شاندێكی باڵای عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

66 جار خوێندراوەتەوە کات12:11 بەروار17-09-2019
شاندێكی باڵای عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات
راچڵەكین-

شاندێكی باڵای عێراق بە سەرۆكایەتیی " د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح"سەردانی هەرێمی ‏كوردستان دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆدەبنەوە.

بڕیارە شاندەكە كاتكۆ 16:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 17-9-2019 لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بگەنە هەرێمی كوردستان. 
 
سەردانی شاندەكە بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح، ‏سەرۆككوماری عێراق و ئەندامێتی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و چەند ‏بەرپرسێكی دیكە دەبێت.

فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە بەغدا بە(راچڵەكین)ی راگەیاند"ئەمڕۆ سێشەممە 17-9-2019، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمارو شاندێكی باڵای عیراق سەردانی هەولێر دەكەن."

وتیشی"سەرۆككۆماری عیراق بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ لە هەولێر دەمێنێتەوە و هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێنێت."

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا ئاشكرایكرد"رۆژی پێنجشەممە 19-9-2019، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەردانی هەولێر دەكات."

بەگوێرەی زانیارییەكانی راچڵەكین، ئامانجی سەردانی شاندەكە،گفتوگۆكردنە لەبارەی چارەسەركردنی كێشە ‏هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەت نەوت و بودجە و ناوچە ‏كێشەلەسەرەكان.‏
 
بڕیاربوو، ئەم هەفتەیە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسێی كێشەلەسەرەكانی نێوان هەردوولا، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، ئەو سەردانە بۆ ماوەیەك دواخراوە.