كۆمیدیای بەرێوبەری رۆشنبیری سلێمانی

529 جار خوێندراوەتەوە کات09:13 بەروار11-09-2019
كۆمیدیای بەرێوبەری رۆشنبیری سلێمانی

نه‌به‌ز گۆران

بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگ و كلتووری ئەم شارە،(20) ملیار دینار خەرجكراوە، بەرێوبەری رۆشنبیری ئەم شارەش، بە پێی خشتەیەك شێوازی خەرجكردنەكەی بڵاو كردوەتەوە. من بۆیە قسە لەم بابەتە دەكەم، چونكە پەیوەندی بە فەرهەنگ و كلتوورەوە هەیە، كە رووبەری ئیشكردنی منە. لەهەمانكاتدا لەبەر ئەوەی ئەو بەرێوبەرە ئاستی رۆشنبیری زۆر میللییە، پێویست ناكات بە زمانێكی رژدی رۆشنبیری لەسەری بنووسین، چونكە تێناگات. لەبری ئەوە زمانێكی میللی تەنزئامێز قەرزدەكەین، بۆئەوەی تەنزئامێزانە لەبارەی شێوازی خەرجككردنەكەوە هەندێ ختوكەی بدەین و تێش بگات لێمان.
بەپێی خشتەی بڵاوكراوە...
یەكەم: خەرجی بەرێز بەرێوبەر بۆ كارو چالاكی، بۆ ماوەی چوار ساڵ(1)ملیار و (612) ملیۆن! دەبێت ئەم بەرێوبەرە چ كارو چالاكییەكی كردبێت ئەم هەموو پارەیەی بۆ خەرجكراوە. یانی هەموو شەوێكیش _گەعدە_یەكی كردبێت و مەجلیسێكی گەورەشی هەبووبێت و، خوانێكی رازاوەی بۆ تەرخانكردبێت هێشتا ناتوانرێت ئەم بڕە پارەیە خەرجبكات. پێدەچێت یەكێك بێت لە رۆشنبیرە زۆر گەورەكانی ئەم دونیایە و هەر رۆژی لە وڵاتێكی جیاوازدا جوڵە و چالاكی رۆشنبیری كردبێت بۆناسینی فەرهەنگەكەمان. بەڵام هەرچەند سەیری ئاستە میللیەكەی دەكەیت و سەیری ئەم بڕە پارەیە دەكەیت، پێویستی بە لیژنەی دەستپاكییە، تا دەستبخاتە قوڕگی.
دووهەم: بەهەمان شێوە دیسان خەرجی بەرێزیان بۆ كاروچالاكی (4) ساڵ. بریتییە لە (1) ملیار (454) میلۆن. لە پاڵ ئەوەدا دیسان بڕی(64) ملیۆن بۆ كارو چالاكییەكانی! من هاوڕێكم هەیە مەزرەعەی مانگای هەیە. دەڵێت: (750) مانگام هەیە، ساڵانە بڕی (120) ملیۆن دینار خەرجی كاو جۆیانە. واتە لە چوار ساڵدا(480) ملیۆن خەرجیان هەیە، بەرامبەر ئەوە دووقات شیرم دەدەنێ. وەسەلام.
سێهەم: چاككردن و پیداویستی هۆڵی ڕاپەرین(زانكۆی سلێمانی) تەلاری هونە. بڕی (194) ملیۆن. زۆرباشە با بپرسین تۆ بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری چ پەیوەندییەكت بەزانكۆوە هەیە؟ زانكۆ خۆی وەزارەتی هەیە، بودجەی تایبەتی خۆی هەیە، تۆ خێربەئاوی حەمامەوە دەكەیت؟ تۆ چكارەیت لەخۆتەوە پارەی كلتوور و فەرهەنگ بۆ شوێنی دیكە خەرج دەكەیت؟ لەوە دەگەڕێین، بابچینە سەر تەلاری هونەر، وەرنە خوارەوە بۆ خاڵێكی تر.
چوارەم: دیسان تەلاری هونەر، لەبڕگەی دووهەمدا. بڕی(379) ملیۆن دیناری بۆ خەرجكراوە بۆ ئەم بابەتە. دیسان تەلاری هونەر، وەرنە خاڵی پێنج.
