایی‌ ساڵانی‌ ڕابردوو له‌ ململانێی‌ توندابوون له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ئێستاش كه‌سێك كه‌ هیچ به‌رپرسیاریه‌تێكی‌ نییه‌و دێته‌ ئه‌و شوێنه‌، ئاسان نییه‌ هه‌زمه‌كردنی‌ وه‌ك پارێزگار.
ئاڵنگارییه‌كی‌ دیكه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ڕووبه‌رووی‌ ناوبراو ده‌بێته‌وه‌ نه‌بوونی‌ بودجه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ پارێزگارو بودجه‌ی‌ حكومه‌ته‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، چونكه‌ له‌ بیرمان نه‌چێت ئه‌نجامدانی‌ كاری‌ خزمه‌تگوزاری‌ و ئیداری‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاره‌كانی‌ هه‌ر پارێزگارێكه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر قه‌یران به‌رده‌وام بێت و ناوبراو پاره‌ی‌ پێویستی‌ له‌به‌رده‌ست نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ ببێته‌ خاڵێكی‌ لاوازی‌ بۆی‌ به‌ یه‌كجاری‌ مێژووی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ناوچوون، هه‌ر له‌ گه‌نجیه‌وه‌ خۆری‌ ئاوابێت.
هه‌رچه‌نده‌ لای‌ به‌شێك خه‌ڵك ئه‌وه‌ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ دانانی‌ ناوبراو له‌ شوێنی‌ نه‌وزاد هادی‌ له‌ سه‌روبه‌ندی‌ ململانێی‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی‌ و مه‌سرور بارزانیه‌، ئه‌م دانانه‌ش له‌وكاته‌دا وه‌كو پاكتاوكردنی‌ باڵی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ناوبرو به‌یه‌ك دووری‌ په‌یوه‌ندی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا هه‌یه‌و دانانه‌كه‌شی‌ چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ ئێستا بڕیاری‌ له‌سه‌ردرابوو.
ئاڵناگه‌رییه‌كی‌ به‌رده‌می‌ ناوبراو ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر چه‌قی‌ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ به‌رپرسه‌ بازرگانه‌ گه‌وره‌كانی‌ هه‌رێمه‌، بۆیه‌ ئاسان نابێت بۆ ئه‌و ڕووبه‌رووی‌ ئه‌و هه‌موو بازرگانه‌ ببێته‌وه‌ له‌یه‌ك كاتدا.
دوو خاڵی‌ به‌هێزی‌ پارێزگاری‌ نوێ هه‌ن، كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌رئه‌مه‌ش وایكردبێ به‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسه‌ ڕازیبێت، ئه‌ویش نزیكایه‌تی‌ و پاڵپشتی‌ هه‌ریه‌ك له‌ مسعود بارزانی‌ و مه‌سرور بارزانی‌ و نێیچیرڤان بارزانییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات هیچ كه‌سێك نه‌توانێت له‌ماوه‌ی‌ ژیانی‌ پارێزگاریه‌تی‌ دژایه‌تی‌ بكات.
هه‌رچه‌نده‌ سۆفی‌ به‌ سروشتی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ دۆسیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ دژی‌ هیچ كه‌سێك له‌ رێگه‌ی‌ میدیاو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ناڕاسته‌وخۆ بجولێندرێت، پێویسته‌ ڕێره‌وی‌ یاسایی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕوون ئاشكرایه‌، كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیان هه‌یه‌ له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر( به‌ به‌رپرسه‌ گه‌وره‌و بچووكه‌كان) مه‌له‌فیان له‌سه‌ر ژێر ده‌ستی‌ ناوبراوه‌و، بۆیه‌ش ئاسان نابێت داژیه‌تیكردنی‌ و ترسی‌ دۆسییه‌كان له‌ دڵی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌رده‌مێنێت.
له‌ڕۆژانی‌ داهاتوو ناوبراو به‌ فه‌رمی‌ ده‌بێته‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر، دواتر ڕوونتر ده‌رده‌كه‌وێ تا چه‌ند سه‌ركه‌وتووه‌ له‌یه‌كه‌م ئه‌زموونی‌ ئیداره‌دانی‌ پارێزگارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌كو هه‌ولێر.