خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دوو ساڵی دیكە بەبێ‌ ژن بەڕێدەكات

88 جار خوێندراوەتەوە کات04:59 بەروار14-09-2019
خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دوو ساڵی دیكە بەبێ‌ ژن بەڕێدەكات
راچڵەكین

دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنی نوێی بزوتنەوەی  گۆڕان، دووبارە رەخنەی ئەوە لەو حزبە گیرا كە هیچ ژنێكی تێدا نییە، هەڵسوڕاوێكی ژنی بزوتنەوەكەش دەڵێت"گۆڕان هەوڵیداوە ژن باڵادەست بێت".

ئەمڕۆ 14-9-2019، بۆ دووەم جار هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدرا، پاش بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكان رەخنەی ئەوە لەو حزبە گیرایەوە، هیچ ژنێك لەناو خانەی راپەڕاندن بوونی نییە.

ساوێن بەهادین، یەكێكە لە ژنە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو پێی وایە بزوتنەوەكەی دەرفەتی بۆ ژنان رەخساندووە و بە (راچڵەكین)ی راگەیاند"دیاری كردنی ژنان بۆ پۆستەكان كەوتۆتەوە سەر خودی ژنان خۆیان، ژنان تا چەند خۆیان بەشیاوی ئەو پۆستانە دەزانن و خۆیانی بۆ كاندید دەكەن، چونكە بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە هەوڵی بۆ ئەوە داوە ژن باڵادەست بێت".

ئاماژەی بەوەكرد" لە كوردستان ژن كەمتر بەشداری سیاسەت دەكات، لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش وەك هەموو حزبەكانی دیكە، بە رێژەیەكی كەم ژنان بەشدارن تێیدا".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی خانەی راپەڕاند ساوێن بەهادین، وتی"دیاری كردنی خانەی راپەڕاندن بە هەڵبژاردن بووە، دەنگدەر ئازاد بووە لەوەی كێ هەڵدەبژێرێت، ئەوەش پەیوەندی بە توانای ئەو كەسەوە هەیە كە هەڵدەبژێردێت، پەیوەندی بەوەوە نییە ژنە یان پیاوە، ئەو ئافرەتانەشی دەرنەچوون،چانسی ئەوەیان هەیە پۆستی دیكە وەربگرن".

مونیرە عوسمان، رۆژی 2ی ئەم مانگە،  فۆڕمی خۆكاندید كردنی بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری خەڵك لەناو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پڕكردەوە و ركابەری سێ‌ پیاوی دەكرد، لەكۆتایدا برزو مەجید بە بەدەستهێنانی 22 دەنگ توانی ببێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە.

لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە یاسین حەمە عەلی، ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە(راچڵەكین)ی راگەیاند" پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سێ‌ نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق چاودێری دەكرا، جگە لەوەش دادوەرێك كە ئەندامی دادگای تێهەڵچوونەوەیە، سەرپەرشتیاری گشتی هەڵبژاردنەكەی دەكرد".

سەبارەت بە نەبوونی ژنان لەناو خانەی راپەڕاندن وتی"ئێمە دەرگای خۆپاڵاوتنمان كردبووەوە،  هیچ رێگرییەكمان نەبووە لە بەردەم خۆكاندید كردنی ژنان، دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن، نە كاندیدەكان و نە دەنگدەرانیش سكاڵایان نەبوو لەسەر پڕۆسەكە".

خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێكدێت لە پۆستەكانی (رێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی، سكرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری ژورەكان، سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری كاروباری خەڵك) لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن و سكرتێری جڤاتی گشتییش لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێت و راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.

خانەی راپەڕاندنی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان پێكدێن لە:

عومەر سەید عەلی – رێكخەری گشتی
عەدنان عوسمان – سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی
جەلال جەوهەر - سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
دەرباز محەمەد - سكرتێری كاروباری ژورەكان
شەماڵ عەبدولوەفا - سكرتێری كاروباری باژێرەكان
برزۆ مەجید - سكرتێری كاروباری خەڵك
جەمال حاجی محەمەد - سەرۆكی جڤاتی گشتی