حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێك دەردەكات

430 جار خوێندراوەتەوە کات04:02 بەروار11-09-2019
حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێك دەردەكات

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكومەت، تایبەت بە پرسی بودجە سەردانی بەغدا بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلولی 2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دوای كۆبوونەوەكە، كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە سەرەتادا، مەسرور بارزانی، دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە رۆژی 8 ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لەكۆبوونەوەكەدا بڕیار درا ، هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی كوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ ."

هەروەك بڕیاردرا بە بانگهێشتكردنی لیژنەكانی ( دارایی، نەوت وگاز ، یاسایی ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ هەرێمی كوردستان.

"رۆژی پێنجشەممە 2019/9/12 شاندێكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ."

 لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا ، وەزیری پلاندانان راپۆرتێكی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشكەش كرد كە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت. وەزیری پلاندانان تیشكی خستە سەر لایەنەكانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەكارییەكانی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەكە بەرەچاوكردنی بەرژەوەندی كوردستانییان بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانەوە."

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" كۆبوونەوەكە گفتوگۆی لە بارەی میكانیزمی نوێ بۆ رێكخستنەوەی باج كرد بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی ( الدفاتر التجاریە)ی پەسەند كرد كە میكانیزمی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ رێكخستنەوەی باج."