نەوزاد هادی لەبارەی "دەستلەكاركێشانەوە" یاخود " دوورخستنەوە"ی لە پۆستی پارێزگاری هەولێرو دانانی فرسەت سۆفی لەجێگای..هاتەدەنگ

3048 جار خوێندراوەتەوە کات11:24 بەروار10-09-2019
نەوزاد هادی لەبارەی

راچڵەكین-

پارێزگاری ئێستای هەولێر دەنگۆی "دەسلەكاركێشانەوە" یاخود دوورخستنەوە"ی لە پۆستەكەی ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت:" كوا ئەو خەبەرەلەكوێ هاتووە؟! هیچ شتێكی وانیە."

ماوەی دوو رۆژە دەنگۆی " دوورخستنەوەی" نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێرو دانانی " فرسەت سۆفی" بەپارێزگاری نوێ، زۆری میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لەناوخۆی هەرێم تەنیوە.

ئەوەی كەزیاتر ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاستكردەوە، سەردانیكردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بوو لەلایەن خودی نەوزاد هادی و راگەیەندراوی ئەنجوومەنەكە بوو دوای سەردانەكە كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە:" عەلی رەشید خۆشناو بەناوی ئەنجومەن و خەڵكی هەولێرەوە سوپاس و پێزانینیان پێشكەشی نەوزاد هادی كرد كە لەماوەی رابردودا خزمەتی شارەكەی كردوە."

نەوزاد هادی، پارێزگاری ئێستای هەولێر لەوتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، لەبارەی ئەو هەواڵە ئاماژەی بەوەكردووە:" دەستم لەكارنەكێشاوەتەوە وە هیچ شتێكی فەرمی-ش نیە تا ئەم ساتە لە پۆستی پارێزگاری هەولێر بەردەوامم و وەك خۆیەتی، ئەوە بڕیاری پارتیە كە گۆڕانكاری لە هەندێك لە پۆستەكاندا بكات بەڵام تا ئێستا تایبەت بە پۆستی پارێزگاری هەولێر هیچ شتێكی فەرمی نەهاتووە، وە من نامەی دەسلەكاركێشانەوەم نەداوەتە ئەنجومەنی پارێزگا كوا ئەو "خەبەرە"لەكوێ هاتووە؟ هیچ شتێكی وانیە."

دەشڵێت:" پارتی بڕیاری كۆمەڵێك گۆڕانكاری هەیە ئەمە كارێكی سروشتیه زۆر ئەو جێگۆڕكێیانە وە ئێمەش وەكو كادیرێك و پارتیەك "ئیلتیزام" پێوەی دەكەین و جێبەجێی دەكەین گرنگ ئەوەیە هەموومان هاوكاری یەكتر بین بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكەین ئەوە لەهەمووی گرنگترە ئیتر من بم یا هەركەس كە دێتە جێگام ئامانجەكە خزمەتكردنی خەڵكە، منیش ئەوە نزیكەی شانزە ساڵە لەو پۆستەدام دوو خولی هەڵبژاردن سەرۆك لیست بووم."

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشكرد" لەدوای 2004 وە ئیستقرار و بودجەیەك هەبوو خزمەتكردن و ئاوەدانی هەبوو، بەڵام چوار ساڵی ڕابردوو بەهۆی شەڕی داعش و كێشەكان لەگەڵ بەغداد بێ موچەیی و هاتنی ئاوارەكان ئەم پێنج ساڵەی دوایی زۆر قورس كرد بۆ هەر تاكێكی خەڵكی كوردستان و حكومەت و ئێمەش كە لەپۆستی پارێزگار بوین هەر بە پاڵپشتی و دان بەخۆداگرتنی ئەو خەڵكە بووە توانیومانە ئیدارەی ئەو دۆخە بكەین."

هەروەها لەبارەی بەربەستەكانی بەردەم كاركردنی لەماوەی پۆستی پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی وتی" بێگومان پارێزگار سەرۆكی حكومەتی ناوخۆییەو، من پارێزگاری هەولێری پایتەخت بووم كە هەموو دامودەزگاكانی حكومەت و سەرۆكایەتیەكان و دامودزگاكان و حیزبەكان و كونسڵخانەكان لەوێن بۆیە شتێكی ئاساییە تێكهەڵكێشی دەسەڵاتەكان هەبووە بەڵام ڕەنگە سلێمانی و دهۆك كە دوربوون لەپایتەخت ڕەنگە كەمتر دەستوەردان هەبوبێت سروشتی كارەكەش وابووە بێگومان هەر كار و پڕۆژەیەك بكەی كۆمەڵێك ڕكابەر دێتەپێش بەڵام سوپاس بۆ خوا كاركراوە بۆ لادانیان بەڵام هەموو كارێكیش بایی ئەوەندە بەربەست لەبەردەمی دەبێت، بەڵام شتەكان بەوجۆرە سەخت نەبووە توانیومان لایدەین بەڵام بەربەستەكان زۆربوون چونكە باسی شانزە ساڵ دەكەین كە من لەو پۆستەدا بووم كە زیاتر لە چواردە هەزار و سێ سەد پڕۆژەی گەورە و بچوك و مام ناوەند جێ بەجێ كراوە كە لەسەرەوەی دە ملیار دۆلار دەبێت لەهەولێر كراوە لەو ماوەیدا بەدڵنیایی بەربەست هەبووە." 

سەبارەت بەوەی ئەگەر بڕیاری پارتی نەبوایە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، ئایا خودی نەوزاد هادی بەنیازبوو واز لەپۆستی پارێزگاری هەولێر بهێنیت؟

نەوزاد هادی، لەوەڵامدا دەڵێت:" بێگومان وەزیفە دەرفەتە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكەیت، بێگومان خەڵكانێك هەن هاوشێوەی من "تموحی" ئەوەیان هەیە بێنە وەزیفە تاخزمەتی خەڵك بكەن منیش كاندیدی پارتی بوم لەو پۆستە ئەو حیزبە چ ئەركێكی ترمان پێ بسپێرێت كە خزمەتی ئەو وڵاتەی تێدا بێت بێگومان جێ بەجێ دەبێت."