بەهادین نوری: لەسەر چ بنەمایەك سەرۆكی حزب دەبێ بە مەرجەع بۆ كۆمەڵگە

87 جار خوێندراوەتەوە کات04:18 بەروار11-09-2019
بەهادین نوری: لەسەر چ بنەمایەك سەرۆكی حزب دەبێ بە مەرجەع بۆ كۆمەڵگە

راچڵەكین-

نووسەرو سیاسەتمەدارێكی كورد دەڵێت، بەڵێ دەكرێ سەرۆكی حیزب ببێ بە مەرجەع لەناو حیزبەكەی خۆیدا بۆ كاروباری حیزبی – سیاسی - .. بەڵام لەسەر چ بنەمایەك دەبێ بە مەرجەع بۆ كۆمەڵگە ؟ ئەم شێوازە لەمەرجەعیەت واتای گەڕانەوەیە بەرەو دواوە بەھەزار ساڵ !

بەهادین نوری، لە نووسینێكدا بەناونیشانی، ئایا میللەتی كورد پێویستی بە مەرجەعیەتە؟ ئاماژەی بەوەكردووە:" لەم ماوەیەی دواییدا قسەوباسێ پەیدابوو كە ئەم ھەرێمە پێویستی بە مەرجەعێك ھەیە، واتە پێویستی بەكەسێ ھەیە كە لەسەرووی ھەموو كەسێك و ھەموو ھەیئەت و دەسەڵاتێكەوە بێ و ھەرچی وت دەبێ بێموناقەشە جێبەجێ بكرێ . جاران پاشا ئەو مەرجەعە بوو، دەسەڵاتی ئاینی و دنیایی لەدەستدا بوو، ھەرچی بووتایە وەكو یاسا دەبوو جێبەجێ بكرایە . شیعەكان دەوڵەتیان نەبووە، لەبەر ئەوە وەزعێكی تایبەتیان ھەبوو، پیاوی ئاینی گەورە – ئایەتوڵایەك – دەبووە مەرجەعێكی ئایینی ، حەرام و حەڵالی بە فتوایەك دیاری دەكرد . كەئەوانیش بوون بەخاوەنی دەوڵەت پاشا بوو بەسەرچاوەی ھەموو دەسەڵاتێكی ئایینی و دنیایی . ئێستەش لە ئێراندا ھەروایە . ئایەتوڵلا خامنەئی سەرچاوەی – مەرجەعی – ھەموو دەسەڵاتێكی ئاینی و دنیاییە بە ناوی ( ولایەتی فقیھەوە.) 

"لە عێراقدا، ئەگەر چی شیعەكان زۆرینەی دانیشتوان بوون ، لە ٥٠٠ ساڵی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا والیەكان ھەر لە سونەكان بوون و قەت شیعە نەكراوە بە والی."

بەهادین نوری، دەڵێت:"پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیش ئیستیعماری بەریتانی لەیەكەم رۆژی دەسەڵاتیانەوە ھەر لەسەر ڕێبازی عوسمانیەكان ڕۆیشتن تا ١٩٤٧ كە بۆیەكەم جار سالح جەبر كرا بە سەرەك وەزیری عێراق بەھیوای ڕازیكردنی شیعەكان و بەدەستھێنانی بێدەنگی بەرامبەر سەپاندنی پەیمانی پۆرتسموس . لەبەر ئەوە شیعە نەیانتوانیوە سەرچاوەی حكومڕانی لەخۆیان دانێن، بەڵام ھەمیشە مەرجەعی ئایینی لەخۆیان بووە . ئێستە سەید عەلی سیستانی مەرجەعە." 

"ھێندەی من بەئاگابم ئەم جۆرە مەرجەعیەتەی كەباس دەكرێ لەمێژووی كوردا نەبووە . بۆ ماوەیەكی درێژ، شێخەكانی قادری و نەقشبەندی بوو بوون بە جۆرێ لەمەرجەع بۆ دەروێش و سۆفیەكان . ئەمە پرسێكی ئاینی بوو بەس ، تایبەتیش بوو بەو كەسانەوە كە دەروێش یان سۆفی بوون."

"جگە لەمەش بۆ ماوەیەكی كورت لەساڵی ١٩٧٤ – ١٩٧٥ ، گەلی كوردی باشور مەلامستەفای قبوڵ كرد وەك و سەركردە و مەرجەع و بەتەمای سەركەوتن و سەربەخۆیی بوو . بەڵام مەخابن ئەو ھیوایە بۆ سەركەوتن لەسەر پایەیەكی لمین دانرابوو چونكە جڵەوی ئەسپەكە درابووە دەستی شای ئێران و ئەنجامیش ئەو داڕمانە ترسناكەبوو كە لەئازاری ١٩٧٥ بینیمان . ئەم پڕۆژە خەیاڵیە جارێكیتریش لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ تاقی كرایەوە و ئەنجامەكەشی ئەو كارەساتە گەورەیە بوو كەدیمان . "

"مەرجەعیەت بەم شێوازەی كە ئەمڕۆ لای ئێمە باس دەكرێ بە ھیچ جۆرێ لە كۆمەڵگەی پێشكەوتوودا ، لەگەڵ دیموكراسی و سەردەمی گڵۆباڵدا ، لەگەڵ بیروبۆچوونی عیلمانیدا جێگەی نابێتەوە . ئەو جۆرە مەرجەعە كە لەسەرۆكایەتی لیژنەیەك یان ئەنجومەنی چەند حیزبێكدا خۆی دەبینێتەوە ھیچ پێوەندیەكی بە بزاڤی دیموكراتی ھاوچەرخەوە نیە و تەنھا ھەوڵ و كۆششێكە بۆ پەردەپۆشی مەرجەعیەتە ئایینیەكە ، دەیانەوێ بەكراسێكی تازەوە، بەناوی ئەنجومەنی ئەحزابەوە دیكتاتۆرێكی تازە بسەپێنن . بەڵێ دەكرێ سەرۆكی حیزب ببێ بە مەرجەع لەناو حیزبەكەی خۆیدا بۆ كاروباری حیزبی – سیاسی - .. بەڵام لەسەر چ بنەمایەك دەبێ بە مەرجەع بۆ كۆمەڵگە ؟ ئەم شێوازە لەمەرجەعیەت واتای گەڕانەوەیە بەرەو دواوە بەھەزار ساڵ !"

"بەڵێ چەرخی دیموكراسی و پێشكەوتن و گڵۆباڵیش دەبێ مەرجەعیەتی خۆی ھەبێ بۆ كاروباری گشتی ، ئیداری و سیاسی و ئابووری وڵات . بەڵام ئەم جۆرە مەرجەعیەتە دەبێ خودی كۆمەڵگە بۆ خۆی دروستیبكات لە رێگەی ھەڵبژاردنێكی دیموكراتی ئازادی خاوێنەوە ، وەكو ئەو ھەڵبژاردنانەی لەوڵاتە دیموكراتیەكان دەكرێ ، نەك ئەم ھەڵبژاردنە درۆینە پڕ لە تەزویر و ساختەكارییەی كە لەعێراق و كوردستاندا دەكرێ و پەرلەمانێكی پڕ لەعەیب و ناشایستەی پێ پێكدەھێنرێ . مەرجەعیەتی پتەوی بێ لەكەی ڕاستەقینە بۆ كۆمەڵگە تەنھا لە ڕێگەی دیموكراسیەوە بەدەست دێ . ئەو دیموكراسیە ئەمڕۆ لای ئێمە نیە ، بەڵام بەڕێوەیە بۆ ئایندە ."