فرسەت سۆفی بووە پارێزگاری نوێی هەولێر

58 جار خوێندراوەتەوە کات11:11 بەروار12-09-2019
فرسەت سۆفی بووە پارێزگاری نوێی هەولێر

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەدەنگی (27 ) ئەندامی ئەنجوومەنەكە، فرسەت سۆفی، وەك پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژارد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئەیلولی 2019 ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی 41 هەمین پارێزگاری هەولێر كۆبوەوە.

لەو دانیشتنەدا، فرسەت سۆفی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەو پۆستە، بەدەنگی 27 ئەندام لە كۆی 28 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، وەك پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا.

بڕیارە كۆنووسی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە نووسراوێك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و لەوێوە بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ھەرێم دواتر  ( فرسەت سۆفی ) ، لەبەردەم سەرۆكی ھەرێم سوێندی یاسایی دەخوات و فەرمانی ھەرێمایەتی بۆ دەردەچێت و دەبێت و دەستبەكار دەبێت

رۆژی 10ی ئەم مانگە، نەوزاد هادی، دوای 15 ساڵ وەك دەستبەكاربوونی لەپۆستی پارێزگاری هەولێر، دەستی لەپۆستەكەی كشاندەوە.

فرسەت سۆفی، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر:

ساڵی 1978 لەدایكبووە
دكتۆرای لە یاسای گشتی هەیە 
مامۆستای زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر بووە
ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بووە
ئەندامی دەستەی راوێژكاریی یاسایی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بووە
ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بووە
ئەندامی لیژنەی باڵای چاكسازی بووە 
سەرۆكی لیژنەی كاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بووە