حه‌شدی شه‌عبی ته‌قه‌ له‌ دوو به‌رپرسی پارتی ده‌كات

2172 جار خوێندراوەتەوە کات09:02 بەروار11-09-2019
حه‌شدی شه‌عبی ته‌قه‌ له‌ دوو به‌رپرسی پارتی ده‌كات

راچڵه‌كین

جێگری پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا و په‌رله‌مانتارێكی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق كه‌ هه‌ردوو كیان سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی‌ كوردستانن، له‌لایه‌ن هێزێكی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێده‌كرێت.

به‌گوێره‌ی‌ كه‌ناڵی (كوردستان 24) ئێوارەی‌ ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی هەر یەك لە سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا و شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق لە بازگه‌یەکی مووسڵ لە لایەن لیوای 30 حەشدی شەعبی کە وەعد قەدۆ سەرپەرشتی دەکات و لە ماوەی رابردوو دا لە لایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا و هێزێکی سوپای عێراق، رێگریان لێدەکرێت و سووکایەتیان پێدەکرێ.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا رایگه‌یاندووه‌، لەکاتی گەڕانەوەیان لە دەوامی رۆژانە بە چەندین بازگە بێ کێشە تێپەڕ دەبن، بەڵام لە بازگەی پێش کۆتایی چەکدارانی حەشدی شەعبی سەر بە وەعد قەدۆ و سوپای عێراق رێگریان لە دوایین ئۆتۆمبێلی ئەوان کرد و ویستیان چەند پاسەوانێکیان دەستگیر بکەن، بۆ ئەمەش تەقە لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان کرا.

ئاماژەی به‌وه‌ کرد بە هۆی هاووڵاتی سڤیل لە بازگەکە فەرمانی بە پاسەوانەکانی کرد کە تەقە نەکەن، بەڵام حەشدی شەعبی بەردەوام بوو لە تەقەکردن و دوای بەهاناوەهاتنی پێشمەرگە دەربازیان دەبێت، بەڵام چوار پێشمەرگە کە پاسەوانی ئەوان بوون دەستگیر دەکرێن و رووبەرووی ئەشکەنجە و سووکایەتی دەبن، دوای هەوڵدانێكی‌ زۆر و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن ئازاد دەکرێن.

جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت: "حەشدی شەعبی لە نەینەوا دەسەڵاتدارە و تەنانەت گوێ بەفەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش نادات، گەر نا چۆن دەکرێ رێگری لە جێگری پارێزگاری نەینەوا بکەی و سووکایەتی پێ بکەی، هۆکاری ئەو رێگرییەش دەگێه‌ڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە وەکو پارتی دیموكراتی‌ كوردستان، کاری باشیان لە نەینەوا کردووە و خەڵك پێشوازی گەرم لە ئەوان دەکات و حەشد رەتدەکاتەوە، بۆیه‌ دەیانەوێ رێگری لە کارەکانیان بکرێت.

لیوای 30 سەر بە حەشدی شەعبی کە وەعد قەدۆ فەرماندەییان دەکات، لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ئەمه‌ریکا سزای بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، هەروەها تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و رێگریکردن لە گەرانەوەی ئاوارەکان.