هەڵەبجە؛ پارەی دزراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گەڕێندرایەوە

341 جار خوێندراوەتەوە کات09:55 بەروار11-09-2019
هەڵەبجە؛ پارەی دزراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان گەڕێندرایەوە

راچڵەكین-

كەسوكاری ئەو فەرمانبەرەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی شارەزوور كە تۆمەتبارە بە بردنی بڕی 186 ملیۆن دیناری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی سنوورەكە، بڕی پارەكەیان گەڕاندووەتەوە  بۆ حكومەت و داواش دەكەن كێشەكە بە ڕێگەی عەشایەری چارەسەر بكرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە (راچڵەكین)ی راگەیاند"دوێنێ‌ سێشەممە 10-9-2019، كەسوكاری ئەو فەرمانبەرە كە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی بردبوو، پارەكەیان گەڕاندووەتەوەو داویانە بە پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە."

وتیشی:"كەسوكاری ئەو فەرمانبەرە داوا دەكەن ئەو كەیسە بە شێوەی عەشایەری چارەسەر بكرێت."

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە (راچڵەكین)ی راگەیاند" كەسوكارەكەی لە هەوڵی ئەوەدان ئەو كەیسە بە رێگەی عەشایەری چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەو بابەتە دراوە بە دادگا و دواجار یاسا بڕیار دەدات."

 رۆژی 8-9-2019، كوێستان محەمەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دیارنەمانی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و چەند گرفتێكی تری بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانیان، سەردانی هەڵەبجەیان كردووە.

وتیشی" لەچوارچێوەی بەدواداچوونیاندا، بۆ دیارنەمانی 186 ملیۆن دیناری مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان، لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی شارەزوور، فەرمانبەرێكیان رووبەڕووی دادگا كردووەتەوە و بەفەرمانی دادوەرو بەتۆمەتی دیارنەمانی ئەو پارانە دەستگیركراوە."