سلێمانی؛ دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ بەڕێوەدەچێت

141 جار خوێندراوەتەوە کات10:16 بەروار12-09-2019
سلێمانی؛ دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ بەڕێوەدەچێت

راچڵەكین-

بۆ جاری دووەم، لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، پرۆسەی دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئەیلولی 2019 ، تۆمەتبارانی دۆسێی كوشتنی تاریقی بەقاڵ، بۆ جاری دووەم دەبرێنە دادگای سلێمانی بەمەبەستی دادگاییكردنیان. 

بەگوێرەی زانیارییەكانی راچڵەكین، كەسوكاری تاریقی بەقاڵ ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا دەبن.

ڕۆژی 27 ی مانگی ڕابردوو, یەكەم دانیشتنی دادگا بۆ دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ دەستیپێكرد و دایك و خاڵی تاریقی بەقاڵ وتەیان لێ وەرگیرا, بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەوە دانیشتنەكە دواخرا.

رۆژی 18ی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردووتاریقی بەقاڵ لەدوای ئەوەی دەڕابەی دوكانەكەی دادەداتەوەو بەرەو ماڵەوە بەڕێدەكەوێت، بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە بێسەروشوێن بوو، لە دوای چەند مانگێك، ئاسایشی سلێمانی تەرمەكەی لەنێوان گەڕەكی ڕاپەڕین و قولەرەیسیدا لە شاری سلێمانی دۆزییەوە و دەستگیركردنی بكوژەكانی راگەیاند.

٧-٤-٢٠١٩ باندێكی سێ كەسی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران كە چەندین "تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجامدابوو" دانیشیان بەوەدانا هەریەك لە تارقی بەقاڵ و مەریوانی دارا رەزایان كوشتووە.