پێنجەم: نۆژەنكردنەوەی تەلاری هونەر، بڕی(175) ملیۆنی بۆ خەرجكراوە. بەرێزان ئەبێت ئەم تەلاری هونەرە چ وێرانەیەك بێت، لە سێ‌ شوێنی جیاوازدا ئەم بڕە پارە زۆرانەی بۆ خەرجكراوە؟ لەراستیدا بەو بڕە پارانە تەلارێك باشتر لەوەی هونەری پێدروستناكرێت؟ ئاخر ئەو بڕەپارە زۆرە كاتێك دەكەوێتە دەست نەخوێندەوارێكی گەورەی گەلەكەمان، بەم شێوە خەرجدەكرێت وخۆی لێبووە بە نۆژەنكارێكی گەورەی ئەمشارە. بێئاگا لە كلتوور و فەرهەنگ، بێئاگا لە دەستكاریكردنی هونەر و رۆشنبیری، بۆخۆی لەناو دونیایەكی میللیدا سەرقاڵی بەخەساركردنی پارەی فەرهەنگ و كلتووربووە بەناوی رۆشنبیرییەوە.
شەشەم: من زۆر لەسەر خاڵەكان نادوێم. بەڵام دوای ئەوەی ئێوە شێوازی خەرجكردنەكە لە خشتەكەدا دەبینن. بۆخۆتان بڕیاربدەن بزانن ئەم نەخوێندەوارە گەورەیەی گەلەكەمان چۆن ئەم پارانەی خەرجكردوە و چ شوێنێكی گرتووە لەناو پەرەپێدانی رۆشنبیریدا؟ هیچ گومانم نییە ئەمە شایەنی ئەوەیە، داواكاری گشتی بەزوترین كات بڕیاری دەستگیركردنی بدات، پاشان بنكەی پۆلیسی بەڕێزیش بە پیكاب بچن بەشوێنیدا و نەهێڵن لە پێشەوە دانیشێت و لە پشتەوەی پیكاب بیگوازنەوە بۆ زیندان، بۆئەوەی تێبگات ئەو ژمارە گەورەی پارە بۆ رۆشنبیری و كلتوور، بەم جۆرە خەرج ناكرێت. لەوەش كۆمیدیی تر، بڕی (870) ملیۆنی بۆ چاككردنەوەی كەموكورتی كتێبخانەی گشتی خەرجكردووە. ئەم ژمارەیە زەختم بەرز ئەكاتەوە، چونكە لەم شارە دوو ناوەندی گەورە و دوو كتێبخانەی گەورە هەن، بەناوی (ئەندێشە و غەزەلنووس) بەو بڕەپارەیە دەتوانی هەردوو كتێبخانەكە بەرەفەكانیانەوە بكڕیت. بڕی(4)ملیاری بۆ نۆژەنكردنەوەی كارگەی جگەرە خەرجكردوە، ئەم پارەیە شارێكی بچوكی پێدروستدەكرێت، خۆتان بچن سەیری ئەو كارگەیە بكەن، بزانن نۆژەنكردنەوەكەی چۆنە و ئەم بڕە پارە زەبەلاحە لە چیدا خەرجكراوە؟ باسی ئەوە ناكەین پارەی بۆ نۆژەنكردنەوەی گەلەری خەرجكردووە و ژێر زەمینی ماڵەكەی خۆی كردوە بەگەلەری!(بۆ گەعدەی شەوانە) شارێك مەخلوقێكی لەم جۆرە ببێتە نوێنەری سیما رۆشنبیرییەكەی، بێگومان (20)ملیار دینار بەم جۆرە خەرجدەكرێت. بێدەنگ بوونی ئەهلی كلتوور و رۆشنبیری و هونەر، لەم مەخلوقە بێدەنگ بوونە لەو شێوازە خەرجكردنەی، كە تەنها بێحورمەتییە بە كلتوور و فەرهەنگ. مەعقول نییە بابایەكی میللی بێت بەناوی رۆشنبیرییەوە بەم جۆرە مامەڵە بە پارەی فەرهەنگ و كلتوور بكات.

تێبینی: گەر یەك پەرچەكرداری ناجۆر بنوێنێت، كۆمەڵێك شتی دیكە هەیە دەوترێن.