شێخ جەعفەر مستەفا: لەگەڵ دروستكردنی ئەنجومەنێك یا بەرەیەكین بۆ حیزبەكان

74 جار خوێندراوەتەوە کات08:43 بەروار11-09-2019
شێخ جەعفەر مستەفا: لەگەڵ دروستكردنی ئەنجومەنێك یا بەرەیەكین بۆ حیزبەكان
راچڵەكین 

لەوتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا،ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لەبۆچونی حیزبەكەی دەكات سەبارەت بە دامەزراندنی ئەنجومەنێك بۆ لایەنە سیاسیەكان، هاوكات ڕای حیزبەكەی لەبارەی ئەو كەسەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنە وەردەگرێت لەداهاتوودا دەخاتەروو.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە" لەڕاستیدا من هیچ زانیارییەكم نیە لەسەر ئەو ئەنجومەنە یا هیچ باسێك كرابێت لەمەكتەبی سیاسی یا سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام هەمووان دەزانین كە ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، هەروەها حكومەت هەیە كە ئەمانە هەمووی بە یاسا ڕێكخراوە، هەریەكە كاری خۆی هەیە و لە بواری خۆیدا كاردەكات، ئەگەر ئەنجومەنێك دروست ببێت كە دەستی حكومەت و پەرلەمان ببەستێت و دەست وەربدارتە كاروباری ئەو سێ دامەزراوەیە(سەرۆكایەتی هەرێم،پەرلەمان هەروەها حكومەت) ئەوا بەڕاستی من پێم باش نییە، چونكە هەریەك لەو سێ دامەزراوەیە كاری خۆیان هەیە و سەربەخۆن لەو كارانەی پێیان دراوە، بەڵام خۆ ئەگەر ئەنجومەنێكیش بێت بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و یەكڕیزی میللەتەكەمان و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی لەدەرەوە لەمیللەتەكەمان دەكرێت یا كۆدەنگیەك بێت بۆ گەیاندنی دەنگی میلەتەكەمان بەهەموو دنیا، من بەو شێوەیە پێم باشە بەمەرجێك دووربێت لە دەستوەردان لەكاروباری حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە پەرلەمان نوێنەری خەڵكە و خەڵك دەنگی پێداون و ئەو حیزبە سیاسیانە خۆشیان دەنگیان پێداون."

شێخ جەعفەر، وتوشیەتی" ئەگەر بۆ كۆدەنگی بێت، چونكە ئێستا ڕەنگە هەر حیزبێك پەیوەندی هەرێمی سەربەخۆی هەبێت ئەگەر بۆ ئەوە بێت كە ئەم حیزبانە یەك دەنگی و یەك ڕەنگی پەیدا بكەن بۆ چارەسەری ئەو كێشە ناوخۆییانەی كە هەیە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان خۆیاندا بێن بەرەیەك یا ئەنجومەنێك دروست بكەن،  دەنگی میللەتەكەمان بەهەموو دنیا بگەیەنن، بەڵام نەك بەشێوەیەكی فەرمی كە بەیاسا ڕێكخرابێت، بەڵام وەك دەنگی میللەت و سەركردایەتی سیاسی ئەم میللەتە من بەم شێوەیە پێم باشە."

سەبارەت بە سەرۆكایەتی كردنی ئەنجومەنەكە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئاشكرایكردووە" كاتێك ئەنجومەنە دروستكرا بۆ سەرۆكایەتی كردنی، ئەو ئەنجومەنە دەكەوێتە سەر ئەوەی چۆن و لەسەر كێ ڕێكدەكەون، واتە دەكەوێتە سەر ڕێككەوتنی لایەنەكان."

هەروەها جەختیكردۆتەوە" من هەموو یەكڕیزییەكی ئەم میللەتەم پێ باشە جا بەهەر ڕێگایەك هەیە، لەژێر سێبەری هەر ناوێكدا هەیە تەنها ئەوە دەڵێم دەستوەردان لەكاروباری حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمان هێڵێكی سور بێت، ئەگەرنا یەكڕیزی لەژێر هەر ناو سێبەرێكدا بێت وە هەركەس بەرپرسی بێت من پێم باشە."

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكردووە" ئەگەر بڕوانینە ڕابردوو كە مام جەلال لەگەڵ مەسعود بارزانی، لەگۆڕەپانەكەدا بوون توانیبویان ڕۆڵێكی باشیان هەبێت لەكۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان، بەڵام ئەمڕۆ مام جەلال، كۆچی دوایی كردووە هەر كاك مەسعود ماوە، كاك مەسعود، دەتوانێت هەستێت بەو كارە."

دەنگی ئەمەریكا پرسیاری لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، كردووە كە داوا لە بارزانی دەكەن ببێتە سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە لە وەڵامدا وتوویەتی" نەگەیشتۆتە ئەوكاتە هەركات گەیشتە ئەوكاتە هەركاتێك بوو ئێمە هیچ كات ڕێگریمان لە مەسعود بارزانی نەكردووە، بارزانی ئەمڕۆ سەركردەیەكی دیاری میللەتەكەمانە سەرۆكی ئەم هەرێمە بووە لەپێشتر لەبەر ئەوە هەركات كاتی هات ئەوكات یەكێتی بۆچونی خۆی دەدات و پێشم وایە هەرشتێك لەبەرژەوەندی میللەتەكەمان بێت بۆ یەكڕیزی یەكێتی پشتگیری بكات، ئێمە پێشتر بۆ مەسعود بارزانی كارمان كردووە و دەنگمان پێداوە ببێتە سەرۆكی هەرێم مام جەلال، بەهەموو توانایەكیەوە لەدەرەوەی یەكێتی-ش كاری كردووە بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی، ببێتە سەرۆكی هەرێم و لەهەموو خولەكاندا و لە درێژكردنەوەی خولەكانیدا بەدەنگی یەكێتی "نیسابەكە" تەواو بووە كەدەنگمان داوە بۆ ئەوەی یا سەرۆكی هەرێم بێت یا دەورەكەی بۆ تازە بكرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئێستاش "كاك مەسعود" بیەویت ئەو ڕۆڵە ببینێت و ببێتە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەموو لایەنە سیاسیەكان كۆبكاتەوە و یەكڕیزی كورد بپارێزیت بێگومان وەك یەكێتی هەمان هەڵوێستی ڕابردومان دەبێت، ئەوا یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەمان هەڵوێستی دەبێت وە وەبووە وەك ڕابردوو بومان ."