نوێترین ئاماری پێشمەرگە شەهیدو بریندارەكانی شەڕی دژ بەداعش بڵاوكرایەوە

132 جار خوێندراوەتەوە کات03:03 بەروار12-09-2019
نوێترین ئاماری پێشمەرگە شەهیدو بریندارەكانی شەڕی دژ بەداعش بڵاوكرایەوە

راچڵەكین-

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، لەشەڕی دژ بە داعشدا 14 هەزار پێشمەرگە شەهید و برینداربوون.

رۆژانی 10-11/9/2019 خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەمئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە جنێڤ بەسترا، تیایدا بە بەشداری  شاندێكی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆكانی راپۆرتی سەرەتایی عێراق تایبەت بە رێكەوتننامەی مافی كەمئەندامان، ئەنجامدرا. وەك نووسینگەی راگەیاندنی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان لەوتەیەكدا رایگەیاند، دوای هێرشەكانی داعش نزیكەی 2 هەزار پێشمەرگە شەهید بوون و 12 هەزار پێشمەرگەی تر برینداربوون، كە 293 یان ئەندامێكی لەشیان لە دەستدا كە هەندێكیان تووشی كەم ئەندامی تەواو بوون بەم شێوەیە:
- 235 پێشمەرگە دەست یان قاچێكیان لە دەستدا.
- 20 پێشمەرگە توانای بینینیان لە دەستدا.
- 38 پێشمەرگە تووشی ئیفلیجی تەواو بوون و عارەبانە بەكاردەهێنن بۆ هاتوچۆ.