دهۆك؛ پارێزگارو ژمارەیەك قائیمقام دەگۆڕدرێن

53 جار خوێندراوەتەوە کات10:53 بەروار11-09-2019
دهۆك؛ پارێزگارو ژمارەیەك قائیمقام دەگۆڕدرێن
راچڵەكین-

سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریداوە پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ دهۆك دیاری بكات وژمارەیەك قائیمقام و بەرپرسی سنووری ئەو پارێزگایەش بێبەش نابن لەو گۆڕانكاریە ئیدارییە. 

سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داوە فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆك لە پۆستەكەی دوور بخاتەوە و كەسێكێ‌ دیكە بۆ ئەو پۆستە دابنێت.

بەپێی زانیارییەكانی راچڵەكین پۆستی پارێزگاری نوێی دهۆك لە نێوان سەربەست لەزگین، دكتۆر عەلی تەتەر، ئەندامانی سەركردایەتی پارتی و حەمید عەلی، بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی ئیبراهیم خەلیل. 

ئەو گۆڕانكارییە ئیداریانە لەكاتێكدا دێن، كەماوەیەكە ژمارەیەك كێشەی خزمەتگوزاری لەپارێزگای دهۆك سەریانهەڵداوە وەك كەمیی كارەبا، كێشەی ئاو و نەبوونی خزمەتگوزاری.

جگە لەپۆستی پارێزگار، لە سنووری پارێزگای دهۆك حەوت قایمقام و 22 بەڕێوەبەری ناحیە هەن، بە گشتی نزیكەی 180 پۆستی ئیداری هەن، باس لە گۆڕانكاری لە بەشێكی ئەو پۆستانە دەكرێت بە تایبەت ئەوانەی چەندین ساڵە ئەو پۆستانە بەڕێوەدەبەن.

دەنگۆی گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی پارێزگای دهۆك لەكاتێكدا دێت، بەهەمان شێوە لە پارێزگای هەولێر-یش ژمارەیەك گۆڕانكاری ئیداری ئەنجامدراون هەر لەپۆستی پارێزگارەوە تا ژمارەیەك پۆستی ئیداری تر.