ساڵح ژاژڵەیی: گۆڕان متمانەی جەماوەری لەدەستداوە

2760 جار خوێندراوەتەوە کات04:37 بەروار10-09-2019
ساڵح ژاژڵەیی: گۆڕان متمانەی جەماوەری لەدەستداوە

راچڵەكین- فەرهەنگ فەرەیدون

جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، خۆی و شەش ئەندامی دیكە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی بزوتنەوەكە كردووەو دەشڵێت "بزوتنەوەی گۆڕان متمانەی جەماوەری لەدەستداوە">

ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە (راچڵەكین)ی راگەیاند: "من و پرۆفیسۆر د. عەلی تاهیر، د. شەریف قادر، د. سابیر ئیسماعیل، حەیدر حەسەن شوان، ئاوات بەهادین محەمەد، عادل كاكەیی، دەست لەكار كێشانەوەی خۆمان پێشكەشی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە".

وتیشی: "ئێمە نیگەران بووین لە هەندێك بڕیاری گۆڕان، بۆنموونە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەوەیدا رۆژی 14ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە لامان وایە جڤات خۆی چوار ساڵە هەڵبژاردنی نەكردووەو شەرعییەتی بریاردانی نییە، بۆیە ناتوانێت خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت، ئێمە پێشنیارمانكرد كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت، پاشان جڤاتی نوێ‌ خانەی راپەڕاندن دیاری بكات، بەڵام بەقسەیان نەكردین".

ساڵح ژاژڵەیی، لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنیش وتی: "بڕواناكەم خانەی راپەڕاندنی نوێ‌ گۆڕانكاری پێبكرێت، بەداخەوە گۆڕان متمانەی جەماوەری لەدەستداوە، بڕواشناكەم بە ئاسانی ئەو متمانەیەی بۆ بگەڕێتەوە".

ژاژڵەیی سەبارەت بە پەیوەندیكردنی بە حزبێكی دیكەوە وتی: "پەیوەندیم نەكردووە بە هیچ حزبێكی دیكەوە، هیچ حزبێكیش داوایان لێنەكردووم پەیوەندیان پێوە بكەم".

لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە 15-9-2017 ، كێشەكانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان قوڵبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و چەندین ئەندام و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەكەش "بەهۆی خراپی ئیدارەدان و لادان لە ڕێبازی نەوشیروان مستەفا" دەستیان لەو بزوتنەوەیە كێشایەوەو هاوكات لەدوایین هەڵبژاردنیشدا رێژەی كورسییەكانی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە 24 كورسییەوە دابەزی بۆ 12 كورسی پەرلەمانی.