وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاشكرا ده‌كات

53 جار خوێندراوەتەوە کات05:30 بەروار11-09-2019
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاشكرا ده‌كات

راچڵه‌كین

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا بڕیاردراوه‌ به‌ ناردرنی لیژنه‌یه‌ك بۆ سه‌ردانیكردنی به‌غدا و ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیان و دروستكردنی لیژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له‌باره‌ی‌ سه‌رژمێری گشتی عیراقه‌وه‌.

جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی به‌غدا، داوامان كرد و پێشنیاركرا، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و ئه‌و لیژنه‌ په‌رله‌مانیانه‌ی كه‌ ئه‌ندامی‌ كوردی تێدایه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك كۆبونه‌وه‌ی ده‌وری‌ به‌رده‌وامیان هه‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری‌ ئه‌نجامدانی‌ سه‌رژمێری گشتی له‌ ساڵی 2020، وته‌بێژی حكومتی هه‌رێم رایگه‌یاند، "له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، بڕیاردرا به‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی بۆ پێداچونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و سه‌رژمێریه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانيةكانى دةرةوةى هةريَمي كوردستان و هه‌ڵوێستی فةرمى حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ سه‌رژمێری نه‌كرێت تاوه‌كو جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140".

وتیشی "لیژنه‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیری‌ پلانداناوه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ره‌یه‌ك له‌ خالید شوانی‌، وه‌زیری‌ هه‌رێم و وه‌زیری‌ گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكی تر ئه‌ندامی‌ لیژنه‌كه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ پێدوایستیه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بۆ ساڵی خوێندنی 2019 - 2020، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتی "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارییدا به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پێدوایستیانه‌ی كه‌ زۆر گرنگن بۆ ئه‌مساڵی خوێندن، به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ راپۆرتی وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌دا هاتبوو".

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا، حوتیار عادل وتی "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاریكردووه‌ بۆ دابه‌شكردنی نه‌وت سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا و بڕیاردراوه‌ 259 ملیۆن لیتر نه‌وت به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شبكرێت و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كرێت".

سه‌باره‌ت به‌ پێشنیاری رێككه‌وتنی راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و راده‌ستكردنی سه‌دا 17ی‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی 17% بودجه‌ی عیراق، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند "چه‌ند پێشنارێك هه‌یه‌ بۆ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌دا، پێویسته‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان بكرێت و ئه‌و رێژه‌یه‌ش پاڵپشت بێت به‌ ژماره‌ی دانیشتوانی‌ هه‌رێمی كوردستان".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش رایگه‌یاند، هه‌ر كارێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بێت، ئه‌وا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ درێغی ناكات.

له‌باره‌ی‌ بناردنی وه‌فدێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ناردنی وه‌فد و گفتوگۆكان به‌سێ قۆناغ ده‌بێت، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ئاماده‌كاریی بۆ بوجه‌ی 2020 ده‌كرێت و لیژنه‌یه‌ك ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها وه‌ك قۆناغی دووه‌م ژوورێكی تایبه‌ت به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا دروستكراوه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كانی‌ به‌غدا، له‌ قۆناغی سێیه‌مدا ئه‌گه‌ر پێویست بێت جموجوڵێكی سیاسی بكرێت له‌گه‌ڵ كوتڵه‌ سیاسیه‌كان، ئه‌وا ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ ئه‌و جوڵه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هاتنی سه‌دان خێزان بۆ شاری‌ كه‌ركوك دوای‌ روداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئه‌كتۆبه‌ر و گواستنه‌وه‌ی فۆڕِمی خۆراكیان بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ و مه‌ترسیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ سه‌رژمێری، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتی "سه‌رژمێری‌ بابه‌تێكی گرنگه‌، ئێمه‌ ئاگادارییان كه‌ دۆخی ناوچه‌ی كوردستانیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر گۆڕانكاریی به‌سه‌رداهاتووه‌ و ئه‌مه‌ش لای‌ حكومه‌تی هه‌رێمی ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ مادده‌ی 140 پێشتر جێبه‌جێ بكرێت و كاری‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی دروستكراوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ دروستكراوه‌

سه‌باره‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستێك له‌ نێوان به‌ڕێوه‌به‌رێك و كۆمپانیایه‌ك بۆ هێنانی‌ نه‌وت له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ جوتیار عادل وتی، به‌دواداچون بۆ ئه‌و گرێبه‌سته‌ كراوه‌ و ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌پێی یاسا رێكخراوه‌ و هه‌روها گرێبه‌ست به‌ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای‌ تریش كراوه‌ و به‌دواداچونی بۆ كراوه‌ و رونكردنه‌وه‌ش دراوه‌ به‌و لایه‌نانه‌ی داوایان كردووه‌.