شاندی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كۆدەبنەوە

37 جار خوێندراوەتەوە کات10:47 بەروار12-09-2019
شاندی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كۆدەبنەوە

راچڵەكین-

شاندێكی حكومەتی هەرێم ، سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكات و لەگەڵ هەردوو لیژنەی دارایی و سامانە سرووشتییەكان كۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئەیلولی 2019 شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتوون لە( ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم) سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد، وابڕیارە لەگەڵ لیژنەكانی دارایی و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆبوونەوەكە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویستە لە بارەی گفتوگۆی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و وەك ئامادەكارییەك بۆ سەردانەكەی ھەفتەی داھاتووی شاندی حكوومەت بۆ بەغدا.

پێشتر جوتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی كوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵەوە."

وتیشی:" هەرێمی كوردستان بە گوێرەی دەستوور نیازی رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر سەرجەم كێشەكان هەیە."