دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێت

57 جار خوێندراوەتەوە کات09:44 بەروار12-09-2019
دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێت

راچڵەكین-

دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێت، سەرۆكی جڤاتەكەش راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان.

یاسین حەمە عەلی، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە(راچڵەكین)ی راگەیاند:"ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-9-2019،دەستەی نوێی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكرێت، سەرۆكی جڤاتەكەش راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان."

وتیشی:" ئەمڕۆش كۆتایی دێت بە وادەی خۆكاندید كردن بۆ خانەی راپەڕاندن و پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان."

جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بڕیاریداوە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019، هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ئەنجامبدرێت كە پێكدێن لە (رێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی، سكرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری ژوورەكان، سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك) كە ئەمانیش لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵدەبژێردرێن و سكرتێری جڤاتی گشتیش لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت و راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.

بەپێی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندن بۆ دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن، هەرئەندامێكیش بۆ سێ‌ خول دەتوانێت بۆ هەمان پۆست خۆی‌ هەڵبژێرێت.

هاوكات، بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری داوە لە سەرەتای مانگی ١١دا كۆنفرانسی نیشتمانیی خۆی ببەستێت.